لەناو بازاڕ تەقە لە دوكاندارێك دەكرێت و دەكوژرێت

:: PM:03:57:30/06/2020 ‌
بەرپرسێكی پۆلیس ڕای دەگەیەنێت، لەناو بازاڕی كەلار تەقە لە دوكاندارێك كراوە و پاش گەیاندنی بە نەخۆشخانە، گیانی لە دەست داوە.

ئەمڕۆ سێشەم 30ـی حوزەیران، عەلی جەمال گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی گەرمیان بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، لە ناو بازاڕی شارۆكەی كەلار تەقە لە دوكاندارێك كراو گیانی لە دەست دا.

پۆلیس دەستی بەلێكۆڵینەوە كردووە و گەڕان بەدوای تۆمەتباراندا دەستی پێ كردووە
ئەو بەرپرسەی پۆلیس گوتی، ڕووداوەكە نیوەڕۆی ئەمڕۆ بووە و لەلایەن دوو كەسەوە تەقە لە دوكاندارێك كرا بەناوی هەردی جەمال قادر لەدایكبووی 1991، پاش گەیاندنی بەنەخۆشخانە گیانی لە دەست دا.

باسی لەوەش كرد، ئێستە تەرمی كوژراوەكە ڕەوانەی پزیشكی دادوەری شارۆكەی كەلار كراوە و پۆلیس دەستی بەلێكۆڵینەوە كردووە و گەڕان بەدوای تۆمەتباراندا دەستی پێ كردووە.

ئەحمەد محەمەد ، وەك شایەتحالێكی نزیك لە رووداوەكە، بۆ "وشە" ئاشكرای كرد، قوربانیەكە پیشەی بەرگدروو بووە لەناو بازاڕی كەلار، هیچ كات باسی كێشە و دوژمنایەتی نەكردووە و چەكیشی لەگەڵ خۆی هەڵنەگرتووە.

باسی لەوەشكرد، تەقەكەران ماوەیەك بەپێ هەڵاتوون و دواتر بە ئۆتۆمبێل خۆیان دەرباز كردوە.
 
"وشە" زانیویەتی ئێستا ئاسایشی كەلار و پۆلیس سەرقاڵی بردنی كامێراكانی چاودێری ناو بازاڕن  بۆ ناسینەوەی تاوانباران.
 
گەرمیان / سەبری هۆرێنی



وشە - رامیار جەواد