سزای ئەو شوفێرانە ڕاگەیەنرا كە قەدەغەی هاتوچۆ دەشكێنن

:: AM:08:58:30/06/2020 ‌
بەرپرسێكی هاتوچۆی هەولێر ڕای دەگەیەنێت، هەر شوفێرێك پێشێلی قەدەغەی هاتوچۆ بكات، ئەوا بەپێی بەیانی ژمارە 19ـی وەزارەتی ناوخۆ سزا دەدرێت.

ئەمڕۆ سێشەم 30ـی حوزەیران، فازڵ حاجی گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، بڕیاری قەدەغەی هاتوچۆ لە یەكەمین ڕۆژی قەدەغەی هاتوچۆ دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە، سزاكەشی بەپێی بەیانی ژمارە 19ـی وەزارەتی ناوخۆ دەبێت.

لە سەرەتادا بڕی 100 هەزار دینار غەرامە دەكرێت، لە دووبارەكردنەوەی دەبێت بە 300 هەزار دینار
ئەو بەرپرسەی هاتوچۆ گوتی، لە بەیانی ژمارە 19دا هاتووە، هەر كەسێك پابەند نەبێت بەو بڕیارە، لە سەرەتادا بڕی 100 هەزار دینار غەرامە دەكرێت، لە دووبارەكردنەوەی دەبێت بە 300 هەزار دینار.

باسی لەوەش كرد، ئەگەر كەسەكە بۆ سێیەم جار دووبارەی كردەوە، ئەوا تیمەكانی هاتوچۆ دەتوانن دەست بەسەر ئۆتۆمبێلەكەیدا بگرن.

ژووری ئۆپراسیۆنەكانی پارێزگای هەولێر شەوی ڕابردوو كۆمەڵێك بڕیاری دەركرد، یەكێك لە بڕیارەكان بڕیاری دا قەدەغەی هاتوچۆی تەواوەتی دەبێت لە هەولێر بۆ ئەوەی بتوانرێت ڕێگری بكرێت لە تەشەنەسەندنی ڤایرۆسی كۆرۆنا.



وشە - رامیار جەواد