یەكتر تۆمەتباركردن بە هۆكاری سەرهەڵدانی كۆرۆنا دەستی پێ كرد

:: PM:03:56:04/07/2020 ‌

هەر لە سەرەتای دەركەوتنی زیانی گیانی و ئابوورییەكانی ڤایرۆسی كۆرۆنا، وڵاتان دەستیان بە دروستكردنی گومان لەبارەی هۆكار و مەبەست و شوێنی سەرهەڵدان ڤایرۆسەكە كرد، ئەوان هەواڵگریی خۆیان بۆ لێكۆڵینەوە و دۆزینەوەی بەڵگە ئاراستە كرد، لە نوێترین زانیاری لەوبارەوە، بەرپرسانی چین بانگەشەی ئەوە دەكەن كە ڤایرۆسەكە پێش دۆزینەوەی لە چین، لە ئیسپانیا دەركەوتووە.
تیمێكی لێكۆڵینەوە رەوانەی چین دەكرێت
ڤایرۆسی كۆرۆنا لە كۆتایی 2019 لە ووهانی چینییەوە سەری هەڵدا، بەپێی زانیاری فەرمی لە بازاڕێكی فرۆشتنی ئاژەڵی وەك سەگ و شەمشەمە كوێرە و خشۆكەكان سەری هەڵداوە، زانیاری نافەرمیش ئاماژە دەكات بۆ ئەوەی سەرەتای سەرهەڵدانی تاقیگەی ووهانە كە چەندان تاقیكردنەوەی ڤایرۆسی تیادا ئەنجام دەدرێت، بەوەی لەوێ دەستكاری بۆماوەیی پێكهاتەی جینی ڤایرۆسەكە كراوە و بەوشێوەیە بكوژ و خێرا بڵاوبوونەوەی لێ كراوە.

ئەو راگەیاندنەی چین بەوەی ڤایرۆسەكەكە لە ئیسپانیا سەری هەڵداوە، دوای چەند رۆژێك دێت لە راگەیاندنی رێكخراوی تەندروستی جیهانی بەوەی نیازی رەوانەكردنی تیمێكی رێكخراوەكەی بۆ چین هەیە بۆ لێكۆڵینەوە لەبارەی هۆكاری دەركەوتنی ئەو ڤایرۆسە. 

تسنگ گوانگ، گەورە زانای ژینگەزانی لە سەنتەری چینی بۆ رووبەڕووبوونەوەی نەخۆشییەكان و خۆپاریاستن لێیان، بە رۆژنامەی "گڵۆباڵ تایمز"ی چینی راگەیاند، دەبێت لێكۆڵینەوەكان وڵاتانی تریش بگرێتەوە، وەك ئیسپانیا، كە توێژینەوەكان دەریان خستووە لەوێ ڤایرۆسەكە لە نموونەیەكی ئاوی زێراب لە ئازاری 2019 بەر لە دۆزینەوەی لە چین لە كۆتایی 2019، دۆزراوەتەوە، بۆیە دیاریكردنی سەرچاوەی ڤایرۆسەكە دەبێت چەندان وڵات بگرێتەوە. 




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل