لە ئەنجامی شەڕی دوو هاووڵاتی سێ‌ كەس بوونە قوربانی

:: AM:08:09:30/06/2020 ‌
بەرپرسێكی پۆلیس ڕای دەگەیەنێت، لە ئەنجامی شەڕی نێوان دوو خاوەن مۆبیلیاتی فرۆشتنی كەلوپەلی ناوماڵ سێ‌ كەس دەبنە قوربانی.
 
ئەمڕۆ سێشەم 30ـی حوزەیران، شۆڕش ئیسماعیل گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ڕاپەڕین بە "وشە"ـی ڕاگەیاند،  شەوی ڕابردوو تەرمی هاووڵاتییەك بەناوی "س، ع، ئـ" تەمەن 30 ساڵ لە ڕەگەزی نێر دانیشتووی ڕانیە گەیەندرایە پزیشكی دادوەری ڕانیە كە شوێنەواری فیشەك بە جەستەیەوە هەیە.

گوتەبێژی پۆلیسی ڕاپەڕین گوتی، جگە لەكوژراوەكە دوو برینداری تر لەگەڵ تەرمی ناوبراو گەیەندارنە نەخۆشخانە، بە ناوەكانی "ع، ع ،ئـ" تەمەن 38 ساڵ دانیشتووی ڕانیە كە دەكاتە برای كوژراوەكە، برینداری دووەم بەناوی "م، ئـ، م" تەمەن 17 ساڵ دانیشتووی ڕانیە كە هەردووكیان لە ڕەگەزی نێرن و لە نەخۆشخانە چارەسەری پزیشكیان بۆ كراوە و برینەكەیان جێگیرە. 

ڕووداوەكە بریتی بووە لە رووداوێكی تەقەكردن لەناو دووكانێكی مۆبیلیات لە رانیە
باسی لەوەشكرد، ڕووداوەكە بریتی بووە لە رووداوێكی تەقەكردن لەناو دووكانێكی مۆبیلیات لە رانیە ، بە گوتەی بریندار "ع، ع، ئـ" لە لایەن كەسێكەوە لەسەر كێشەیەكی نێوان خۆیان لە ناو دووكانەكەیدا تەقەیان لێكراوە.

ڕوونی كردەوە، دوای ئەنجامدانی توێكاری پزیشكی بۆ تەرمی ناوبراو، ڕادەستی كەسوكاری كرایەوە و پەڕاوی لێكۆڵینەوە بۆ ڕووداوەكە كرایەوە لەگەل فەرمانی گرتن بۆ كەسەكەی تەقەی كردووە بەپێی ماددەی 406 لە یاسای سزادانی عیراقی، لێكۆڵینەوە لە ڕووداوەكە بەردەوامە.



وشە - رامیار جەواد