پەرلەمانتاران سەردانی گوندەكان دەكەن

:: PM:03:16:30/06/2020 ‌
سەرۆكی لیژنەی ناوخۆ و ئاسایش ڕای دەگەیەنێت، بۆ زیاتر ئاگەداربوون لە تۆپبارانی ناوچە سنوورییەكان، لیژنەیەكی باڵای پەرلەمان سەردانی ناوچە سنوورییەكان و گوندەكان دەكەن.

ئەمڕۆ سێشەم 30ـی حوزەیران، شاخەوان رەئووف سەرۆكی لیژنەی ناوخۆ و ئاسایش و ئەنجوومەنی خۆجێیەكان، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند، پەرلەمانی كوردستان بڕیاری دا لیژنەیەكی باڵا دروست بكات بۆ ئەوەی سەردانی هەموو ناوچەكان بكرێت كە تۆپباران كراون.

وڵاتانی دراوسێ هیچ كات موراعاتی هەرێمی كوردستانیان نەكردووە
سەرۆكی لیژنەی ناوخۆ گوتی، ئەمڕۆ كۆ بووینەوە، بۆیە سێ لیژنەمان لەسەر ئاستی پارێزگاكان دهۆك و هەولێر و سلێمانی و هەڵەبجە پێكهێناوە تا بەدواداچوون بكەن، چونكە ئەوە جاری یەكەم نییە توركیا و ئێران تۆپارانی ناوچە سنوورییەكان دەكەن و بەزاندنی سنوورەكان دەكرێت و داگیر دەكرێن، جگە لەوەش هاووڵاتییان شەهید و بریندار بوون و زیانی زۆر بەهەرێم كەوتووە.

باسی لەوەش كرد، ئێمە دەمانەوێ هۆكارەكانی ئەو دەستدرێژی و پەلامارانە دەستنیشان بكەین، چونكە وڵاتانی دراوسێ هیچ كات موراعاتی هەرێمی كوردستانیان نەكردووە.

ڕوونی كردەوە، لەو بۆردمانانە هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان دەبنە قوربانی بۆیە بەدواداچوونی ورد دەكەین، چونكە بەپێی یاسا و دەستوور ئەوە شكاندنی شكۆی هەرێمی كوردستانە، بۆیە دوای بەدواداچوونەكان ئەنجامی بەدواداچوونەكان ڕادەگەیەنین.



وشە - رامیار جەواد