بەفەرمی بڕیار لەسەر كەمكردنەوەی كرێی خانوو و باج دەرچوو

:: PM:01:22:02/07/2020 ‌
وەزارەتی دارایی و ئابووری حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بەشێوەیەكی فەرمی بڕیاری دا بە كەمكردنەوە و لێخۆشبوونی كرێی كرێچییان بۆ ماوەی دوو مانگ.

ئەمڕۆ پێنجشەم دووی تەمووز، لە نووسراوێكی وەزارەتی دارایی و ئابووری هاتووە، پێوەست بە جێبەجێكردنی بڕیاری حكوومەت، لێخۆشبوونی كرێ و سوودی دواكەوتنی كرێچییەكانی موڵكەكانی وەزارەتی دارایی و ئابووری لە بەڕێوەبەرایەتییەكانی خانووبەرەی میری، بۆ ماوەی دوو مانگ بەهۆی رەچاوی ماوەی رێكارەكانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە 11/03/2020 تا 11/05/2020 كە لەو ماوەیە نەیانتوانیوە بەشێوەی ئاسایی موڵكەكان بەكار بهێنن.

بەخشینی باجدەران لە باج، لە سزا و سوودی دواكەوتن لە باجدان بەهۆی رەچاوی ماوەی رێكارەكانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی كۆرۆنا .
لە بەشێكی تری بڕیارەكەدا هاتووە، بەخشینی باجدەران لە باج، لە سزا و سوودی دواكەوتن لە باجدان بەهۆی رەچاوی ماوەی رێكارەكانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی كۆرۆنا ئەگەر ماوەكە كەوتبێتە نێوان 11/03/2020 تا 10/05/2020، بڕیار درا درێژكردنەوەی ماوەی دانی قیست بۆ ماوەی دوو مانگ بەهۆی رەچاوكردنی ماوەی رێكارەكانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە 11/03/2020 تا 10/05/2020.
 
ڕوون كراوەتەوە، بۆ باجی دەرامەت و كۆمپانیاكان پێویستە لەكاتی خەمڵاندنی باجدەران بۆ ساڵی 2020 ـی دارایی، رەچاوی وەستانی چالاكییەكان بكەن بۆ ماوەی دوو مانگ بەهۆی رەچاوی رێكارەكانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە 11/03/2020 تا 10/05/2020 واتە ئەو ماوەیە خەمڵاندنیان بۆ ناكرێت.
 
لەبارەی وەرگرتنی باجی خانووبەرە، وەزارەتی دارایی ڕوونی كردووەتەوە، لەكاتی وەرگرتنی باجی خانووبەرە و زەوی، دەبێ رەچاوی ماوەی رێكارەكانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی كۆرۆنا كە لە 11/03/2020 تا 10/05/2020 دەست پێ دەكات.



وشە - رامیار جەواد