بانكی ناوەندیی ئێران: 25 ملیار یۆرۆمان لە دەرەوەیە

:: PM:04:12:27/07/2020 ‌
بەڕێوەبەری گشتی هەناردەی بانكیی مەركەزیی ئێران ئاشكرای كرد، لە دوو ساڵی رابردوودا بە قەبارەی 56 ملیار یۆرۆ شتومەك هەناردە كراوە، كەچی هەر لەو ماوەیەدا 33 ملیار یۆرۆ گەڕاوەتەوە.

ئەو روونی كردەوە ئەوەی هەناردە كراوە بەرهەمی ناپێترۆڵی بوون و بە هەندێك هەناردەی تر بەگشتی لەو دوو ساڵدا بە بەهای 25 ملیار یۆرۆیان بۆ نەگەڕاوەتەوە.

بەگوێرەی دۆیچەوێلە، لەو ئامارەی بانكی ناوەندیی ئێران بڵاوی كردووەتەوە، پشت بەو بەڵگەنامانە بەستراوە كە مۆڵەتیان بە وەبەرهێنەران و بازرگانان داوە شتومەك هەناردەی دەرەوە بكەن.

نزیكەی دوو هەزار و 400 هەناردەكار بە بەهای 24 ملیار یۆرۆ هەناردەیان بۆ دەرەوە هەبووە
وەك زیاتر خستیەڕوو نزیكەی دوو هەزار و 400 هەناردەكار بە بەهای 24 ملیار یۆرۆ هەناردەیان بۆ دەرەوە هەبووە، كەچی  شەش ملیار و 400 ملیۆن یۆرۆیان بۆ ناوخۆ گەڕاندووەتەوە.

پێویستە بگوترێ حەسەن رۆحانی سەرۆك كۆماری ئێران پێشتر ئاماژەی دابوو ئەمساڵ  41 ملیار دۆلار هەناردەی ناپێترۆڵییان هەبووە و ئەگەر پارەكەی بگەڕێنرێتەوە، ئەوا بەشێكی زۆر لە كێشەكانیان چارەسەر دەكەن. مەبەستی رۆحانی پاڵپشتیكردنی بەهای تمەن بوو كە بۆ نزمترین ئاستی مێژوویی دابەزیوە.



وشە - سلێمان تاشان