توركیا ئێس-400ی رووسی لەسەر فڕۆكەی ئەمەریكی تاقی دەكاتەوە

:: PM:05:36:07/07/2020 ‌

توركیا بابەتی ئێس-400ی رووسی وەك كارتێكی گوشار بۆ سەر ئەمەریكا بەكاردێنێت، ئەوكاتەی توركیا رای گەیاند كە ئەو سیستمە رووسییە دەكرێت، ئەمەریكا و هاوپەیمانی ناتۆ ناڕەزایەتی توندیان پێشان دا، بەمدواییە توركیا ئەو سیستمە رووسییەی لەسەر فڕۆكە جەنگییەكانی ئەمەریكا تاقی كردەوە.
سوپای توركیا ئەنجامی تاقیكردنەوەكانی ئاشكرا نەكردووە
وەك رۆژنامەی " Fighter Jets World"، بڵاوی كردووەتەوە، ئەو سیستمە مووشەكییە رووسیەی توركیا لە بنكەی ئاسمانی مورتەد دایناوە، لەسەر چەند فڕۆكەیەكی ئەمەریكی جۆرەكانی ئێف-16 و ئێف-4 فانتۆم تاقی كراوەتەوە. 

رۆژنامەكە دەڵێت، ئەو فڕۆكانە لە ناوچەیەكی نزیك بنكە ئاسمانییەكە لە رێگەی رادارەكانەوە بینراون، ئەو تاقیكردنەوەانەیش تا 26ی تشرینی دووەمی داهاتوو بەردەوام دەبن، بەڵام تا ئێستە سوپای توركیا ئەنجامی تاقیكردنەوەكانی ئاشكرا نەكردووە.

توركیا و رووسیا گرێبەستی كڕینی سیستمی بەرگری ئاسمانی مووشەكی ئێس-400ی پێشكەوتووی رووسیان لە كانوونی یەكەمی 2017 لە ئەنكەرە واژوو كرد، بەپێی رێككەوتنەكە توركیا قەرزی لەلایەن رووسیا پێ دەدرێت، بۆ كڕینی ئەو سیستمە، هاوكات گرێبەستە بووە هۆی ئاڵۆزبوونی پێوەندییەكانی توركیا و ئەمەریكا.  


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل