تا ئێستە ڤایرۆسی كۆرۆنا بەردەوامە لە گەیاندنی زیاترین زیانی گیانی و ئابووری بە كۆمەڵگەی مرۆڤایەتی، ئەو ڤایرۆسەی بەر لە شەش مانگ لە ووهانی چینییەوە دەستی پێ كرد و بە پەلە سەرانسەری دنیای گرتەوە و تا ئێستە چارەسەری بنبڕی بۆ نییە، پزیشكێك پێشبینی وادەی دووەم شەپۆڵی ئەو پەتایە دەكات.
جیاكردنەوەی تووشبووانی نەخۆشییەكانی سەرما و كۆرۆنا زەحمەت دەبێت
لەوكاتەی كۆمپانیاكانی دەرمان و زانایان كێبەركێی كات دەكەن بەر لە سەرهەڵدانی دووەم شەپۆڵی ڤایرۆسی كۆرۆنا، پێكوتە و چارەسەری بۆ ئەو پەتای بدۆزنەوە، كە بەپێی زانیارییەكان تا ئێستە بەشێكیان گەیشتوونەتە سێیەم و كۆتا قۆناغی سەركەوتن و بەرهەمهێنان، پڕۆفیسۆر لیۆنید ئیدڵمان، سەرۆكی پێشووی كۆمەڵەی پزیشكانی جیهانی، رای گەیاند كە چاوەڕوان دەكرێت سەرەتای دووەم شەپۆڵی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا بكەوێتە مانگەكانی نۆڤێمبەر و دیسێمبەری ئەمساڵەوە.
ئەو لە لێدوانێكی بۆ ئاژانسی
"نۆڤۆستی"ی رووسی زیاتر گوتی، ئەوەی باوە هەموو ساڵێك ژمارەی نەخۆشانی كۆئەندامی هەناسە لە مانگەكانی نۆڤێمبەر و دیسێمبەر زیاد دەكات، ئەوكات جیاكردنەوەی نەخۆشەكان لەوانەی كۆكە و پژمینیان هەیە لەگەڵ ئەوانەی كۆرۆنایان هەیە، زەحمەت دەبێت، ئەوەیش كێشەیەكی گەورەیە.
بەپێی حیساباتەكان شەپۆڵی بڵاوبوونەوەی پەتاكە لە وەرزی پایز زیاتر دەبێت لە وەرزی هاویندا، لەدوای لابردنی كەرەنتینە و خۆپارێزی، بۆیە پێویستە ئەوكات هەموو دامەزراوەكانی سیستمی چاودێری تەندروستی ئامادەی رووبەڕووبوونەوەی نەخۆشییەكە بن، بەتایبەتی لە مانگی تشرینی دووەم، چونكە نەخۆشییەكانی سەرمابوونی وەرزی لەو مانگەدا دەست بە بڵاوبوونەوە دەكات.