قایمقامی هەولێر هۆشداری بە هاووڵاتییان دەدات لە تووشبوونی زیاتریان بە ڤایرۆسی كۆرۆنا و دەڵێت، پێویستە زیاتر خۆتان بپارێزن و نەگەین بە دۆخی مەترسیدار كە نەخۆشخانە شوێنی تێدا نەمێنێت.
ئەمڕۆ چوارشەم یەكی تەمووز، نەبەز عەبدولحەمید قایمقامی قەزای ناوەندی هەولێر بە"وشە"ـی ڕاگەیاند، بڕیاری قەدەغەی هاتوچۆ بۆیە دەرچوو، ژمارەی تووشبووانی كۆرۆنا زۆر زیادی كردووە لە پارێزگای هەولێر، ئەمەش وایكرد بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر داوا لە ژووری ئۆپراسیۆنی هەولێر بكات بڕیارێك دەربكات تا ژمارەی تووشبووان كەم بكرێتەوە.
ئەگەر بگەین بەوەی جێ نەمێنێ، دەكەوینە قۆناغە مەترسیدارەكە
قایمقامی هەولێر گوتی، بڕیاری قەدەغەی هاتوچۆ بۆیە دەرچوو تا نەگەین بەدۆخێك لە نەخۆشخانەكان شوێن نەمێنێ، ئێستەش لە هەولێر بەشی ناوخۆیی 18ی شوبات 110 تووشبووی تێدایە، بۆیە ئەگەر بگەین بەوەی جێ نەمێنێ، دەكەوینە قۆناغە مەترسیدارەكە.
باسی لەوەش كرد، سوپاسی خەڵكی هەولێر دەكەین كە پابەندی بڕیارەكەن، ئومێدیش دەكەین تەواوی ماوەكە پابەندبن، ئێمە ئاگەداری دۆخی هاووڵاتییانین بەتایبەت كاسبكاران، ڕۆژانەش كێشەكانیان بۆ چارەسەر دەكەین و ئاسانكاری بۆ كاسبكاران و دەستگێڕەكان دەكەین، بەڵام لەسەر حیسابی یاسا و ڕێنوێنییەكان نەبێت.
ڕوونی كردەوە، لە هەوڵی بەردەوامیشین تەندروستی هاووڵاتییان بپارێزین و هاوسەنگیش ڕابگرین، بۆیە ئێستەش تەندروستی لە پێش هەموو شتێكەوەیە، چونكە قەرەبووی هەموو شتێك دەكرێتەوە بەڵام قەرەبووی ژیان ناكرێتەوە، ئومێدیش دەكەین كاسبكاران هاوكار و هاوئاهەنگ بن لەگەڵ تیمەكانی ئێمە و شارەوانی.