هەولێر.. 125 تووشبووی کۆرۆنا لە نەخۆشخانەی رزگاری خەوێنراون

:: AM:11:03:04/07/2020 ‌
بەرپرسێكی نەخۆشخانەی رزگاری ڕای دەگەیەنێت، ئێستە لە نەخۆشخانەی رزگاریی هەولێر، ئەو حاڵەتانەی لێیە كە باری تەندروستییان مامناوەند و ناجێگیرە.

ئەمڕۆ شەموو چواری تەمووز، بۆتان عەبدولقادر بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ڕزگاریی هەولێر بە"وشە"ـی ڕاگەیاند، لە نەخۆشخانەی رزگاری ئەو تووشبووانەی لێیە كە باری تەندروستییان جێگیر نییە و ڤایرۆسەكە كاریگەری لەسەر دروست كردوون.

شەش كەسەی باری تەندروستییان جێگیر نییە، هەوڵی زۆرمان داوە و چی پێویست بووە بۆیان كراوە
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ڕزگاری گوتی، لە بەشی چاودێریی چڕ شەش نەخۆش هەن، بەكۆی گشتی ئێستە 125 تووشبووی كۆرۆنا لە نەخۆشخانەی ڕزگاری هەن، هەروەها ئەو شەش كەسەی باری تەندروستییان جێگیر نییە، هەوڵی زۆرمان داوە و چی پێویست بووە بۆیان كراوە.

باسی لەوەش كرد، خۆشبەختانە دوێنێ‌ هیچ حاڵەتێكی مردن بە كۆرۆنا لە هەولێر تۆمار نەكراوە، هەروەها ئەو تووشبووانەی باری تەندروستییان جێگیرە، لە بەشە ناوخۆییەكان چارەسەریان بۆ دەكرێت.

بەشێوەیەكی گشتی ژمارەی تووشبووانی كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستان، شەش هەزار تووشبووی تێپەڕاندووە و ژمارەی ئەو كەسانەی گیانیان لە دەست داوە زیاتر لە 200 كەسن.





وشە - رامیار جەواد