حزبەكانی عێراق بەمشێوەیە دەستیان بەسەر موڵكومالی حكوومەت گرتووە

:: PM:09:45:04/07/2020 ‌

لە 17ی ساڵی رابردوودا هێزە سیاسییەكانی عێراق چەندان شێوازی دەستگرتنیان بەسەر داهات و سەرمایە و موڵكوماڵی ئەو وڵاتە پێڕەو كردووە، تەنانەت داهێنانی گەورەشیان تیایدا كردووە، بەشێوەیەك شارەزایانی بوارەی گەندەڵی سەریان لێی دەرناچێت، شارەزایەك ئاماژە بۆ چوار شێوازی یاسایی دەكات كە حزبەكانی عێراق لەو رێگەوە دەستیان بەسەر موڵكوماڵی گشتیدا گرتووە. 
وەبەرهێنان لەچەند پڕۆژەیەكی وەهمی كراوە
عەبدوسەتار رەمەزان، شارەزای یاسایی باس لە چوار رێگە دەكات كە چەند پارتێكی عێراقی بۆ دەستگرتن بەسەر سامان و موڵكوماڵی گشتی بەكاریان هێناوە، سەرەتای بابەتەكەیش بەو بەشبەشێنە دەستی پێ كرد، كە وای كرد هەر حزبێك دەسەڵاتی رەهای بەسەر چەند وەزارەتێك هەبێت.

زیاتر گوتی، ئەو حزبانە بە چوار رێگەی یاسایی و ساختە ئەو كارەیان كردووە، یەكەم ئەو موڵكانەیان لە مەزادی خەیاڵی بە نیوەی بەهاكەیان فرۆشتووە و پارەكەیش بە قست بۆ ماوەی 15-20 ساڵ بدرێت، دووەم لە رێگەی گرێبەستی موساتەحە لە 20-50 ساڵ ئەو موڵكانەیان بەخۆیان و ئەندامانیان بەخشیوە.

روونی كردەوە، سێیەم وەبەرهێنان لە چەند كەرتێك یان پڕۆژەی وەهمی، كە دوای هەڵاتنی وەبەرهێن پارەكە بەفیڕۆ دەچێت، چوارەم، ساختەكردن و گۆڕینی تۆماری زەویوزار و موڵكوماڵ و دەركردنی بەناوی كەسایەتی و حزبەكانەوە، بەتایبەتی لە بەغدا و ناوچە ئازادكراوەكان لە داعش. 





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل