لە كەمپێكی هەولێر كۆرۆنا بڵاو دەبێتەوە

:: AM:09:54:30/06/2020 ‌
لە یەكێك لە كەمپەكانی هەولێر ڤایرۆسی كۆرۆنا بڵاو دەبێتەوە و یەكەمین حاڵەتی تووشبوون بەو ڤایرۆسە تۆمار دەكرێت.

ئەمڕۆ سێشەم 30ـی حوزەیران، بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی خەبات بڵاوی كردووەتەوە، یەكەم حاڵەتی تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە ناو كەمپی بەحركە تۆمار كرا كە ئاوارە عەرەبەكانی ناوچەكانی ناوەڕاستی عێراقی تێدا دەژین.

خۆی و خێزانەكەی كە ژمارەیان هەشت كەسە، گوازرانەوە نەخۆشخانەی تایبەت
ڕوون كراوەتەوە كە كەسی تووشبوو پیاوێكی /46 ساڵ/ و بەر لە مانگێك بۆ كاری شوفێریی ئامێری كشتوكاڵی چووەتە پارێزگای مووسڵ، لە گەڕانەوەیدا لە لایەن تیمەكانمان لە بازگەی خازری نێوان مووسڵ و هەولێر، نموونەی پشكنینی لێ وەرگیراوە و پۆزەتیڤ دەرچووە.

باس لەوەش كراوە، هەر دوێنێ شەو لە لایەن تیمەكانمان، خۆی و خێزانەكەی كە ژمارەیان هەشت كەسە، گوازرانەوە نەخۆشخانەی تایبەت بە چارەسەری كۆرۆنا لە هەولێر و ئێستە لە ژێر چاودێریی پزیشكیدان، ئەمڕۆ بەیانیش تیمەكان چەندان نموونەی پشكنین لە دەوروبەری ماڵی تووشبووەكە هەڵدەگرنەوە، بۆ هەر ڕێكارێكی پزیشكیش هەموو ئامادەكارییەكی پێویستمان ئەنجام داوە.

كەمپی بەحركە یەكێكە لەو كەمپانەی كەوتووەتە باكوری ڕۆژئاوای هەولێر، ژمارەیەكی زۆر لە خێزانی ئاوارە عێراقییەكانی تێدا نیشتەجێ کراوە.




وشە - رامیار جەواد