كەرەنتین رێژەی تووشبوون بە كۆرۆنای لە كوردستان كەم كردووەتەوە

:: PM:12:15:04/07/2020 ‌
لە چەند رۆژی رابردوودا ئیدارەی خۆجێیی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان، رێوشوێنی توندی كەرەنتینیان جێبەجێ كردووە و ئامارەكان ئەوە دەردەخەن كە ئەو هەنگاوە تووشبوون بە كۆرۆنای كەم كردووەتەوە.

بەپێی دواین ئامارەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، كۆی ژمارەی تووشبووان لە كوردستان گەیشتووەتە شەش هەزار و 844 حاڵەت كە لەم ژمارەیە دوو هەزار و 252 كەس چارەسەر كراون و 187 كەسیش گیانیان لە دەست داوە.

لە 27 حوزەیران و نزیكەی هەفتەیەك لەمەوبەر، زۆرترین حاڵەتی تووشبوون بە كۆرۆنا لە كوردستان تۆمار كران و لەو رۆژەدا 348 كەس تووشی كۆرۆنا بوون، بەڵام لە رۆژەكانی دواتر ژمارەكە رووی لە دابەزین كردووە.

لە 28 ی مانگ 139 كەس تووشی كۆرۆنا بوون. لە دووی تەمووز  254 حاڵەت و لە رۆژی هەینی سێی تەمووز 187 كەس تووشی كۆرۆنا بوون كە بەراورد بە 27ی مانگ دابەزین تۆمار كراوە.

دكتۆر محەمەد قادر گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ "وشە" روونی كردەوە، بە ماوەیەكی كورت ئەمە ناسەملێنرێت رێژەكە كەمی كردووە یان نا، بەڵكو لانی كەم پێویستە ئاماری دوو هەفتە هەڵسەنگاندنی بۆ بكرێت و ئەگەر ژمارەكان كەمیان كردبێت، ئەوكات دەتوانین بڵێین رێوشوێنەكان كاریگەرییان هەبووە.

ئەو ئاماژەی دا بە دڵنیاییەوە كەرەنتین كاریگەری باشی دەبێت و لە رۆژانی داهاتووشدا ژووری ئۆپراسیۆنی پارێزگاكان سەربەست كراون خۆیان چ بڕیارێك لەبارەی كەرەنتین دەدەن.

وا باشترە لەپڕ قەدەغەی هاتوچۆ لانەبرێت، بەڵكو قۆناغ بە قۆناغ بێت
ئەو پێی وایە وا باشترە لەپڕ قەدەغەی هاتوچۆ لانەبرێت، بەڵكو قۆناغ بە قۆناغ بێت و پلانی كارپێكردنی 30%ی فەرمانبەرانی فەرمانگەكانیش كاری پێ بكرێت و خەڵك رەچاوی رێنوێنییەكانی تەندروستی بكەن.


وشە - سلێمان تاشان