پنتاگۆن: كوژرانی قاسم سلێمانی لەپێناو سەقامگیریی ناوچەكە بوو

:: PM:06:13:07/07/2020 ‌

لەوكاتەی بەرپرسێكی نەتەوە یەكگرتووەكان كوشتنی قاسم سلێمانی بە نایاسایی وەسف دەكات، وەزارەتی بەرگری ئەمەریكا رای گەیاند، قاسم سلێمانی پلانی بۆ چەند هێرشێكی تیرۆریستی بۆ سەر بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا و وڵاتانی تر بەدەستەوە بوو، بۆیە كوشتنی لەپێناو سەقامگیری ناوچەكە بووە.
گرتنی دەستی ئێران بوو لە شێواندنی ئاسایشی وڵاتان
قاسم سلێمانی، فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسی ئێران بە هاوەڵی ئەبو مەهدی موهەندیس، جێگری سەرپەرشتیاری حەشدی شەعبی و ژمارەیەك گەورە ئەفسەری فەیلەقی قودس و حەشدی شەعبی، لە سەرەتای ئەمساڵ لەلایەن فڕۆكەیەكی بێ فڕۆكەوانی ئەمەریكا بە مووشەك لە نزیك فڕۆكەخانەی بەغدا كوژران، ئەوەیش ئاڵۆزییەكی گەورەی دروست كرد.

بەرپرسێكی وەزارەتی بەرگری ئەمەریكا بەرانبەر قسەكانی ئەو بەرپرسەی نەتەوە یەكگرتووەكان گوتی، كوژرانی سلێمانی خزمەتێك بوو بۆ سەقامگیریی ناوچەكە و گرتنی دەستی ئێران بوو لە شێواندنی ئاسایشی وڵاتان دەوروبەری.

دووپاتی كردەوە، قاسم سلێمانی پلانی بۆ چەند هێرشێكی تیرۆریستی بۆ سەر بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا و وڵاتانی تر بەدەست بوو، بۆیە وەڵامدانەوەی ئەمەریكا لە چوارچێوەی ستراتیجیەتی كردنەئامانجی تیرۆریستان دێت لە دنیا.

بەمدواییە ئەگنیس كالامارد، بڕیاردەری تایبەتی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ كاروباری لەداردان و كوشتنی نایاسایی لەبارەی كوشتنی قاسم سلێمانی گوتبووی، كوشتنەكە نایاسایی بووە.  




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل

ئه‌م بابه‌ته 164 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌