له به‌شێكی تری كتێبه‌كه‌ی جۆن بۆڵتن كه ناونیشانی "چیرۆكی سێ شار – لووتكه‌ی برۆكسل و له‌نده‌ن و هێلسنكی" لێناوه باس له‌وه ده‌كات كه دوای مانگێك له دیداری تره‌مپ و كیم جۆنگ ئۆن له سه‌نگاپوور، سێ كۆنگره و كۆبوونه‌وه‌یه‌كی گرنگ له مانگی تهمووز/یۆلیۆ له‌و سێ شاره ساز كران، كه یه‌كه‌میان دیداری لووتكه‌ی سه‌رۆكی وڵاتانی ئه‌ندام بوو له ناتۆ له برۆكسل و دووه‌میش دیداری تره‌مپ و تیریزا مای بوو له له‌نده‌ن و دواجاریش دیداری لووتكه‌ی تره‌مپ و پوتین بوو له فینلاند، كه به خاكی بێلایه‌ن ناسراوه، له نێوان به‌ره‌ی ڕۆژئاوا و ڕۆژهه‌ڵات.
به‌ر له‌وه‌ی تره‌مپ كۆشكی سپی بۆ ئه‌و سێ دیداره گرنگه جێ بهێڵێت، پێی گوتم، ناتۆ و به‌ریتانیا و دیداری پوتین له فینلاند، به ڕاشكاوانه گوتی، دیدارم له‌گه‌ڵ پوتین له هه‌ردوو دیداره‌كه‌ی تر جێی خۆشحاڵی منه و ئاسانتره، منیش به‌لامه‌وه سه‌یر بوو و لێم پرسی چۆن بیری لێ ده‌كه‌یته‌وه، له وه‌ڵامدا گوتی پرسیارێكی باشه و كۆمه‌ڵێك قسه‌ی كرد، كه له ده‌رئه‌نجامی قسه‌كانی بۆم ده‌ركه‌وت، كه تره‌مپ نایه‌وێ بچێته ناو هیچ ستراتیجێكی نێوده‌وڵه‌تی مه‌زنه‌وه و ته‌نانه‌ت ڕقی له هه‌موو ڕێككه‌وتن و هاوپهیمانیهتێكه.
بیركردنه‌وه‌ی تره‌مپ وه‌كو بازرگانێك و كه‌سێكه كه له بواری فرۆشتن و كڕینی خانوو و باڵه‌خانه و زه‌وی كار بكات، هه‌ر بیری له گرێبه‌ست و قازانجی دوو قۆڵییه و نایه‌وێ هاوبه‌شایه‌تی و كاری هه‌ماهه‌نگ له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك وڵات بكات، به‌هه‌مان ئاراسته‌یش سیاسه‌تی ده‌كرد، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ئێمه هه‌موو دیوه‌كانی كێشه‌كانمان بۆ ڕوون ده‌كرده‌وه و زۆر خۆمان هیلاك ده‌كرد، به‌ڵام ئه‌و له‌و چوارچێوه‌یه ده‌رنه‌ده‌چوو.
بۆ ڕێكخستنی ئه‌و سێ كۆبوونه‌وه‌یه گه‌شتم بۆ زۆرێك له پایته‌خته‌كانی ئه‌وروپا كرد و هه‌ماهه‌نگی و تاوتوێی به‌رنامه‌ی كاری دانیشتنه‌كانم كرد و دواجاریش به تره‌مپم ڕاگه‌یاند، كه به‌ره‌و مۆسكۆ به‌ڕێ ده‌كه‌وم، بۆ ڕێكخستنی دیداری له‌گه‌ڵ پوتین، تره‌مپ پێی گوتم، ئایا پێویست ده‌كات بڕۆیته مۆسكۆ؟ ناتوانی به ته‌له‌فۆنێك سه‌رجه‌م ئاماده‌كارییه‌كان ته‌واو بكه‌یت، به‌ڵام دواجار ڕه‌زامه‌ندی دا و هیوای كاری باشی خواست.
تره‌مپ نه‌یده‌زانی فینلاند وڵاتێكه و به به‌شێك له ڕووسیا تێگه‌یشتبوو
تره‌مپ به گومان بوو و هه‌میشه ترسی له مۆسكۆ هه‌بوو، له‌و بڕوایه‌دابوو به چوونی من بۆ مۆسكۆ بابه‌تی دیداری له‌گه‌ڵ پوتین ده‌بێته فه‌رمی و ترسی ئه‌وه‌یشی هه‌بوو دواجار مۆسكۆ دیداره‌كه ڕه‌ت بكه‌نه‌وه، به‌ڵام هه‌رچۆنێك بێ هه‌موو كاره‌كان به باشی به‌ڕێوه چوون، دواجار له گفتوگۆكانی ترم له‌گه‌ڵ تره‌مپ بۆم ڕوون بووه‌وه، كه تره‌مپ زۆر نیگه‌رانه كه پوتین له فینلاند ده‌بینێ و هیوای ئه‌وه‌ی ده‌خواست، كه پوتین سه‌ردانی واشنتن و كۆشكی سپی بكات، له كاتێكدا پوتین و ڕووسیا هێشتا ڕكابه‌رێكی سه‌رسه‌ختی ئه‌مه‌ریكا و دوژمنێكی گه‌وره‌ی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانمان له جیهان!
له‌كاتی مانه‌وه‌م له مۆسكۆ له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی ڕووسیا گفتوگۆمان له‌سه‌ر شوێنی دیداری لووتكه‌ی هه‌ردوو سه‌رۆك كرد، ڕووسه‌كان ڤیه‌ننایان به‌لاوه گونجاو بوو، ئێمه‌یش فینلاند، كاتێكیش له‌گه‌ڵ تره‌مپ له‌وباره‌وه قسه‌م ده‌كرد، ئه‌و گوتی، ئه‌ی فینلاند هه‌ر به‌شێك نییه له ڕووسیا، منیش زۆر به ورده‌كارییه‌وه وه‌ڵامم نه‌دایه‌وه، دواتر كیلی بۆی باس كردم، كه تره‌مپ دوای ته‌له‌فۆنكردن له‌گه‌ڵ منیش، له‌وی پرسیوه كه فینلاند ڕووسیایه یان وڵاتێكی سه‌ربه‌خۆ!
دواتر باڵوێزی ئه‌مه‌ریكا له مۆسكۆ "جۆن هانتسمان" به بۆنه‌ی چوونی من بۆ مۆسكۆ ئێواره‌خوانێكی گه‌وره‌ی ساز كرد، كه زۆرێك له سیاسی و بیرمه‌ند و كه‌سایه‌تییه گه‌وره‌كانی ڕووسیا ئاماده‌ی بوون، كه له نێویان دا ئیگۆر ئیڤانۆڤی وه‌زیری پێشووی ڕووسیایش بوونی هه‌بوو، كه پێشتر له سه‌رده‌می حكوومه‌تی بۆش گفتوگۆ و كارم له‌گه‌ڵی كردبوو.
ئه‌وه‌ی سه‌رنجم دا ڕووسه‌كان به گشتی هیوای ئه‌وه‌یان ده‌خواست كه پێوه‌ندییه‌كانیان له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا باش و ئارام و بێ كێشه بێ، به‌ڵام زۆریش وردبوون و له‌وه‌یش دڵنیا بوون، ئه‌گه‌ر كۆشكی سپیش حه‌زی به پێوه‌ندی باش و به‌هێزی نێوان هه‌ردوو وڵات بێ، ئه‌وا بۆچوونی كۆنگرێس و ڕای گشتی ئه‌مه‌ریكا هه‌ر به دژایه‌تیكردنی ڕووسیا ده‌مێننه‌وه، منیش دهرفهتهكهم قۆسته‌وه و زۆر به توندی قسه‌م له‌سه‌ر ده‌ستوه‌ردانی ڕووسیا له هه‌ڵبژاردنی ئه‌مه‌ریكا كرد و سه‌ركۆنه‌ی ئه‌م كاره‌ی مۆسكۆم كرد، هه‌رچه‌ند له‌وه‌یش دڵنیابووم كه زۆرینه‌ی ڕووسه‌كان ڕه‌نگه به‌شێوه‌یه‌كی ڕاسته‌وخۆ یان دوای دانیشتنه‌كه ڕاپۆرت بۆ كرملێن ده‌نێرێن له‌باره‌ی بۆچوون و قسه‌كانم له ئێواره خوانه‌كه، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یش دا هێنده‌ی تر سووربووم له‌سه‌ر ده‌ربڕینی هه‌ڵوێستی توند به‌رانبه‌ر به‌و كاره‌ی ڕووسیا.
له مۆسكۆ زۆرترین ڕه‌خنه‌م له ده‌ستوه‌ردانی ڕووسیا له هه‌ڵبژاردنی ئه‌مه‌ریكا گرت
بۆ ڕۆژی دواتر نیكۆلای باترۆشیڤ ئه‌مینداری ئه‌نجوومه‌نی گشتی به‌هۆی ئه‌وه‌ی له ده‌ره‌وه‌ی وڵات بوو، به‌ڵام زۆربه‌ی گه‌وره به‌رپرسانی ڕووسیامان بینی و گفتوگۆی چڕ و پڕمان كرد، له‌سه‌ر زۆربه‌ی كێشه گه‌رمه‌كانی دنیا، هه‌ر له ئێرانه‌وه تا كۆریای باكور و پرسی ئۆكراین و دوورگه‌ی كریما.
بۆ ئێواره له‌گه‌ڵ سێرگی لاڤرۆڤی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ڕووسیا نانمان خوارد و له وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێواره خوانێكی به بۆنه‌ی سه‌ردانه‌كه‌م بۆ مۆسكۆ ساز كردبوو، له‌گه‌ڵ لاڤرۆڤیش به وردی باسم له دۆسیه‌ی ده‌ستوه‌ردانی ڕووسیا له هه‌ڵبژاردنی ئه‌مه‌ریكا كرد و ئه‌ویش خۆی له بابه‌ته‌كه ده‌دزییه‌وه و بچووكی ده‌كرده‌وه، كه ئه‌وانه گه‌نجانی زیره‌كی بواری ته‌كنه‌لۆجیا خۆكارانه كردوویانه و هیچ پێوه‌ندی به حكوومه‌تی ڕووسیاوه نییه.
دواتر به‌ره‌و كرملێن به‌ڕێ كه‌وتین بۆ دیداری ڤلادیمێر پوتینی سه‌رۆكی ڕووسیا، زووتر له‌كاتی خۆی گه‌یشتین و سێرگی شویگۆی وه‌زیری به‌رگری ڕووسیا و شاندێكی سه‌ربازی وڵاته‌كه هاتنه پێشوازیمان و له‌گه‌ڵیان له ژوورێكی كرملێن دانیشتین، ئه‌مه هه‌مان ئه‌و ژووره‌بوو كه یه‌كه‌مجار له 2001 ڤلادیمێر پوتینم لێ بینی كه به یاوه‌ری دۆناڵد رامسفێلدی وه‌زیری به‌رگری ئه‌وكات و پاش هێرشه‌كه‌ی یازده‌ی سێپتێمبه‌ر سه‌ردانی مۆسكۆمان كرد، ژووره‌كه زۆر گه‌وره‌یه و به ڕه‌نگی زه‌رد و سپی و به ڕووپۆشێكی زێركراو ڕازێنراوه‌ته‌وه، مێزی دانیشتنه‌كان سپی بوون، ژماره‌یه‌ك له ڕۆژنامه‌نووسان ئاماده‌بوون، بۆ ئه‌وه‌ی وێنه‌ی ساتی یه‌كتربینینمان له‌گه‌ڵ پوتین بگرن و به میدیاكانی جیهان بڵاوی بكه‌نه‌وه.
تره‌مپ وه‌ك بازرگانی كه‌رتی زه‌وی و خانووبه‌ره سیاسه‌تی ده‌كرد
كاتێك چوومه ژوورێكی درێژ به گوێره‌ی ڕێنماییه‌كانی ئه‌فسه‌ری خزمه‌تكاری كرملێن، ده‌بوو پوتین له به‌رانبه‌رمه‌وه بێت و منیش هه‌نگاو بنێم، له‌وێ گه‌یشتین به یه‌كتر و ته‌وقه‌مان له‌گه‌ڵ یه‌كتر كرد و كامێرامانه‌كانی میدیاكان خه‌ریكی وێنه‌گرتنمان بوو، له‌كاتی بینینی پوتین هه‌ستم به‌وه كرد زۆر متمانه‌ی به‌خۆیه‌تی و به ته‌واوی جیاوازه له‌و پوتینه‌ی كه له 2001 بینیم.
دواتر لاڤرۆڤ و شویگۆ و یوری ئۆشاكۆڤ كه ڕاوێژكاری دیپلۆماسی پوتین بوو و پێشتر باڵوێزی ڕووسیا بوو له ئه‌مه‌ریكا هاتنه ژووره‌وه و كۆبوونه‌وه‌ی نێوانمان ده‌ستی پێكرد، پوتین واده‌ی دیداره‌كانی زۆر به وردی داده‌ڕێژێت و هیچ دواكه‌وتنێكی لێ دروست نابێت، پێچه‌وانه‌ی دیداره‌م له‌گه‌ڵ پاپای ڤاتیكان و شاژنی به‌ریتانیا و سه‌رۆكی وڵاتانی تر، هیچ هه‌ڵه‌یه‌كی دیپلۆماسیم نه‌بینی كه جێی ڕه‌خنه لێگرتن بێت.
دوای ته‌واوبوونی دیداره‌كه‌مان كه 45 خوله‌كی خایاند له‌گه‌ڵ پوتین قسه‌مان بۆ میدیاكان كرد و دواتریش ناوه‌رۆكی كۆبوونه‌وه‌كه‌م بۆ تره‌مپ گێڕایه‌وه، به‌وه‌ی كه هه‌موو ئاماده‌بووان له‌لایه‌نی ڕووسی بێده‌نگ له كۆبوونه‌وه‌كه دانیشتبوون و هیچ ده‌نگێكیان لێوه نه‌ده‌هات و ته‌نیا ئه‌وكاته بۆیان هه‌بوو كه قسه بكه‌ن، كه پوتین پرسیاریان لێ بكات. زۆر به وردی باسمان له پرسی چه‌كی ئه‌تۆمی و به‌رگری مووشه‌كی و په‌یماننامه‌ی كه‌مكردنه‌وه‌ی مووشه‌كی هه‌ڵگری كڵاوه‌ی ئه‌تۆمی و پێویستی ئه‌نجامدانی ڕێككه‌وتنێكی تر به ناوی ستارتی نوێ و ڕێگری كردن له بڵاوبوونه‌وه‌ی چه‌كی ئه‌تۆمی له دنیا كرد، ئه‌مه سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی گفتوگۆی ته‌واویشمان له‌سه‌ر دیداری لووتكه له نێوان تره‌مپ و پوتین كرد، كه به هه‌نگاوێكی گرنگ له‌لایه‌ن هه‌ردوولاوه هه‌ژمار كرا، بۆ باشكردنه‌وه‌ی پێوه‌ندییه‌كانی واشنتن و مۆسكۆ.