له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ڕێككه‌وتنه‌كه له‌لایه‌ن ڕووسیاوه به به‌رده‌وامی پێشێل ده‌كرا، له رووی واقیعییه‌وه‌یش گرنگی نه‌مابوو، چونكه ته‌كنه‌لۆجیا ئێسته هێنده پێشكه‌وتووه، كه ده‌توانرێ زۆر له‌و مووشه‌كه مه‌ودا مامناوه‌ندانه به‌شێوه‌یه‌كی تر دروست بكرێ و فێڵ له ڕێككه‌وتنه‌كه بكرێت، هه‌رچه‌نده ڕێككه‌وتنه‌كه‌یش ته‌نیا له نێوان ئه‌مه‌ریكا و ڕووسیا بوو، به‌ڵام كۆریای باكور و ئێران و چین به به‌رده‌وامی ئه‌و جۆره مووشه‌كه بالیستیكیانه‌یان به‌رهه‌م ده‌هێنا و بڵاوه‌یان پێ ده‌كردن، ته‌نیا وڵاتێك له دنیا كه پابه‌ندی ئه‌و ڕێككه‌وتنه و ئه‌و بواره بوو بریتی بوو له ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا.
كه‌لێنێكی گه‌وره‌ی ڕێككه‌وتنه‌كه ئه‌وه بوو كه ته‌نیا ئه‌و مووشه‌كانه‌ی تێدا باسكراوه كه له زه‌وییه‌وه ئاراسته ده‌كرێن، به‌ڵام ئێسته فڕۆكه‌ی جه‌نگی گه‌وره و پێشكه‌وتوو دروستكراون ده‌توانن هه‌مان مووشه‌ك له ئاسمانه‌وه بهاوێژن و زۆر وردتر ئامانجه‌كان بپێكن، به‌هۆی ئه‌و پێشێلكارییانه‌ی ڕووسیا و چین و كۆریای باكور و ئێران له‌و بواره به به‌رده‌وامی ئه‌نجامیان ده‌دا، هاوپه‌یمانه‌كانمان كه‌وتبوونه ژێر هه‌ڕه‌شه، به تایبه‌ت ئه‌وروپییه‌كان و ژاپۆن و كۆریای باشوور و هیند، كه توانای مووشه‌كه‌كان ئه‌و وڵاتانه به ئاسایی ده‌گه‌یشتنه ئه‌و وڵاتانه و ده‌توانرا سه‌رجه‌م ئامانجه‌كان بپێكرێن، كه ئه‌مه‌یش نیگه‌رانی و ناڕه‌زایه‌تی هه‌مووانی لێ كه‌وتبووه‌وه.
دواجار من و باترۆشیڤی هاوتا ڕووسیه‌كه‌م له نوێنه‌رایه‌تی ئه‌مه‌ریكا له نێو باره‌گه‌ی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان له جنێڤ یه‌كترمان بینی، به‌ر له‌وه‌یش من له‌گه‌ڵ ڕاوێژكاره‌كان گفتوگۆی زۆرمان كرد له باره‌ی هه‌نگاوه‌كانی ئه‌مه‌ریكا و دواتریش له‌گه‌ڵ مایك پۆمپیۆ به وردی تاوتوێی دۆخه‌كه‌مان كرد.
له‌گه‌ڵ باترۆشیڤ ده‌ستمان به كۆبوونه‌وه كرد و هه‌ردوولا گه‌یشتینه خاڵێكی هاوبه‌ش ئه‌ویش بریتی بوو له داماڵینی ئێران و كۆریای باكور له چه‌كی ئه‌تۆمی و مووشه‌كی بالیستیك، به‌ڵام دواتر هه‌مان سیناریۆی پوتینی له مۆسكۆ به‌كارهێنایه‌وه كاتێك له‌گه‌ڵی كۆبوومه‌وه و دووپاتی له‌وه كرده‌وه، كه ئێمه ده‌مانه‌وێ ئارامی جیهانی به ته‌واوی بێنینه دی، بۆیه كشانه‌وه له ڕێككه‌وتنی مووشه‌كی مه‌ودا مامناوه‌ندی ئه‌تۆمی له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریكاوه بریتییه له له‌ناوبردنی ته‌واوی ئه‌و ئارامی و ئاسایشه‌ی له دنیا بوونی هه‌یه.
مۆسكۆ داوای كاركردن بۆ ئاشتی جیهانی ده‌كرد و پێشێلی ڕێككه‌وتنی بڵاوكردنه‌وه‌ی مووشه‌كی بالیستیك و ئه‌تۆمی مه‌ودا مامناوه‌ندیشی ده‌كرد
ئه‌وه به‌لای منه‌وه ڕوون بووه‌وه كه ڕووسه‌كان ده‌یانه‌وێ له ڕێككه‌وتنه‌كه نه‌كشێینه‌وه و ده‌ست به دانوستاندن بكه‌ین له‌گه‌ڵیان و دواتر وه‌ك دیداری لووتكه له هێلنسكی میدیاكانمان لێ هان بده‌ن و ڕای گشتی له دژمان بجوڵێنن و ئه‌مه‌ریكا به دۆڕاو له دۆسیه‌كه بێته ده‌ره‌وه، بۆیه ده‌یانه‌ویست كه دانوستاندنه‌كان له نێو ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی بێ و ڕێككه‌وتنه‌كه به جیهانی بكرێت، كه ئه‌مه‌یش جیا له كات كوشتن هیچ شتێكی تر نه‌بوو.
له به‌رانبه‌ر ئه‌و پێشنیازه‌ی باترۆشیڤ پێكه‌نیم و گاڵته‌م پێی ده‌هات، ئه‌میش به‌وه نیگه‌ران بوو، دواتر دووپاتی كرده‌وه كه تۆمه‌تباركردنی ڕووسیا به پێشێلكردنی ڕێككه‌وتنه‌كه ته‌نیا پروپاگنده‌یه و دووره له ڕاستییه‌وه، به دڵنیاییه‌وه وه‌ڵامدانه‌وه‌ی قسه‌یه‌كی له‌مشێوه‌یه بۆ من زۆر ئاسان بوو، چونكه له سه‌رده‌می جۆرج ده‌بلیو بۆشه‌وه ئاگه‌داری پێشێلكارییه‌كانی ڕووسیام له‌سه‌ر بنه‌ما و ماده‌كانی ئه‌و ڕێككه‌وتنه، بۆیه به به‌ڵگه‌وه هه‌موویم بۆ ڕوون كرده‌وه، كه چۆن ڕووسیا پێشێلی ڕێككه‌وتننامه‌كه‌ی كردووه و چه‌ندان جاریش ئه‌مه‌م دووپات كرده‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی زۆر به باشی له قسه‌كانم تێ بگات.
وه‌ك هه‌موو دانوستاندنێكی ترمان له‌گه‌ڵ مۆسكۆ، ئه‌وانیش لیستێكی درێژیان ئاماده كردبوو، كه باسیان له پێشێلكارییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا كردبوو، كه پابه‌ندی ڕێككه‌وتننامه‌كه نه‌بووه، به‌ڵام ئێمه‌یش وه‌كو پێشوو بێ ئاماده‌كاری نه‌ڕۆیشتبووین، بگره لیستێكی زۆر فره‌وانتر و درێژترمان لابوو له‌سه‌ر پێشێلكارییه‌كانی ڕووسیا.
ئه‌وروپییه‌كان به ته‌واوی پشتیوانی ئه‌مه‌ریكایان كرد و مۆسكۆ زۆرترین فشاری له‌سه‌ر دروست كردن
ئێمه ده‌مانه‌ویست كه ڕێككه‌وتنه‌كه هه‌موار بكرێته‌وه و به ته‌واوی گشتگیر بكرێ و له‌گه‌ڵ پێشكه‌وتنی ته‌كنه‌لۆجیای سه‌ربازی ئه‌و سه‌رده‌مه بگونجێنرێت، به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌یش ده‌مانه‌ویست كه ئێران و كۆریای باكور و چین كه هاوپه‌یمان و نزیكی ڕووسیا بێنه ناو ڕێككه‌وتنه‌كه‌وه و پێوه‌ی پابه‌ند بن، به دڵنیاییه‌وه ئه‌وه‌یشمان ده‌زانی كه ڕووسه‌كان ئه‌وه قبووڵ ناكه‌ن، چونكه له شوێنی ئه‌وه‌ی له خاكی خۆیان ئه‌و جۆره مووشه‌كانه به‌رهه‌م بهێنن، له‌و وڵاتانه به‌رهه‌می ده‌هێنن، یان نهێنی دروستكردنی به‌و وڵاتانه ده‌ده‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی له دژی ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانه‌كانی به‌كاری بهێنین، ئه‌م یارییه هه‌ر له سه‌ره‌تاوه ئاشكرا بوو، بۆیه ئێمه پێداگری ته‌واومان له‌سه‌ر هاتنی وڵاتانی هاوپه‌یمانی ڕووسیا بۆ نێو په‌یماننامه‌كه ده‌كرده‌وه و مۆسكۆیش ئه‌وه‌ی به دڵ نه‌بوو.
دانوستاندنه‌كانمان بێ هیچ ده‌رئه‌نجامێك له‌گه‌ڵ هاوتا ڕووسیه‌كه‌م كۆتایی هات و له جنێڤه‌وه به‌ره‌و كیڤ كه‌وتمه ڕێ، بۆ ئه‌وه‌ی به‌شداری له ڕۆژی سه‌ربه‌خۆیی ئۆكرانیا بكه‌م و له‌وێ دیدارم له‌گه‌ڵ پترۆ پۆرۆشنكۆی سه‌رۆكی ئۆكرانیا و سه‌رۆك وه‌زیرانی وڵاته‌كه كرد و به ڕوونی ئاگه‌دارم كردنه‌وه، كه ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له داهاتوویه‌كی نزیك له ڕێككه‌وتنه‌ی مووشه‌كی ئه‌تۆمی مه‌ودا مامناوه‌ند له‌گه‌ڵ ڕووسیا ده‌كشێته‌وه و بۆیه پێویسته هێلی به‌رگریمان به‌رانبه‌ر به ڕووسیا زۆر به‌هێزتر بكه‌ین، چونكه ئۆكراین ببوو به ناوه‌ندێكی گه‌وره‌ی سه‌ركه‌وتنی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا و زاڵبوونی به‌سه‌ر ڕووسیا.
دوای گه‌ڕانه‌وه‌م بۆ واشنتن ماوه‌ی مانگێك خه‌ریكی ئاماده‌كاری و هه‌نگاونان بووین بۆ تاوتوێكردن و چۆنیه‌تیی كشانه‌وه له ڕێككه‌وتننامه‌كه، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی زانیاری دزه‌یان پێ ده‌كرا و هه‌ڵمه‌تی میدیایی له دژی كشانه‌وه‌كه دروست ده‌كران، به‌ڵام ئه‌وانه ساردیان نه‌ده‌كردینه‌وه و دووپات‌مان له‌وه ده‌كرده‌وه كه پێویسته به ئارامی كاری خۆمان بكه‌ین و هیچ په‌له نه‌كه‌ین.
ماوه‌ی 90 ڕۆژمان دانا تا له ڕێككه‌وتنه‌كه بكشێینه‌وه
له‌گه‌ڵ كارمه‌ندانی كۆشكی سپی به‌رده‌وام كۆ ده‌بووینه‌وه و تاوتوێی دۆخه‌كه‌مان ده‌كرد و دواجار گه‌یشتمه ئه‌و بڕوایه‌ی كه ئه‌گه‌ر كاتێكی كۆنكرێتی بۆ كشانه‌وه له ڕێككه‌وتنه‌كه ڕانه‌گه‌یه‌نرێت و بۆ هه‌مووان ئاشكرا نه‌كرێت، ئه‌وا كشانه‌وه‌كه هه‌رگیز ڕوونادات و بیرۆكراسی جارێكی تر هه‌موو ژیانمان وێران ده‌كات و تووشی شكستێكی گه‌وره‌مان ده‌كاته‌وه، بێ ئه‌وه‌ی هیچ ئه‌نجامێكمان ده‌ست بكه‌وێ، ئه‌و هه‌موو خۆ ماندووكردنه ده‌كه‌ین و هه‌موو شته‌كانیش به فیڕۆ ده‌ڕوات.
پاشان له‌گه‌ڵ به‌رپرسان و وڵاتانی ئه‌ندام له هاوپه‌یمانی ناتۆ پرسی كشانه‌وه‌مان له ڕێككه‌وتنه‌كه تاوتوێ كرد و پێشوه‌خته ئاگه‌دارمان كردنه‌وه، ئه‌مه‌یش زۆر گونجاوتر بوو له بڕیاره تاكلایه‌نه‌كانی پێشووی تره‌مپ، كه هه‌میشه ناتۆ و هاوپه‌یمانه‌كانی ئه‌مه‌ریكا ناڕه‌زایه‌تییان به‌رانبه‌ر ده‌رده‌بڕی.
زۆرێك له وڵاتانی ئه‌وروپا پێشوازیان له‌و هه‌نگاوه كرد، هایكۆ ماس وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌ڵمانیا كه گفتوگۆم له‌گه‌ڵی كرد، هه‌نگاوه‌كه‌ی به گرنگ زانی و دووپاتی له‌وه كرده‌وه، به‌هۆی پێشێلكردنی ئه‌و ڕێككه‌وتنه له‌لایه‌ن ڕووسیاوه، به ته‌واوی ئه‌وروپا له ژێر هه‌ڕه‌شه و مه‌ترسیدایه.
چه‌ند ڕۆژێك دوای ئه‌وه كاتێك من و ماتیس نانمان ده‌خوارد و تاوتوێی دۆسیه‌كانمان ده‌كرد و هه‌ماهه‌نگی نێوانمان هه‌فتانه زیاتر ده‌كرد، هه‌واڵێكی خۆشمان پێگه‌یشت و ئه‌ویش بریتی بوو له كۆبوونه‌وه‌ی وه‌زیرانی به‌رگری وڵاتانی ئه‌ندام له ناتۆ، كه زۆرینه‌ی ڕه‌هایان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌بوون كه مۆسكۆ پێشێكاری گه‌وره‌ی به‌رانبه‌ر ڕێككه‌وتنی مووشه‌ی ئه‌تۆمی و بالیستیكی مه‌ودا مامناوه‌ند كردووه و پشتیوانی كشانه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكایان له ڕێككه‌وتنه‌كه كردبوو، ئه‌مه‌یش كارێكی گرنگ بوو و دڵنیابووین ئه‌مجاره به كشانه‌وه له‌و ڕێككه‌وتنه ئه‌وروپییه‌كان دژمان ناوه‌ستنه‌وه و هاوئاهه‌نگ و پشتیوانمان ده‌بن و ئه‌زموونی كشانه‌وه له ڕێككه‌وتنی ئه‌تۆمی له‌گه‌ڵ ئێران دووباره نابێته‌وه.