نەخۆشخانەیەكی تایبەت بە كۆرۆنا لە دەربەندیخان كرایەوە

:: AM:11:35:30/06/2020 ‌
نەخۆشخانەیەكی تایبەت بە كۆرۆنا لە دەربەندیخان لەلایەن خێرخوازێك دروست كرا و ئەمڕۆ بەفەرمی كرایەوە.

ئەمڕۆ سێشەم 30ـی حوزەیران، دوای كردنەوەی نەخۆشخانەیەكی تایبەت بە كۆرۆنا لە دەربەندیخان كە لەلایەن خێرخوازێك دروست كرابوو، هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا گوتی، دەستخۆشی لەو خێرخوازە دەكەین و هیوادارین نموونەی زۆر بێت لە دروستكردنی ئەو پڕۆژانە.

لەچەند رۆژی داهاتوودا لەگەڵ تەندروستی و لایەنە تەناهییەكان كۆ دەبینەوە و پلانی نوێ رادەگەیەنین
پارێزگاری سلێمانی گوتی، لەو پارەیەی لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە بۆ سلێمانی لە دژی كۆرۆنا تەرخان كراوە، پشكی دەربەندیخان دەنێرین و پشتیوانیان دەبین بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسەكە.

باسی لەوەش كرد كە بە بەراورد بە دنیا، تووشبووانی كۆرۆنا لە پارێزگای سلێمانی سروشتییە، لەگەڵ ئەوەشدا لەچەند رۆژی داهاتوودا لەگەڵ تەندروستی و لایەنە تەناهییەكان كۆ دەبینەوە و پلانی نوێ رادەگەیەنین.

لەبارەی دۆخی مەترسیداری سلێمانی گوتی، جێی دڵخۆشییە ئێستە كۆرۆنا لە سلێمانی بەرەو كۆنترۆڵ دەچێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەبێت هاووڵاتییان زیاتر لە جاران هاوكارمان بن تا پێكەوە ئەم قۆناغە تێپەڕێنین.

دەربەندیخان یەكێكە لە شارۆكەكانی سەر بە پارێزگای سلێمانی و لە نزیك سنووری عێراق و ئێران هەڵكەوتووە، دەكەوێتە باشووری ڕۆژهەڵاتی شاری سلێمانی بەدووری67 كیلۆمەتر، لە باكورەوە زنجیرە چیای بەرانان و لە رۆژهەڵاتەوە چیای زمناكۆ كە هەزار و 247 پێ بەرزە و پاشان شاخەكانی خۆشك بەمۆ، داڵەهۆ و رووباری سیروانە.



وشە - رامیار جەواد