چین لە ناو مسوڵمانانی ئۆیغۆر بە زۆرەملێ دەرمانی دژەسكپڕی بەكار دەهێنێت

:: AM:10:41:30/06/2020 ‌
چین لە زۆربوونی ژمارەی دانیشتووانی مسوڵمانانی ئۆیغور ترسی هەیە و سیاسەتی دەرمانی دژەسكپڕی لەسەر ژنانیان جێبەجێ دەكات، هەندێك یاساشی دەركردووە رێگری لەوە دەكات ژنان بە منداڵی زیاتر سكپڕ بن.

چین ئەم هەنگاوانەی بە زۆرەملێ جێبەجێ كردووە، بۆیەش لای رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و مافی مرۆڤ ناڕەزایەتی لێ كەوتووەتەوە و داوا لە رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان كراوە لەوبارەیەوە هەڵوێستی هەبێت.

چین كۆمەڵێك كەمپی گەورەی بۆ مسوڵمانانی ئۆیغور دامەزراندووە كە بە كەمپی ملیۆنی ناسراون، هەر لەو كەمپانەوە بەرنامەكانی خۆی لە دژی ئەو كەمپەینەیەی  وڵاتەكەی جێبەجێ دەكات. چین ئەو تۆمەتانەی رەت كردووەتەوە. 

 پێشتر چین رەتی دەكردەوە هیچ كەمپێكی بۆ ئەو پێكهاتەیە دروست كردبێت، بەڵام دواتر كە كۆمەڵێك بەڵگە بڵاو كرانەوە، ئەمجارەیان پاساوی جیاوازی هێنایەوە و گوتی مەبەستیەتی رێگری لە توندئاژۆیی مسوڵمانان بكات.

بەگوێرەی بی بی سی چین هەڕەشەی ئەوەی لە ژنانی مسوڵمانی ئۆیغۆر كردووە تەنیا ئەو ژمارە منداڵەیان ببێت كە بۆیان دیاری كراوە، ئەگەر منداڵی زیاتریان بێت بۆ كەمپەكان دەیانگوازنەوە و خەڵكیش لە ترسی گواستنەوەیان بۆ ئەو كەمپانەی لە ژێر چاودێری حكوومەتدان، سوود لەو دەرمان و ئامرازانە وەردەگرن كە رێگری لە سكپڕبوون دەكەن.
هەندێك ژن یەك منداڵیان بووە و بۆ منداڵی دووەم حكوومەت ناچاری كردوون منداڵدانەكەیان ببەستن

بەپێی راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان، هەندێك ژن یەك منداڵیان بووە و بۆ منداڵی دووەم حكوومەت ناچاری كردوون منداڵدانەكەیان ببەستن و چیتر بیر لە منداڵی دووەم نەكەنەوە. ئەو سیاسەتەی چین وایكردووە لە حەوت ساڵی رابردوو رێژەی منداڵبوون لە ناو مسوڵمانانی ئۆیغۆر 84% دابەزێت.

هەر لە راپۆرتەكەدا باس لەوە كراوە ئەو رێژە زۆرە لە دابەزاندنی رێژەی منداڵبوون، سیاسەتێكی زۆر نامرۆیانەیە و هەندێك ژنی ناو كەمپەكانیش ئەوەیان ئاشكرا كردووە جۆرە دەرمانێكیان پێ دراوە كە رێگری لە منداڵبوون دەكات بێ ئەوەی خۆیان رەزامەندییان هەبێت.


وشە - سلێمان تاشان