فوئاد حوسێن: دۆخی سووریا هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی عێراق

:: PM:05:27:30/06/2020 ‌

فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە چوارەم كۆنگرەی برووكسڵ سەبارەت بە پاڵپشتیكردنی دواڕۆژی سووریا و ناوچەكە، رای گەیاند كە چارەسەری سیاسیانە تاكە گەرەنتییە بۆ كۆتاهێنان بە نەهامەتییەكانی گەلی سووری، دووپاتی كردەوە، بەردەوامی ئەو دۆخەی سووریا هەڕەشەیەكی مەترسیدارە بۆ سەر ئاسایشی عێراق.
عێراق مێوانداری 260 هەزار ئاوارەی سووری دەكات
ئەحمەد سەحاف، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە بەیاننامەیەكدا گوتی، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوە لە رێگەی ڤیدیۆ كۆنفرانسێكەوە بەشداری لە كارەكانی چوارەم كۆنگرەی پاڵپشتیكردنی سووریا و ناوچەكە لە برووكسڵ كرد و وتەی عێراقی پێشكەیش كرد.

حوسێن لەو كۆنگرەدا گوتی، بەردەوامبوونی دۆخی ئێستەی سووریا، هەڕەشەیەكی مەترسیدار بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی عێراق دروست دەكات، هۆكاریشە بۆ پەڕینەوەی دەیان هەزار تیرۆریست و چەكداری بیانی بەرەو خاكی عێراق، دووپاتی كردەوە، گرنگە كۆنگرەی بڕووكسڵ ئەنجامی ئەرێنی هەبێت و ببێتە هۆی سەقامگیربوونی ئاسایش و ئاشتی لە سووریا و ناوچەكە. 

زیاتر گوتی، رێگەچارەی سیاسی تاكە گەرەنتییە بۆ وەستانی نەهامەتییەكانی گەلی سووری، هاوكات پێویستە بێ جیاوازی جەنگی گرووپە تیرۆریستییەكان بكرێت، بەتایبەتی داعش، روونی كردەوە، سزا و رێوشوێنەكانی بەسەر سووریا سەپێنراون، زۆر كاریان كردووەتە سەر گەلی ئەو وڵاتە، بۆیە گرنگە پاڵپشتی نێودەوڵەتی بۆیان و ئەو وڵاتانەیشی مێوانداری ئاوارەكانی سووریا دەكەن، بەردەوام بێت، لەوانەیش عێراق كە مێوانداری 260 هەزار ئاوارە لەو دۆخە ناهەموارەدا دەكات.  
   





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل