سلێمانی.. چاودێری بازرگانی بەدواداچوون بۆ دەمامكێكی ئێرانی دەكات

:: PM:09:12:29/06/2020 ‌


بەپێی زانیارییەكان دەمامكێكی ئێرانی هاتووەتە بازاڕی سلێمانی كە دەگوترێت لەبری پاراستن، خۆی هەڵگری ڤایرۆسە، بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی سلێمانیش رای دەگەیەنێت كە بەدواداچوونی بۆ دەكەن.
كۆنتڕۆڵكردنی كوالێتی دەمامك دەسەڵاتی بەرپرسانی تەندروستییە
لە سلێمانی دەیان دەمامك و دەستكێش لە بازاڕدا دەفرۆشرێت و بەشێكی ناتوانن رێگری لە ڤایرۆس بكەن، تازەترینیش هاتنی ماسكێكی ئێرانییە، كە لە بازاڕدا دەفرۆشرێت، نەك رێگری لە ڤایرۆس ناكات، بەڵكو خۆی هەڵگری ڤایرۆسە.

سۆران عەبدولغەفوور، بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی سلێمانی ئەمڕۆ دووشەم 29ی حوزەیران، بە "وشە"ی راگەیاند، كۆمەڵێك كارگەی زۆری دروستكردنی دەمامك لە سلێمانی و هەولێر و بەغدایش كراونەتەوە، بۆیە كۆنتڕۆڵكردنی كوالێتی ئەو دەمامكانە لە دەسەڵاتی بەرپرسانی تەندروستیدایە.

لە بارەی دەمامكە ئێرانییەكەوە گوتی، هیچمان لەبارەیەوە نەزانیوە، بۆیە سبەی سێشەم بەدواداچوونی بۆ دەكەین بزانین چ كێشەیەكی هەیە.

بۆ وەرگرتنی زانیاری زیاتر "وشە"، پێوەندی بە عەبدوڵا سەنگاوی، جێگری بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی كرد، ئەو زانیاری لەسەر دەمامكە نەبوو.

بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستان و شاری سلێمانی، دەمامك و دەستكێشی بێ كوالێتی لە بازاڕەكاندا بڵاوبووەتەوە.

سلێمانی/ هەستیار عەبدوڵا


 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل