لە هەرێمی كوردستان هیچ توێژینەوەیەكی زانستی لەسەر كۆرۆنا نەكراوە

:: PM:05:15:30/06/2020 ‌
وڵاتان بەپشتبەستن بە ناوەندە ئەكادیمییەكانیان، بەردەوام توێژینەوە لەسەر نەخۆشیی كۆرۆنا دەكەن و هەر لەم رێیەشەوە داهێنان دەكەن و زانیاری بەسوود بڵاو دەكەنەوە، بەڵام هەرێمی كوردستان لەمە بێبەش بووە.

لە هەرێمی كوردستان هێشتا رێ بە وەزارەتی خوێندنی باڵا و سەنتەرەكانی توێژینەوەی زانستی و توێژەران نەدراوە لەسەر نەخۆشانی كۆرۆنا هیچ توێژینەوەیەك ئەنجام بدەن. ئەمە لە كاتێكدایە توێژینەوەی زانستی گرنگترین هەنگاوە بۆ دۆزینەوەی چارەسەری و زانیاری جیاواز لەسەر نەخۆشییەكان.

لە هەرێمی كوردستان سەرەڕای ئەوەی كە ژمارەی تووشبووان و قوربانیانی كۆرۆنا بە خێرایی رووی لە بەرزبوونەوە كردووە و سەرووی چوار مانگ لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە تێدەپەڕێت، هێشتا هیچ توێژینەوەیەكی زانستی لەسەر كۆرۆنا ئەنجام نەدراوە.
ئەوەی كراوە تەنیا ئەو ئامارانە بووە وەزارەتی تەندروستی رۆژانە بڵاوی كردووەتەوە

ئەوەی كراوە تەنیا ئەو ئامارانە بووە وەزارەتی تەندروستی رۆژانە بڵاوی كردووەتەوە و نوێترین رێنوێنییە تەندروستییەكانی بە خەڵك گەیاندووە كە ناكەونە خانەی توێژینەوەی زانستییەوە.

دكتۆر كارزان شێخ موحسین سەرۆكی سەنتەری  توێژینەوی زانكۆی سەڵاحەدین بۆ "وشە" روونی كردەوە، لە ئەنجامدانی توێژینەوەدا دەستیان كراوە نەبووە و سەرەڕای ئەوەی كە وەزارەتی خوێندی باڵا چەند جارێك داوای لە وەزارەتی تەندروستی كردووە رێ بدات توێژینەوەكان لەسەر نەخۆشەكانی كۆرۆنا ئەنجام بدرێن، بەڵام رەت كراونەتەوە.

ئەو پێی وایە كاریگەری و تایبەتمەندییە تەندروستییەكانی مرۆڤ لە پرسی كۆرۆنا لە وڵاتێكەوە بۆ وڵاتێكی تر جیاوازە، بۆیە پێویست بوو لە كوردستانیش توێژینەوە ئەنجام بدرێ. بۆ نموونە لەوە بكۆڵرێتەوە بۆچی سەرەتاكان كورد بەرانبەر ڤایرۆسی كۆرۆنا بەرگری هەبوو، بەڵام ئێستە لاوازە. یان دەكرێ رووەك و دەرمانی كوردەواری لەسەر نەخۆشەكان تاقی بكرایەتەوە یان لێكۆڵینەوەیان لەسەر دۆخی تەندروستی نەخۆشەكان و رجێمیه خۆراكی و دەیان تایبەتمەندیی تر بكردایە بۆ ئەوەی بتوانن لە داهاتوودا چاویان كراوە بێت لە مەترسییەكان و چارەسەرییەكانی كۆرۆنا.
پێوەندی و هاوئاهەنگی نێوان وەزارەتی خوێندنی باڵا و تەندروستی لاوازە.

ئەو پسپۆڕە پێی وایە چەند هۆكارێك وایكردووە لە كوردستان توێژینەوە نەكرێ. یەكەم پێوەندی و هاوئاهەنگی نێوان وەزارەتی خوێندنی باڵا و تەندروستی لاوازە. دووەم وەك بابەتێكی هەستیار سەیری نەخۆشییەكە كراوە، بۆیە رێگری لە ئەنجامدانی توێژینەوەی زانستی كراوە.


وشە - سلێمان تاشان