گەندەڵی 90%ی داهاتی دەروازە سنوورییەكانی عێراق دەبات

:: PM:09:30:27/07/2020 ‌

حكوومەتی مستەفا كازمی نەهێشتنی گەندەڵی كردووەتە یەكێك لە ئامانجەكانی، بەمدواییە 14 دەروازەی سنووری زەوینی و دەریاوانی عێراقی خستە ژێر كۆنترۆڵی سوپا و هێزە تەناهییەكان، پەرلەمانتارێكی عێراق ئاشكرای دەكات كە 90%ی داهاتی ئەو دەروازانە بە گەندەڵی بەفیڕۆ دەچێت.
داهاتی ساڵانەی دەروازە سنوورییەكان 10-11 ملیار دۆلارە
جەمال كۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق گوتی، گەندەڵی دەروازە سنوورییەكانی عێراق زۆر گەورەیە و رێژەكەی دەگاتە 90%، بە شێوەیەك ئەوەی دەست حكوومەت دەكەوێ، دەگاتە ملیارێك دۆلار، واتە 11 ملیار دۆلارەكەی تر دەچێتە گیرفانی گەندەڵكارانەوە.

روونی كردەوە، سەرەڕای بوونی سوودێكی گەورەی دارایی ئەو دەروازە سنووریانە، بەڵام كاركردنیان زۆر سەرەتاییە بە بەراورد بە وڵاتانی دراوسێ، كە هیچ سیستمێكی ئەلیكترۆنی و تاقیگەی پێشكەوتوویان تیادا نییە، سەرەڕای ئەوەی 14 وەزارەت كاری تیادا دەكەن، دووپاتی كردەوە، گەندەڵكاران بە مەبەست هەوڵی هێشتنەوەی ئەو دەروازانە بەو شێوە دواكەوتووە دەدەن، چونكە پەرەپێدانیان واتە كۆتاهاتنی گەندەڵی. 

پێشتر مازن فەیلی، ئەندامی لیژنەی ئابووری و وەبەرهێنانی پەرلەمانی عێراق رای گەیاندبوو كە داهاتی ساڵانەی دەروازە سنوورییەكانی عێراق دەگاتە 10 ملیار دۆلار، كەچی تەنیا ملیارێكی بۆ حكوومەت دەگەڕێتەوە، لەوكاتەی عێراق لەگەڵ شەش وڵاتی دراوسێی خاوەن 22 دەروازەی زەوینی و دەریاوانییە، جیا لە فڕۆكەخانەكان.  





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل