به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گومرگی هه‌رێمی كوردستان، هه‌ردوو به‌ڕێوه‌به‌ری مه‌رزی نێوده‌وڵه‌تی په‌روێزخان و به‌ڕێوه‌به‌ری گومرگی گه‌رمیانی لادا و بۆ ماوه‌ی 40 رۆژ لێكۆڵینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵدا ده‌كات.
تۆمه‌ته‌كانیان زۆرن و ماده‌كان روون نین له‌سه‌ریان
ئه‌مڕۆ دووشه‌م 13ی ته‌مووز، ساماڵ عه‌بدولڕه‌حمان به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی گومرگی هه‌رێمی كوردستان به "وشه"ی راگه‌یاند، هه‌ریه‌ك له به‌ڕێوه‌به‌ری گومرگی گه‌رمیان و به‌ڕێوه‌به‌ری ده‌روازه‌ی نێوده‌وڵه‌تی په‌روێزخان، به‌شێوه‌یه‌كی كاتی بۆ ئه‌نجامدانی لێكۆڵینه‌وه له‌گه‌ڵیان لاده‌برێن و دوو كه‌سی تر ده‌خرێنه جێیه‌كانیان.
زیاتر روونی ده‌كاته‌وه، دوای لێكۆڵینه‌وه له‌گه‌ڵیان ئه‌گه‌ری لادانیان به‌شێوه‌ی یه‌كجاری هه‌یه، به‌ڵام چاوه‌ڕێی ده‌رئه‌نجامی لێكۆڵینه‌وه‌كان ده‌كه‌ین .
ده‌زگای میدیای "وشه" زیاتر له جارێك پرسی هێنانی خۆراكی خراپی ئێرانی و كاری نایاسایی له مه‌رزی نێوده‌وڵه‌تی په‌روێزخان خستووه‌ته روو، بۆ ئه‌وه‌ش هه‌میشه هه‌وڵی داوه له‌سه‌ر ئه‌و پرسانه هه‌ریه‌ك له عه‌لی تۆفیق به‌ڕێوه‌به‌ری مه‌رزی نێوده‌وڵه‌تی په‌روێزخان له‌سه‌ر پشكی گۆڕان، حوسێن ئه‌حمه‌د به‌ڕێوه‌به‌ری گومرگی گه‌رمیان له‌سه‌ر پشكی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان بدوێنێت، به‌ڵام زۆرجار خۆیان له پێدانی زانیاری و لێدوان دوور ده‌خسته‌وه.
محه‌مه‌د وه‌هاب ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای سلێمانی له‌سه‌ر پشكی گۆڕان كه نوێنه‌ری گه‌رمیانه له ئه‌نجوومه‌نه‌كه، به "وشه"ی راگه‌یاند، بۆ ماوه‌ی 40 رۆژی ته‌واو لێكۆڵینه‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌و دوو به‌رپرسه‌ی مه‌رزی په‌روێزخاندا ده‌كرێت، تۆمه‌ته‌كانیان زۆرن و ماده‌كان روون نین له‌سه‌ریان، بۆیه هه‌ر ئه‌مڕۆ دوو كه‌سی تر له جێیه‌كانیان دانران.
مه‌رزی نێوده‌وڵه‌تی په‌روێزخان، له نێوان ئێران و هه‌رێمی كوردستانه كه ده‌كه‌وێته سنووری خانه‌قین و گه‌رمیانه‌وه، به یه‌كێك له‌و مه‌رزانه هه‌ژمار ده‌كرێت كه زۆرترین قه‌باره‌ی بازرگانیی ئێران له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستانی لێوه ئه‌نجام ده‌درێت.
گه‌رمیان/ سه‌بری هۆرێنی