ئارایشگا و سه‌نته‌ره‌كانی جوانكاریی ژنان، وه‌ك هه‌ر شوێنێكی تر به‌هۆی كۆرۆناوه تووشی زیانی ئابووری بوونه‌ته‌وه، له‌به‌رئه‌وه ده‌ستیان به پێشكه‌شكردنی چه‌ند ئۆفه‌رێك كردووه تا له سه‌ردانكه‌رانیان دانه‌بڕێن و له‌ڕێی سۆشیال میدیاوه له خزمه‌تكردنیان به‌رده‌وام بن و سه‌رجه‌م ڕێنوێنییه ته‌ندروستییه‌كانیش جێبه‌جێ ده‌كه‌ن.
به‌هۆی بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا له هه‌رێمی كوردستان، بڕیاری قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ و شوێنه گشتییه‌كان دراوه، ئارایشگا و سه‌نته‌ره‌كانی جوانكاریش له‌به‌رئه‌وه‌ی ده‌بنه هۆی دروستبوونی قه‌ره‌باڵغی و ژنان لێی كۆ ده‌بنه‌وه، چه‌ند جارێك بڕیاری داخستن و سنوورداركردنی شێوازی كاركردنیان دراوه، به‌پێی قسه‌ی خاوه‌ن ئارایشگاكان، ئه‌وان له‌و داخستنانه زیانمه‌ند بوون، بۆیه په‌نایان بۆ تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بردووه تا له سه‌ردانكه‌رانیان دانه‌بڕێن.
داشكانی تایبه‌تمان ڕاگه‌یاندووه
دیلان مزه‌فه‌ر خاوه‌نی ئارایشگای لیڤان به "وشه"ی گوت، ته‌واوی كاره‌كانمان له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بڵاو ده‌كه‌ینه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی سه‌ردانكه‌رانمان ئاگایان له چالاكییه‌كانمان بێت و له یه‌كتر دانه‌بڕێین، چونكه ئه‌م دۆخه كاریگه‌ریی له‌سه‌ر ئێمه‌ش دروست كردووه، له‌به‌رئه‌وه‌ی ده‌شزانین ئه‌وانه‌ی دێنه لامان وه‌ك ئێمه تووشی زیانی ئابووری بوون، بۆیه داشكانی تایبه‌تمان ڕاگه‌یاندووه.
جگه له‌و ئارایشگایه، چه‌ندان ئارایشگا و سه‌نته‌ری جوانكاریی تریش ده‌ستیان به داشكاندن و بڵاوكردنه‌وه‌ی ئۆفه‌ری تایبه‌ت له‌ڕێی تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه كردووه. تارا عومه‌ر خاوه‌نی سه‌نته‌ری تارا كه 16 ساڵ ئه‌زموونی كاركردنی هه‌یه و یه‌كه‌م جاره تووشی دۆخێكی وه‌ك ئێسته ببێته‌وه، بۆ "وشه" گوتی، ئێمه‌ش داشكانی تایبه‌تمان كردووه، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌م ئێمه له كار نه‌وه‌ستین و هه‌م ڕه‌چاوی دۆخی ئابووریی سه‌ردانكه‌رانمان بكه‌ین، جگه له‌وه‌ش ته‌ندروستیی ته‌واوی ئه‌و كه‌سانه‌ی دێنه لامان بۆ ئێمه گرنگه، بۆیه سه‌رجه‌م ڕێنوێنییه ته‌ندروستییه‌كان پێڕه‌و ده‌كه‌ین.
به دانانی واده پێشوازیی له سه‌ردانكه‌رانمان ده‌كه‌ین
له‌لایه‌كی تره‌وه خاوه‌نی ئارایشگای دانی كه دانیال ئومێده به "وشه"ی گوت، ئێمه جگه له پێڕه‌وكردنی ڕێنوێنییه‌كانی ته‌ندروستی له‌سه‌ر خۆمان و سه‌ردانكه‌رانمان، ناهێڵین قه‌ره‌باڵغیش له ئارایشگاكه‌مان دروست بێت، بۆیه به دانانی واده پێشوازیی له سه‌ردانكه‌رانمان ده‌كه‌ین و ناهێڵین به هیچ جۆرێك قه‌ره‌باڵغی دروست بێت و مه‌ترسیی له‌سه‌ر ژیانیان هه‌بێت.
وشه/ په‌ریهان عومه‌ر