لە بەرەبەری كۆبوونەوەی ئۆپێك نرخی نەوت دابەزی

:: AM:11:10:14/07/2020 ‌
بڕیارە سبەی چوارشەم ئۆپێك پڵاس كۆ ببێتەوە و لە بەرەبەری ئەم كۆبوونەوەیەش، نرخی نەوت لە بازاڕەكانی دنیا رووی لە دابەزین كردووە.

بەگوێرەی dailyfx  سەرووی 24 سەعاتە نرخی نەوت لە بازاڕەكان رووی لە دابەزین كردووە. لە دوێنێ دووشەمەوە نرخی نەوتی برێنت لە سەرووی 43 دۆلار و 15 سەنتەوە بۆ خوارووی 31 دۆلار و 90 سەنت دابەزیوە.

ئەم دابەزینە لەكاتێكدایە بڕیارە رۆژی چوارشەم ئۆپێك و هاوپەیمانەكانی كۆ ببنەوە و بڕیاری گونجاو لەباری هەناردەی نەوت دەربكەن.

ئەوەی وایكردووە نرخی نەوت دابەزێت، ترسی بازرگانەكانە لە كڕینی نەوت و گومانیان هەیە ئۆپێك ئاستی سنوورداركردنی نەوت دابەزێنێت و نەوتی زیاتر هەناردە بكات.

هێشتا بازاڕەكان پڕن لە نەوتی زیادە
هێشتا بازاڕەكان پڕن لە نەوتی زیادە و دۆخەكە ئەوە دەخوازێت رێككەوتنی ئۆپێك و وڵاتانی تری بەرهەمهێنەری نەوت بۆ كەمكردنەوەی هەناردە درێژەی پێ بدرێت.

ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە لە نوێترین راپۆرتی مانگانەیدا ئاماژەی دابوو، قەبارەی داخوازی كڕینی نەوت 16 ملیۆن و 400 هەزار بەرمیل كەمی كردووە كە بە رێژە دەكاتە سەرووی 16%. وەك لە راپۆرتەكەدا باس كراوە و هەر لە سێ مانگی دووەمی ئەمساڵدا وڵاتان 14 ملیۆن بەرمیل لە بەرهەمهێنانی نەوتیان كەم كردووەتەوە.

سەرەڕای ئەوەی كە لە مانگی نیسانی ئەمساڵ، وڵاتانی ئۆپێك پڵاس بڕیاریان دا نۆ ملیۆن و 700 هەزار بەرمیل لە بەرهەمهێنانی نەوت كەم بكەنەوە، هێشتا بەرهەمهێنان لەسەرووی داخوازییە، بۆیەش پێویست دەكات وڵاتان بەرهەمهێنان زیاتر كەم بكەنەوە و لانی كەم لە رێككەوتنەكەیان بەردەوام بن.


وشە - سلێمان تاشان