ئه‌مشه‌و خۆپێشانده‌ران جارێكی تر له گۆڕه‌پانی ته‌حریری به‌غدا كۆبوونه‌وه و ده‌ستیان به دروشم كرد بۆ جێبه‌جێكردنی داواكارییه‌كان و هه‌وڵی وه‌ستاندنی جووڵه‌ی هاتوچۆیان دا، له به‌رانبه‌ردا هێزه‌كانی ته‌ناهی ڕووبه‌ڕوویان بوونه‌وه و به گوێره‌ی زانیارییه‌كیانیش كه‌سێك كوژراوه و چه‌ندانی تریش برینداربوون.
به گوێره‌ی
زانیارییه‌كان هێزه‌كانی ته‌ناهی سه‌ره‌تا به گازی فرمێسك‌ڕێژ و دواتریش به گولـله ڕووبه‌ڕووی خۆپێشانده‌رانی گۆڕه‌پانی ته‌حریر بوونه‌ته‌وه، له‌وكاته‌ی خۆپێشانده‌ران ویستوویانه تایه‌ی ئۆتۆمبێل له ناوه‌ڕاستی شه‌قامه‌كان بسووتێن و هاتوچۆ له ناوچه‌كه په‌ك بخه‌ن.
میدیاكان بڵاویان كردووه‌ته‌وه، پاش ئه‌وه‌ی گرژی له نێوان هێزه‌كانی ته‌ناهی و خۆپێشانده‌ران دروست بوو، هێزه‌كان ته‌قه‌یان له خۆپێشانده‌ران كردووه، به‌وهۆیه‌وه خۆپێشانده‌رێك گیانی له ده‌ست داوه و 80 كه‌سی تریش به‌هۆی گازی فرمێسكڕێژه‌وه تووشی هه‌ناسه‌ته‌نگی بوون و برینداربوون و ڕه‌وانه‌ی نه‌خۆشخانه‌كان كراون.
ئه‌مه یه‌كه‌م حاڵه‌تی كوشتنی خۆپێشانده‌رانه دوای ئه‌وه‌ی مسته‌فا كازمی سه‌رۆكایه‌تیی حكوومه‌تی عێراقی گرتووه‌ته ده‌ست و له یه‌كه‌م گوتاریشی پاش متمانه‌وه‌رگرتنی حكوومه‌ته‌كه‌ی، به‌ڵێنی به خۆپێشانده‌ران دا، كه بكوژی خۆپێشانده‌ران به توندترین شێوه سزا بدات، به‌ڵام له‌سه‌رده‌می حكوومه‌تی ئه‌میش دا خۆپێشانده‌ران به گولـله وه‌ڵامیان درایه‌وه و كوژران.
جێی باسه له مانگی تشرینی یه‌كه‌م/ئۆكتۆبه‌ری ساڵی ڕابردوو، شه‌پۆلێكی گه‌وره‌ی خۆپێشاندان به‌غدا و شاره‌كانی باشوور و ناوه‌ڕاستی عێراقی گرته‌وه و ناڕه‌زایی و خۆپێشاندانه‌كان به‌شێوه‌ی ڕۆژانه به‌رده‌وامی هه‌بوو، تا دواجار حكوومه‌تی عادل عه‌بدولمه‌هدیان ناچار به ده‌ست له‌كار كێشانه‌وه كرد، پاش چه‌ند مانگێك له گفتوگۆی لایه‌نه‌كان و ڕاسپاردنی دوو كه‌سی تر جیا له كازمی، نه‌توانرا حكوومه‌تێكی كاتی پێك بهێنرێت، به‌ڵام سه‌ره‌نجام مسته‌فا كازمی پاش ڕاسپاردنی له واده‌ی یاسایی خۆی دا كابینه‌كه‌ی ئاراسته‌ی په‌رله‌مان كرد و متمانه‌ی پێ درا.
له سه‌رده‌می حكوومه‌تی عادل عه‌بدولمه‌هدی و دوای ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه‌یشی كه وه‌ك حكوومه‌تی كاربه‌ڕێكه‌ر له ده‌سه‌ڵات مابوو، زیاتر له 20 هه‌زار خۆپێشانده‌ران برینداربوون و نزیكه‌ی هه‌زار خۆپێشانده‌ری تریش كوژران، ئه‌مه سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی هێزه‌كانی ته‌ناهی كه‌وتنه گیانی چالاكانی ناو خۆپێشانده‌ران و سه‌دان و هه‌زارانیان لێ گرتن و سووكایه‌تیان پێ كردن و سه‌ریان تاشین و ئه‌شكه‌نجه‌یان دان، تا كۆتایی به خۆپێشاندانه‌كان بهێنرێت، به‌ڵام شه‌پۆلی خۆپێشاندانه‌كان تا بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا له عێراق به‌رده‌وامی هه‌بوو.
ئێسته جارێكی تر به‌هۆی نه‌بوونی خزمه‌تگوزاری و بێ كاره‌بایی له وه‌رزی گه‌رمی هاوین دا، گه‌نجان له به‌غدا ڕژانه‌وه سه‌رشه‌قام و ده‌ستیان به گردبوونه‌وه و خۆپێشاندان كرد دژ به نه‌بوونی خزمه‌تگوزاری و كه‌مته‌رخه‌می حكوومه‌تی مسته‌فا كازمی، به‌ڵام به‌هه‌مانشێوه‌ی حكوومه‌تی پێشوو، حكوومه‌تی كازمی ڕووبه‌ڕووی خۆپێشانده‌ران بووه‌وه، كه ئه‌مه‌یش كاردانه‌وه و ده‌نگدانه‌وه‌ی زۆری لێ كه‌وتووه‌ته‌وه.
گه‌نجانی عێراق له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی تویته‌ر جارێكی تر ده‌ستیان به دروستكردنی هاشتاگ دژی حكوومه‌ت كرده‌وه و داوای به‌رده‌وامی به شۆڕشی گه‌نجان ده‌كه‌ن كه له ئۆكتۆبه‌ری ساڵی ڕابردوو ده‌ستی پێكرد.
دووپاتیش له‌وه ده‌كه‌نه‌وه، كه له گۆڕه‌پانی ته‌حریر و گۆڕه‌پانی ته‌یرانی به‌غدا هێزه‌كانی ته‌ناهی زۆر به توندی و به زه‌بری هێز و داپلۆسین ڕووبه‌ڕووی خۆپێشانده‌ران بوونه‌ته‌وه.
جیا له ڕووبه‌ڕوبوونه‌وه و ئازاردان و ته‌قه‌كردن له خۆپێشانده‌ران، گه‌نجان و خۆپێشانده‌ران له تویته‌ر ڤیدیۆی سووتاندنی خێوه‌تی خۆپێشانده‌رانیان له پاركی "دایك"ێ ناوه‌ڕاستی به‌غدا بڵاو كردووه‌ته‌وه و كه له‌لایه‌ن هێزه‌كانه‌وه ئاگری تێ به‌ردراوه، چاوه‌ڕوان ده‌كرێ ئه‌مه گه‌نجان و خۆپێشانده‌ران تووڕه بكات و جارێكی تر بگه‌ڕێنه‌وه گۆڕه‌پانه‌كانی خۆپێشاندان و لیژنه‌كانی هه‌ماهه‌نگی "ته‌نسیقییه" دروست بكه‌نه‌وه و خه‌باتی مه‌ده‌نی دژ به حكوومه‌ت ده‌ست پێ بكه‌نه‌وه.
ئه‌حمه‌د عێراق له تویته‌ر نووسیویه‌تی، كه هێزه‌كانی ته‌ناهی ده‌ستیان به هه‌ڵمه‌تی گرتنی خۆپێشانده‌ران له گۆڕه‌پانی ته‌حریر كردووه و ڕه‌شبگیری گه‌نجان ده‌كه‌ن و داوا ده‌كات كه خۆپێشانده‌ران خۆیان بپارێزن و ڕاده‌ستی هێز و سته‌می هێزه‌كانی حكوومه‌ت نه‌بن و شۆڕشی گه‌نجان به‌رده‌وامی پێ بده‌ن.
ئاژانسی "یه‌قین"ی عێراقیش زانیاری له‌باره‌ی ئه‌و خۆپێشانده‌ره بڵاو كردووه‌ته‌وه كه له‌لایه‌ن هێزه‌كانی ته‌ناهی عێراقه‌وه ئه‌مشه‌و كوژراوه و نووسیویه‌تی، "مه‌هدی ته‌میمی" ئه‌و خۆپێشانده‌ره‌یه كه دوای برینداربوونی به سه‌ختی گه‌یه‌نرانه نه‌خۆشخانه‌ی ده‌مار له به‌غدا، به‌ڵام به‌هۆی سه‌ختی برینه‌كه‌ی گیانی له ده‌ستدا و چووه ڕیزی خۆپێشانده‌ره كوژراوه‌كانه‌وه.
له به‌رانبه‌ردا به‌شێك له چالاك و سیاسه‌تڤانان باس له‌وه ده‌كه‌ن، كه ئه‌و جۆره ڕووبه‌ڕوبوونه‌وه‌ی خۆپێشانده‌ران جارێكی تر له‌لایه‌ن میلیشیاكانه‌وه ئه‌نجام ده‌درێ و ده‌یانه‌وێ حكوومه‌تی كازمی له به‌رده‌م جه‌ماوه‌ر ناشرین بكه‌ن، به‌تایبه‌ت به‌هۆی ئه‌و بۆردمانه‌ی كه ئێواره‌ی دوێنی كرایه سه‌ر بنكه‌ی "سه‌قه‌ڕ"ی میلیشیاكان له به‌غدا، كه به ڕه‌زامه‌ندی حكوومه‌تی كازمی بوو و له‌لایه‌ن هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكاوه ئه‌نجام دراوه، به‌م كاردانه‌وه‌یه میلیشیاكان ده‌یانه‌وێ تۆڵه له كازمی بكه‌نه‌وه.