ئەمڕۆ ئێران لەلایەك و توركیاش لەلایەكی تر، سووربوونیان لەسەر بەردەوامی هێرشەكانیان بۆ سەر خاكی عێراق و هەرێمی كوردستان دووپات كردەوە، ئێران دەڵێت هەرچیمان كردووە بە زانیاری عێراقە و مافی خۆمانە، توركیایش ئاماژە دەكات كە رێز لە سەروەری عێراق دەگرن، بەڵام لە شەڕی پەكەكە بەردەوام دەبن، سیاسەتوانێكی عێراق هۆكاری بێدەنگی عێراق ئاشكرا دەكات.
سەروەری عێراق لەناو تەلاری حكوومەتەوە دەست پێ دەكات نەوەك لە دەرەوەی
لە سەرەتای ئەمساڵەوە عێراق بووەتە گۆڕەپانی چەندان رووداو و تەنگژەی گەورە، كۆمەڵگایەكی دابەشبوو و پەرتەوازە، بەشێكیان لەسەر شەقام ناڕازین و حكوومەت و پەرلەمان و سەرۆكایەتی كۆماریش هەریەكەیان دوور لە یەكتر كار دەكەن، هێزە سیاسییەكان و حكوومەت و خەڵك بوونەتە سێ دراوسێی یەكتر و متمانەیان بەیەكتر نەماوە، بەگشتی لە عێراق شتێك نەماوە بەناوی دەوڵەتی بەهێز و سەروەری نیشتمانی.
ئینتفاز قەنبەر، سەرۆكی دەزگەی موستەقبەل لە واشنتن بۆ "وشە" دەڵێت، كێشەی پێشێلكاری و دەستوەردانەكانی ئێران و توركیا لە هەرێمی كوردستان بە پاساوی راوەدوونانی پەكەكە، پێشێلكارییەكی گەورەی سەروەریی عێراق، ئەو بابەتە تەنیا پێوەست نییە بەوەی پێشێلكاری كراوەتە سەر خاكی عێراق، بەڵكو بابەتەكە پێوەستە بە دۆخی عێراق بەگشتی، حكوومەتەكانی دواییەكی عێراق لە 2003ەوە، بریتین لە حكوومەت لاواز و لەرزۆك و دابەشبوو و بە ململانێ لەنێوان خۆیاندا.
زیاتر گوتی، زیاتر لەوە ئەو حكوومەتانە لە ئەنجامی دەستوەردانی دەرەكییەوە هاتوون، بۆ نموونە سەرۆكی پەرلەمان لەلایەن وڵاتێكەوە پاڵپشتی دەكرێت و سەرۆك كۆمار لەلایەن وڵاتێكی تر و سەرۆك وەزیران بۆ نموونە ئێران پاڵپشتی لێ دەكات، بۆیە بوونی دەرەكی تەنیا لە هەرێمی كوردستان نییە، بەڵكو لە بەغدایشە لەناو جەرگەی دەسەڵاتی عێراق، بۆیە هیچ حكوومەت و دەسەڵاتێكی عێراقی ناتوانێت رووبەڕووی دەستوەردانەكانی دەرەكی ببێتەوە، ئەوە سەرەڕای ئەو هاش و هووشەی لە راگەیاندنەكان دەیبیستین.
قەنبەر روونی كردەوە، حكوومەت ناتوانێت هیچ بكات، چونكە هێزە سیاسییەكان لەنێوان خۆیان بەسەر وڵاتانی ناوچەكەوە دابەش بوونە، ئەوان مولكی وڵاتانی ناوچەكەن، وەك ئەوەی ئێران كۆنترۆڵ و خاوەنداریەتی تەواوی حزبە شیعییە ئاینییەكان دەكات، تەنانەت چەند حزبێكی تری جگە لە شیعە، بۆیە كاتێك حكوومەت مامەڵە لەگەڵ توركیا دەكات، بەشێكی حكوومەت نەیارن بۆی، چونكە سەر بە ئێرانن، بەشێكیان چاو لە هەڵسوكەوتەكانی توركیا دەپۆشن، چونكە سوود لە پاڵپشتییەكانی توركیا دەبینن لە مانەوەیان لە دەسەڵات، بۆیە دەبینین هەڵوێستی دەرەكی حكوومەتی عێراق یەك نییە وەك بڵێی هەڵوێستی چەند حكوومەتێكە.
"هەوڵێستی راگەندراوی عێراق ئەوەیە ئەمەریكا هاوپەیمانی عێراقە، بەڵام ئەو هەڵوێستە لە وەزارەتێك بۆ یەكێكی تر و لە وەزیرێك بۆ یەكێكی تر و تەنانەت لەناو وەزارەتی دەرەوەی جیاوازە، كاتێك بریكاری وەزیر هەڵوێستێكی جیاوازی لە وەزیرەكە هەیە، بۆیە نەبوونی ناوەندی لە بڕیاردانی حكوومەت و نەبوونی بڕیارێك كە بەرجەستەی سەروەری عێراق بكات، دوور لە بەرژەوەندی و بۆچوونی كەسی، تا ئەوكاتە هەڵوێستێكی بەهێز و یەكگرتووی عێراق نابینین و ئەوەیشی دەگوترێت بەتاڵە و هیچ بەهایەكی نییە"، قەنبەر وای گوت.
ئەو سیاسەتوانە پێی وایە كۆتاهێنان بە دەستوەردانی توركیا و ئێران بەوە دەبێت دەوڵەتێكی عێراقی خاوەن سەروەری لەناو تەلارەكانی حكوومەت هەبێت، بەر لەوەی لە دەرەوەی ئەو تەلارانە سەروەری هەبێت، هەروەها چارەسەركردنی كێشەكانی عێراق لەگەڵ ئەو وڵاتانە، بۆ نموونە لەگەڵ توركیا رێككەوتن لەسەر دابەشكردنی ئاو و رێككەوتنی تەناهی بۆ نەهێشتنی پاساوەكانی ئەو وڵاتە، ئەوەیش لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش و پاراستنی سەروەری یەكتر دەبێت، بەهەمان شت لەگەڵ ئێران و كوێت، ئەوەیە كێشەمان لە عێراق، بۆیە سەروەری بەشبەش نابێت، یان خاوەنی یان نا.
ئەمڕۆ عەباس مووسەوی، گوتەبێژ بەناوی وەزارەتی دەرەوەی ئێران سەبارەت بە بۆردمانەكانی دوایی بۆ ناوچە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان گوتی، سەبارەت بەو بابەتە ئێران لە پێوەندیدایە لەگەڵ بەرپرسانی عێراق و ئەوان ئاگەداری چالاكییەكانی ئێرانن بەرانبەر بە گرووپە تیرۆریستییەكان لەو ناوچەیە.
زیاتر گوتی، هاوكاتبوونی بۆردمانەكانی ئێران و توركیا رەنگە سودفە بووبێت، بەڵام هەموو وڵاتانی ناوچەكە بە توندی رووبەڕووی تیرۆریستان دەبنەوە.
18ی ئەم مانگە وەزارەتی دەرەوەی عێراق بانگهێشتنی ئیرەج مەسجدی، باڵوێزی ئێرانی لە عێراق كرد و یاداشتێكی ناڕەزایی سەبارەت بە بۆردمانەكانی 16ی حوزەیرانی ئێران بۆ ناوچە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان رادەست كرد.
ئەمڕۆ دووشەم خلووسی ئاكار، وەزیری بەرگری توركیا دووپاتی كردەوە كە توركیا رێز لە سەروەری عێراق دەگرێت، بەڵام لە هێرشەكانی لەدژی پارتی كرێكارانی كوردستان بەردەوام دەبێت، باسی دەستكەوتەكانی ئۆپراسیۆنەكانی لەناو خاكی هەرێم كرد، بەوەی ژمارەیەك ئەندامی پەكەكەیان كوشتووە و دەستیان بەسەر بڕێك چەك گرتووە.
لەوكاتەی لە 10ی ئەم مانگەوە توركیا دەستی بە بۆردمانكردنی ناوچە سنووریەكانی هەرێمی كوردستان كرد و ئۆپراسیۆنێكی سەربازی لە 17ی ئەم مانگە دەست پێ كرد، هەموو كاردانەوەی عێراق بریتی بوو لە سەركۆنەكردن و ناڕەزایی دەربڕین.