پێگه‌ی
پۆلیگرافی ئه‌مه‌ریكی بابه‌تێكی له‌سه‌ر بۆچوونێكی گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ڕووسیا به ناونیشانی "ببوورن كورده‌كان، ڕووسیا ده‌ڵێ، سووریا نموونه‌یه‌كه بۆ پێكه‌وه‌ژیانی نه‌ته‌وه‌یی و ئایینی" بڵاو كردووه‌ته‌وه و به ته‌واوی ئه‌و بۆچوونه‌ی مۆسكۆ ڕه‌ت ده‌كاته‌وه كه سووریا به نموونه‌ی پێكه‌وه‌ژیان ناو ده‌بات و دووپاتیش له‌وه ده‌كاته‌وه، كه كورده‌كان زۆرترین زوڵم و سته‌میان له سووریا لێكراوه، بۆیه پێویست بوو ڕووسیا وشه‌ی ببوورن كورده‌كان بخاته ناو ئه‌و هه‌ڵوێسته‌یه‌وه.
له بابه‌ته‌كه سه‌ره‌تا به بۆچوونی ماریا زاخارۆڤای گوته‌بێژ به‌ناوی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ڕووسیا ده‌ستی پێكردووه كه ماوه‌یه‌ك پێش ئێسته گوتی، چه‌ندان سه‌ده‌یه، سووریا وڵاتی پێكه‌وه‌ژیانی گرووپی نه‌ته‌وه‌یی و ئایینی جیا جیا بووه و هه‌مووان به‌شێوه‌یه‌كی ئاشتیانه و له‌وپه‌ڕی ئارامی و ئاسایش دا ژیانیان كردووه، بۆیه ئێمه له‌و بڕوایه‌داین كه پێویسته ئه‌و كولتوور و فه‌رهه‌نگه مێژوویییه له سووریا بپارێزرێ و به‌رده‌وامی پێ بدرێت".
له‌سه‌ر ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ڕووسیا میدیا ئه‌مه‌ریكییه‌كه نووسیویه‌تی، ئه‌و قسانه‌ی زاخارۆڤا له نۆی ته‌مووز/یۆلیۆ له‌میانه‌ی ڕاگه‌یاندنی پشتیوانی مۆسكۆ بۆ ده‌ستكردن به گفتوگۆ و دانوستاندنی نێوان كورده‌كان و ڕژێمی به‌عسی سووریا دووپاتی لێ كرایه‌وه، كه ئه‌مه‌یش به ته‌واوی جێی سه‌رسڕمانی بوو كه وڵاتێكی وه‌كو ڕووسیا ئاگه‌داری مێژوو نه‌بێ و خۆی لێ بێبه‌ری بكات و هه‌ڵوێستێكی ته‌واو پێچه‌وانه‌ی واقیع ده‌رببڕێت.
سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه سووریا له‌و سنووره نێوده‌وڵه‌تییه‌ی كه نه‌خشه‌ی بۆ كێشراوه، نیشتمانی زۆر گرووپی ئایینی و نه‌ته‌وه‌یی جیا جیایه، له هه‌ندێ كات به ئاشتی ژیاون و كێشه له نێوانیان نه‌بووه، به‌ڵام به هیچ شێوه‌یه‌ك ئه‌و ئاشتی و پێكه‌وه‌ژیانه له دوای گرتنه‌ده‌ستی ده‌سه‌ڵات له‌لایه‌ن ماڵباتی ئه‌سه‌ده‌وه بوونی نه‌بووه و نه‌ماوه، پاش ئه‌وه‌ی حافز ئه‌سه‌دی باوكی به‌شار له ساڵی 1970 به كوده‌تایه‌كی سه‌ربازی توانی ده‌سه‌ڵات كۆنتڕۆڵ بكات.
مۆسكۆ خۆی له مێژوو بێبه‌ری كردووه و ئه‌سه‌د به ئاشتیخواز ناو ده‌بات
له‌وكاته‌وه تا ئێسته‌یش كه به‌شاری كوڕی سه‌ركردایه‌تی ڕژێمی به‌عس ده‌كات، ئه‌وان به وردی و به‌رنامه‌ڕێژیییه‌وه كاریان له‌سه‌ر قووڵكردنه‌وه‌ی ململانێ و شه‌ڕ و ناكۆكی نێوان نه‌ته‌وه و ئایین و ئاینزاكانی سووریا كردووه، تا به‌مشێوه‌یه ده‌سه‌ڵاتی خۆیان بپارێزن و هیچ ده‌رفه‌تێك نه‌هێڵنه‌وه كه پێوه‌ندی باش و ئاشتیانه‌ی نێوان پێكهاته جیاوازه‌كانی سووریا ببێته هۆی یه‌كگرتنی سوورییه‌كان و دژ به ڕژێمی به‌عسی بنه‌ماڵه‌ی ئه‌سه‌د بێنه ده‌نگ و كۆتایی‌یان پێ بهێنن.
له‌وكاته‌ی حافز ئه‌سه‌د ده‌سه‌ڵاتی سووریای گرتووه‌ته ده‌ست، یه‌كه‌م هه‌نگاوی به قه‌ده‌غه‌كردنی زمان و كولتوور و فه‌رهه‌نگی كوردی ده‌ست پێكرد، ئه‌و سیاسه‌ته درێژه‌ی پێدرا و ته‌نیا بریتی نه‌بوو له قه‌ده‌غه‌كردن و ڕێگری له ئازادی چالاكییه‌كانی كورد و پێكهاته‌كانی تر، به‌ڵكو به‌شێوه‌یه‌كی ستراتیجی ده‌ستی به دروستكردنی "پشتێنه‌ی عه‌ره‌بی" كرد كه به درێژایی سنووری سووریا و توركیا خانوو بۆ عه‌ره‌ب دروستكراو و زه‌وی كوردیان به زۆر به‌ناوه‌وه كرا، كه ئه‌مه‌یش گۆڕینێكی ئاشكرا و بێ سه‌لماندنه و هیچ كه‌س ناتوانێ نكۆڵی لێ بكات و هه‌مووان ئاگه‌داری ئه‌و بابه‌ته‌ن.
ئه‌و پێكه‌وه‌ژیان و ئاشتییه‌ی مۆسكۆ باسی لێوه ده‌كات، له كاتێكدایه له سووریا هه‌ڵكوتانه سه‌ر ماڵی كورد و ده‌ستگرتن به‌سه‌ر خانوو و موڵكیان ببوو به دیارده‌یه‌كی زۆر گه‌وره و فره‌وان و كورده‌كان زۆرترین سته‌میان لێ ده‌كرا و نه‌ده‌بوو ناوی منداڵه‌كانیان بكه‌ن به كوردی، به‌هۆی ئه‌وه‌ی له نه‌ته‌وه‌ی كوردن له دامه‌زراوه‌كانی ده‌وڵه‌ت دامه‌زراندن بۆ ئه‌وان نه‌بوو.
كورده‌كان ناسنامه‌یان لێ سه‌نرایه‌وه و دیمۆگرافیای ناوچه‌كانیان گۆڕا
به دڵنیاییه‌وه ناكرێ ڕووسیا ئاگه‌داری بڕیاری 1962 ڕژێمی به‌عس نه‌بێ، كه به‌وهۆیه‌وه زیاتر له 100 هه‌زار كورد له سووریا ناسنامه‌یان لێ سه‌نرایه‌وه و بێ هیچ به‌ڵگه و دیكۆمێنتێك ژیانیان به‌سه‌ر ده‌برد و به ئاواره هه‌ژمار كرابوون، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌رچۆنێك بێ ڕێژه‌ی كورد له سووریا كه‌م بكه‌نه‌وه. ئه‌مه سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی هه‌موو بۆنه و جه‌ژن و فێستیڤاڵێكیان لێ قه‌ده‌غه كرابوو، له ئه‌گه‌ری پابه‌ندنه‌بوون به‌و بڕیارانه‌ی ڕژێمی به‌عسیش به توندترین شێوه ڕووبه‌ڕوویان ده‌بوونه‌وه و سزا ده‌دران و ده‌خرانه گرتووخانه‌كانه‌وه.
پێویست ناكات مۆسكۆ زۆر به مێژوودا ڕۆبچێ و پێویسته ته‌نیا بیر له ڕاپه‌ڕینه‌كه‌ی كورد له قامیشلۆ له ساڵی 2004 بكات، كه كورده‌كان به‌هۆی ئه‌و هه‌موو سته‌مه زۆره‌ی ئه‌سه‌د و ڕژێمه‌كه‌ی به‌رانبه‌ریان ده‌یانكرد، ڕقی په‌نگخواردووی چه‌ند ساڵه‌یان ته‌قییه‌وه و ده‌ستیان به هه‌ڵمه‌ت بۆ سه‌ر داووده‌زگه‌كانی ڕژێمی به‌عس كرد و ئه‌وانیش به زه‌بری ئاگر و ئاسن وه‌ڵامیان دانه‌وه، كه به‌وهۆیه‌وه 36 كه‌س گیانیان له ده‌ست دا و دوو هه‌زار كه‌سی تریش گیران و زۆرینه‌یان شوێبزر كران.