شارەزایان: گرتنی ئەندامەكانی حزبوڵا ناكۆكییەكی گەورەی دەرخست

:: PM:08:56:29/06/2020 ‌

شەوی پێنجشەمی رابردوو هێزەكانی دژەتیرۆری عێراق هەڵیان كوتایە سەر بارەگایەكی حزبوڵا لە نزیك بەغدا و 14 ئەندامی ئەو گرووپە چەكدارییەی نزیك لە ئێرانیان بە دوو سەكۆی هاوێشتنی مووشەكەوە گرت، شارەزایان پێیان وایە رووداوەكە پێشهاتێكی مەترسیدارە و بە روونی ناكۆكییە سیاسییەكانی پێشان دا.
حەشدی شەعبی هیچ جەنگێكی گەورەی بەرانبەر داعش نەكردووە
محەمەد سلێمان، شرۆڤەكاری سیاسی لەو بارەوە گوتی، رووداوەكە ئاماژەیەكی گرنگ بوو بۆ پەرەسەندنی ناكۆكییەكان و داواكردنی هەموولایەكیش بۆ دانبەخۆداگرتن، بەڵگەی مەترسیداریی دۆخەكەیە و دەرخەری ناكۆكی سیاسییە. 

زیاتر گوتی، ئەوكات نووری مالیكی حەشدی شەعبی وەك پاڵەوانی ئازادكردنەوەی عێراق وەسف كرد، ئەوەیش راست نییە، چونكە حەشدی شەعبی تەنیا 15%ی ناوچەكانی ژێردەستی داعشی رزگار كرد و هیچ جەنگێكی رووبەڕووبوونەوەی گەورەی بەرانبەر داعش نەكردووە، لەوكاتەی سوپا و دژەتیرۆر بەشی زۆری ئەو ناوچانەیان ئازاد كردەوە و جەنگی سەختیان كردووە وەك فەلووجە و مووسڵ. 

ئەو شرۆڤەكارە روونی كردەوە، ئەو تێكەڵكردنەی كارتەكان ئامرازێكی رێكخراوە و سیاسەتوانەكان ویستیان بوونی سەربازی خۆیان بەشێوە و چەترێكی نوێ بیڵنەوە كە بریتییە لەوەی حەشدی شەعبی خاوەن خەبات و قوربانیدانێكی زۆرە، لەوكاتەی بەشێك لە هێزەكانی شیعەی وەك حەكیم و عەبادی لەگەڵ كەمكردنەوەی دەسەڵاتی میلیشیاكانن، بۆیە ئەو دوو رەوتەی هەیە جیاوازن و رۆژێك دێت بەریەك دەكەون. 

لەوكاتەی هیشام هاشمی، شرۆڤەكاری تەناهی دەڵێت، كازمی توانای سەربازی و یاسایی و دارایی هەیە بۆ سنوورداركردنی توانای حەشدی شەعبی، بەڵام ویستێكی سیاسی نییە، ئەو بەو هەڵمەتەی تەنیا ویستی وا بكات سەرانی سیاسی و سەربازی حەشد واز لە بۆردمانكردنی بێنن تا گفتوگۆكانی عێراق و ئەمەریكا كۆتاییان دێت، بۆیە بیری ئەوانی هێنایەوە كە رێككەوتن هەیە. 




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل