سلێمانی وه‌ك یه‌كه‌م پارێزگا له هه‌رێمی كوردستان به‌سه‌ر كۆرۆنادا سه‌ركه‌وت، ئێسته به‌ده‌ست زۆری ژماره‌ی تووشبووانه‌وه ده‌ناڵێنێت و له مه‌ترسیدایه، پزیشكێكی شاره‌زا ئاماژه ده‌كات، دۆخه‌كه له كۆنتڕۆڵ ده‌رنه‌چووه و ڕیگه‌ی جیاواز گیراوه‌ته‌به‌ر بۆ چاره‌سه‌ركردنی تووشبووان و پێچه‌وانه‌كردنه‌وه‌ی هاوكێشه‌كه.
دكتۆر داهات حه‌وێزی، پسپۆڕی نه‌خۆشییه‌كانی هه‌ناو، یه‌كێكه له‌و پزیشكانه‌ی له نه‌خۆشخانه‌ی جمهووری سلێمانی چاره‌سه‌ری تووشبووانی كۆرۆنا ده‌كات، به "وشه"ی ڕاگه‌یاند، ئه‌و ژمارانه‌ی ڕۆژانه ڕاده‌گه‌یه‌نرێن له‌ڕاستیدا زیاترن، چونكه به‌شیوه‌ی زۆر جیاواز هاووڵاتییان ئێسته پشكنین بۆ كۆرۆنا ده‌كه‌ن، به‌ڵام دۆخه‌كه له كۆنتڕۆڵ ده‌رنه‌چووه، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ته‌ندروستی سلێمانی ڕێكاری زۆر گونجاو و جیاوازی بۆ چاره‌سه‌ری تووشبووان گرتووه‌ته‌به‌ر.
ئه‌و پزیشكه هۆكاری تۆمارنه‌كردنی ڕێژه‌ی تووشبووان به ته‌واوی ده‌گه‌ڕێنێته‌وه بۆ ئه‌و كاریگه‌رییه ده‌روونییه‌ی كه به‌هۆی كۆرۆناوه دروست بووه، به‌شێكی زۆری هاووڵاتییان له ده‌ره‌وه‌ی سه‌نته‌ره‌كانی كۆرۆنا پشكنین ئه‌نجام ده‌ده‌ن، بۆ دڵنیابوونیان له تووشبوون یان پارێزراویان، هه‌ندێك له گومانلێكراوان پشكنینی تاقیگه و هه‌ندێكی تر له ڕێگه‌ی ئامێری تیشكی سیتیسكانهوه پشكنینی كۆرۆنا ده‌كه‌ن، ئه‌وانه تۆمار ناكرین له ئاماره‌كان، له‌كاتی تووشبوونیشیان به‌شێكی زۆریان كه باری ته‌ندروستیان زۆر خراپ نییه، له ماڵه‌وه خۆیان كه‌ره‌نتین ده‌كه‌ن و چاره‌سه‌ر وه‌رده‌گرن.
"ئه‌وه‌ی ئێسته له هه‌موو شتێك زیاتر مایه‌ی دڵخۆشییه بۆ سلێمانی، ژماره‌ی چارهسهركراوان ورده ورده به‌ره‌و زیادبوون ده‌چێت، ڕاسته زۆری ڕاناگه‌یه‌نرێت، چونكه هێشتا له‌ژێر كۆنتڕۆڵن و كه‌ره‌نتینكراون، به‌ڵام پێشبینی ده‌كڕێت چاره‌سه‌ركردن زۆر زیاتر بێت، چونكه چاكبووه‌وه تازه‌كان و ئه‌وانه‌یشی دوای كه‌ره‌نتینیان له پشكنینه كۆتاییه‌كان ده‌رده‌چن، ده‌توانن پلازما ببه‌خشن به تووشبووان، ئه‌مه‌یش ڕێژه‌ی چارهسهركراوان زۆر به‌رز ده‌كاته‌وه"، حه‌وێزی وای گوت.
سه‌باره‌ت به جۆری ئه‌و چاره‌سه‌ریانه‌ی به‌كارده‌هێنرێن، ئه‌و پزیشكه پسپۆڕه ڕوونی كرده‌وه، دوو جۆری ده‌رمان هه‌یه بۆ چاره‌سه‌ری تووشبووانی كۆرۆنا به‌كار دێت، "دیكزامیتازۆن"، ده‌رمانێكی تر "هایدرۆكسلۆرۆكین"ه، ئه‌م ده‌رمانه ته‌نیا بۆ ئه‌و حاڵه‌تانه ده‌بێت كه زۆر خراپن و باری ته‌ندروستیان به‌ته‌واوی به‌هۆی كۆرۆناوه تێكچووه، ئه‌مه له‌هه‌موو وڵاتانی دنیایش تاقی ده‌كرێته‌وه، كه یاریده‌ره بۆ چاكبوونه‌وه‌ی ته‌ندروستیان، هه‌ندێك له نه‌خۆشانیش پێویستیان به پلازمایه و هه‌ندێكی تر پێویستیان به ئامێری هه‌ناسه‌دانی ده‌ستكرده، بۆیه به‌پێی جۆری تووشبوونه‌كه چاره‌سه‌ریان بۆ ده‌كه‌ین.
له سلێمانی نه‌خۆشه‌كان به‌پێی جۆری تووشبوونیان ڕه‌وانه‌ی نه‌خۆشخانه‌ی جیاواز ده‌كرێن، دكتۆر داهات حه‌وێزی ڕێكاره‌كانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ته‌ندروستی سلێمانی بۆ چاره‌سه‌ری نه‌خۆشانی كۆرۆنا به گونجاو ده‌زانێت و ده‌ڵێت، كاره‌كه‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ته‌ندروستی سلێمانی له‌جێی خۆیه‌تی كه نه‌خۆشه‌كانی جیاكردووه‌ته‌وه به‌پێی جۆری ساده و سه‌ختی توشبوونهكانیان و به‌سه‌ر نه‌خۆشخانه‌ی جیاوازه‌كانی تایبه‌ت به چاره‌سه‌كردنی كۆرۆنا دابه‌شی كردوون، هه‌ر نه‌خۆشخانه‌یه‌كیش پرۆتۆكۆڵی تایبه‌تی خۆی هه‌یه بۆ داخڵكردنی نه‌خۆش و شێوازی چاره‌سه‌ركردنی نه‌خۆشه‌كان.
ئه‌و پزیشكه باس له‌وه ده‌كات، به‌پێی پێشبینییه پزیشكییه‌كان و دۆخی ئێسته‌ی تووشبووان بێت، پێشبینی ده‌كرێت قوڕسی شه‌پۆله‌كه به‌ره‌و هه‌لێریش په‌ل باوێت، به‌ڵام له كۆنتڕۆڵ ده‌رناچێت و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ته‌ندروستی هه‌ولێر ده‌توانێت به‌سه‌ر دۆخه‌كه و شێوازی چاره‌سه‌ركردنی تووشبووان سه‌ربكه‌وێت و كۆنتڕۆڵی دۆخی ته‌ندروستیان بكات.
پێش سێ هه‌فته شه‌پۆلی تووشبووان به كۆڕۆنا له كوردستان، به‌تایبه‌تی له سلێمانی، به‌شێوه‌یه‌كی چاوه‌ڕواننه‌كراو زیاد بوو، ئه‌و ژماره‌یه‌ش به‌رده‌وام له زیادبووندایه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی جۆری نه‌خۆشییه‌كه پێویستی به كاته بۆ چاره‌سه‌ربوون، بۆیه له‌به‌رانبه‌ر ڕێژه‌ی تووشبوو، چارهسهركراوان زۆر نه‌بووه، به‌ڵام ئێسته كه كات تێپه‌ڕێوه به‌سه‌ر چاره‌سه‌ركردندا، ئاماره‌كان ده‌گۆڕێن.
دكتۆر داهات حه‌وێزی، له دیدی خۆیه‌وه به نزیكی هه‌ڵسه‌نگاندن به ژماره بۆ حاڵه‌ته‌كانی نه‌خۆشخانه‌ی جمهوری ده‌كات، كه یه‌كێكه له‌و نه‌خۆشخانانه‌ی تایبه‌ته به كۆرۆنا له سلێمانی، به "وشه"ی راگه‌یاند:
دۆخی سه‌نته‌ری كۆرۆنا له نه‌خۆشخانه‌ی جمهوری:
ڕۆژانه نزیكه‌ی 100 نه‌خۆش له چوار قاوشدا چاره‌سه‌ریان بۆ ده‌كرێ (ئه‌مڕۆ 115 نه‌خۆشی لێ بووه).
ڕۆژانه نزیكه‌ی 20 نه‌خۆش به‌ره‌و باشی ده‌چن و ده‌یاننێرینه‌وه بۆ ته‌واوكردنی چاره‌سه‌ری له ماڵه‌وه یان له هوتێله ته‌رخانكراوه‌كان.
ڕۆژانه نزیكه‌ی 10 نه‌خۆش پلازمایان بۆ ده‌نووسین، به‌شی زۆر له‌و نه‌خۆشانه پلازمایان ده‌ست ده‌كه‌وێ، به‌شێكیشیان هاوكاریان ده‌كه‌ین.
ڕۆژانه نزیكه‌ی پێنج نه‌خۆش باری ته‌ندروستیان تێكده‌چێ و پێویستیان به ئامێری هه‌ناسه‌دانی ده‌ستكرد ده‌بێ و به‌پێی هه‌بوونی جێگا ده‌یاننێرین بۆ شه‌هید ئاسۆ.
ئه‌وه‌ی جێگای دڵخۆشییه زۆرێك له‌و نه‌خۆشانه‌ی پلازما وه‌رده‌گرن، سوودی زۆری لێ ده‌بینن و دوای دوو تا سێ ڕۆژ له نه‌خۆشخانه ده‌ریان ده‌كه‌ین، ئێسته خه‌ڵكێكی زۆر ڕوو ده‌كه‌نه بانكی خوێن بۆ پێدانی پلازما و ڕۆژانه زۆرێك له‌و نه‌خۆشانه‌ی كه 14 ڕۆژ به‌سه‌ر چاكبوونه‌وه‌یان تێپه‌ڕیووه، خۆیان ده‌چن بۆ به‌خشینی پلازما.