وەزیری داد نووسراوێكی سەرۆكی پەرلەمان ڕەت دەكاتەوە

:: PM:01:39:30/06/2020 ‌
وەزیری دادی حكوومەتی هەرێمی كوردستان نووسراوێكی سەرۆكی پەرلەمان ڕەت دەكاتەوە و ڕای دەگەیەنێت، ناتوانین بڕیارەكە لە رۆژنامەی فەرمی بڵاو بكەینەوە.
 
بەداخەوە رادەگەیەنین كە داوای لێبوردن دەكەین و ناتوانین بڕیارەكە لە رۆژنامەی فەرمی بڵاو بكەینەوە
ئەمڕۆ سێشەم 30ـی حوزەیران، فرسەت ئەحمەد وەزیری داد لە وەڵامی نووسراوێكی ڕێواز فایەق لەبارەی گەڕانەوەی پارێزبەندی بۆ سۆران عومەر دەڵێت، سەرۆكی پەرلەمان نووسراوی ژمارە 37 كە لە 14/06/2020 ئاراستەی سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران كراوە و وێنەیەكی دراوەتە وەزارەتی داد بۆ بڵاوكردنەوەی لە رۆژنامەی فەرمی وەقائیعی كوردستان، بەداخەوە رادەگەیەنین كە داوای لێبوردن دەكەین و ناتوانین بڕیارەكە لە رۆژنامەی فەرمی بڵاو بكەینەوە.
 
وەزیری داد ڕوونی كردووەتەوە، ئەو بڕیارەی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان پێچەوانەی رێسای گشتی پلەبەندی یاسایی (سلم التدرج القانونی) دەرچووە، هەروەها نەبوونی سەرچاوەی تانەلێدان لە یاسا و بڕیارەكانی پەرلەمان و دەستەی سەرۆكایەتی یان سەرۆكی پەرلەمان، ناكاتە جێگرەوەی و دەسەڵات و تایبەتمەندی چاودێری لەسەر یاسا دەرچوو لە پەرلەمانی پێ نادات
 
باسی لەوەش كردووە، لەبەر ئەو هۆیانەی ئەو بڕیارە داوای بڵاوكردنەوەی كراوە، بەپێی یاسا بە بڕیارێكی نەبوو دادەنرێت و بەپێی یاسای بڵاوكردنەوەی رۆژنامەی وەقایعی كوردستان بۆ بڵاوكردنەوە ناشێت، بڵاوكردنەوەی بێ لەبەرچاوگرتنی ئەوانەی باس كران، دەبێتە مایەی رەخنە و پێشینەیەكی ترسناك لەسەر پەرلەمان و سەرۆكایەتی و سیستمی سیاسیی هەرێم. هەروەها لە وەزارەتی داد بەسەرپێچی لە رێسای گشتی و حوكمەكانی یاسا تۆمار دەكرێت.

ڕۆژی حەوتی ئایار بە دەنگی 57 پەرلەمانتاری كوردستان، پارێزبەندی لەسەر سۆران عومەر پەرلەمانتاری كۆمەڵی ئیسلامی هەڵگیرا، ئەوەیش دوای ئەوەی لەلایەن دادگاوە داوا كراوە بەهۆی هەڵبەستنی تۆمەت بەرانبەر سەرۆك وەزیرانی كوردستان، ئەوەیش وایكردووە ئەو پەرلەمانتارە سووكایەتی بەهەموو پیرۆزییەكانی كوردستان بكات.

دواتر سەرۆكی پەرلەمان نووسراوی كرد بۆ ڕەتكردنەوەی بڕیاری ژمارە چواری پەرلەمان، بەڵام ئەو بڕیارە ڕەت كرایەوە.



وشە - رامیار جەواد

ئه‌م بابه‌ته 125 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌