رۆژانە 400 بارهەڵگر لە دەروازەی حاجی ئۆمەرانەوە دێنە هەرێمی كوردستان

:: PM:05:14:14/07/2020 ‌
رۆژانە لە دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران 300 تا 400 بارهەڵگر شتومەك بۆ هەرێمی كوردستان دەگوازنەوە. میدیاكانی ئێران دەڵێن لە چەند رۆژی داهاتوودا جووڵەكە زیاتر دەكات  و بەڕێوەبەری كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەرانیش دەڵێ هیچ گۆڕانكارییەكی نوێ نییە و رێوشوێنەكانی دژ بە كۆرۆنا وەك خۆی جێبەجێ دەكەن.

لە مەرزی نێودەوڵەتیی  حاجی ئۆمەران هاوشێوەی سەرەتاكانی بڵاو بوونەوەی كۆرۆنا كە كۆمەڵێك رێوشوێن و بڕیاری توند بۆ رێگەگرتن لە گواستنەوەی كۆرۆنا دەركرا، هەمان رێوشوێن جێبەجێ دەكرێن و لە ژێر سایەی ئەم رێنماییانە درێژە بە ئاڵوگۆڕی بازرگانی دەدرێت.

سیروان حسێن گوتەبێژی دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران بۆ "وشە" باسی لەوە كرد هیچ گۆڕانكارییەك بەسەر رێنمایی و رێوشوێنەكان لە مەرزەكەیان نەهاتووە و هەمان رێنمایی و بڕیارەكانی پێشتر جێبەجێ دەكەن و تیمە پێوەندیدارەكانی چاودێری لە كارەكانیان بەردەوامن.

ئەو روونی كردەوە هەر كاتێك حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاری نوێ دەربكات ئەوانیش گوێڕایەڵی دەبن  و تا ئەم كاتە هیچ گۆڕانكارییەك لەسەر ئەگەری كردنەوەی دەروازەكە بەڕووی گەشتیاران یان زیاتر پەرەپێدانی جووڵە بازرگانییەكان نییە.

بە پێی ئامارێك ئەو بەرپرسە خستیەروو رۆژانە 300 تا 400 بارهەڵگر بارەكانیان لە ئێرانەوە بۆ هەرێمی كوردستان دەگوازنەوە و نەیانهێشتووە جووڵەی بازرگانیی لە سنوورەكە پەكی بكەوێت.

پێویستە بگوترێ ئەمڕۆ سێشەم میدیاكانی ئێران باسیان لە ئەگەری زیادبوونی جموجووڵە بازرگانییەكان لە چەند رۆژی داهاتوودا كردووە. 

خێرایی جووڵەكە 20% بەرز دەبێتەوە.
ئیرەج ئازادی بەێوەبەری دەروازەی بازرگانیی تەمەرچین لە دیوی رۆژهەڵاتی كوردستان باسی لەوە كردووە لە هەفتەی داهاتووە و جووڵەی بارهەڵگرەكان لە سنوورەكە زیاتر دەبێت و بە پێی ئەو هەماهەنگییەی  لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی كوردستان ئەنجامیان  داوە خێرایی جووڵەكە 20% بەرز دەبێتەوە.



وشە - سلێمان تاشان