حكوومەتی عێراق: لە ئۆپراسیۆنەكەی دۆرە مەبەست گرتنی تەنیا كەسێك بووە

:: PM:06:27:30/06/2020 ‌

درەنگانێكی شەوی پێنجشەمی رابردوو هێزەكانی دژەتیرۆری عێراق بە فەرمانی مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق هەڵیان كوتایە سەر بارەگایەكی حزبوڵای عێراقی لە ناوچەی دۆرە و 14 ئەندامی ئەو گرووپەیان گرت كە سەرقاڵی خۆسازدان بوون بۆ مووشەكبارانكردنی چەند ئامانجێكی ئەمەریكی لە بەغدا، گوتەبێژی كازمی زانیاری زیاتری راگەیاند.
سەپاندنی دەسەڵاتی دەوڵەت بەرپرسیارەتی حكوومەتە
ئەحمەد مولا تەڵاڵ، گوتەبێژ بەناوی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی ئەمڕۆ سێشەم گوتی، هەفتەی رابردوو زانیاری هەواڵگری هەبوو بەوەی چەند ناوچەیەكی هەستیار و نوێنەرایەتی نێودەوڵەتی لە بەغدا دەكرێنە ئامانج، بۆیە هێزەكانی دژەتیرۆر دەستبەجێ رێگریان لەو هەوڵە كرد، ئاشكرای كرد كە فەرمانی گرتن بۆ تەنیا كەسێك دەركرابوو ، لەوكاتەی 13 كەس لەگەڵ ئەو داواكراوە گیران. 

زیاتر گوتی، سەرۆك وەزیران پێوەندی بەو فەرمانانەوە نییە كە لە دادگە دەرچوون و سەپاندنی شكۆی دەوڵەت بەرپرسیارەتی حكوومەتە.

هەر لەو بارەوە مولا تەڵاڵ ئاماژەی كرد كە بەمنزیكانە دەوڵەت چەند رێوشوێنێكی توند بۆ سەپاندنی شكۆی دەوڵەت و دەسەڵاتەكانی بەسەر دەروازە سنوورییەكان وەردەگرێت، سەرۆك وەزیران سەرقاڵی كۆبوونەوەی بەردەوامە لەگەڵ لایەنە پێوەندیدارەكان بە كاروباری دەروازە سنوورییەكان و دووپاتی كردەوە، بەمنزیكانە رێوشوێنی توند وەردەگیرێت بۆ سەپاندنی دەسەڵاتی دەوڵەت بۆ سەر دەروازە سنوورییەكان، لەوكاتەی زۆرینەی داهاتی ئەو دەروازانە دەچێتە گیرفانی گەندەڵكارانەوە.






وشە - مه‌حموود ئیسماعیل