ده‌ڵێن كاتێك كه‌سێك حه‌ز له خۆراكێك ده‌كات، هێنده‌ی ده‌خوات تا له‌به‌رچاوی ده‌كه‌وێت، به‌ڵام به‌پێی قسه‌ی پسپۆڕانی ته‌ندروستی، هه‌ندێك خۆراكی بەسوود هه‌ن كه هه‌تا زۆرتر بخورێن مه‌ترسی و زیانه‌كانیان زۆرتر ده‌بێت.
له دیمانه‌یه‌كی ته‌له‌ڤزیۆنیی یه‌كێك له كه‌ناڵه
ڕووسییه‌كان، هه‌ریه‌ك له ڤلادمێر خافینسن و سفیتلانا تروفیموڤا كه دوو پزیشكی پسپۆڕی به‌ساڵاچووانن، باسیان له‌و خۆراكانه كرد كه به خواردنیان هه‌ندێك سوود به ته‌ندروستیی مرۆڤ ده‌گه‌یه‌نن، به‌ڵام ئه‌گه‌ر زۆرخۆرییان تێدا بكرێت ڕاسته‌وخۆ سووده‌كان بۆ زیان و مه‌ترسیی ته‌ندروستی پێچه‌وانه ده‌كه‌نه‌وه.
به‌پێی قسه‌كانی ئه‌و دوو پزیشكه ڕووسییه، زۆر خواردنی په‌نیر و ماست و شیره‌مه‌نییه‌كان كه به كالسیۆم و فۆسفۆر ده‌وڵه‌مه‌ندن، ئه‌گه‌ر كه‌سێك ئه‌و دوو ماده‌یه‌ی كه‌م بێت له جه‌سته‌یدا به خواردنی ئه‌و خۆراكانه تۆڵه‌ی بۆ ده‌كاته‌وه و ئێسك به‌هێز ده‌كات؛ به‌ڵام بۆ نموونه په‌نیر له‌به‌رئه‌وه‌ی له هه‌مان كاتدا به كالۆرییه‌كی زۆر ده‌وڵه‌مه‌نده، ئه‌گه‌ر زۆرخۆریی تێدا بكرێت ئێسك تووشی داخوران ده‌كات، بۆیه باشتر وایه كه‌میی كالسیۆم و فۆسفۆر به بروكلی پڕ بكرێته‌وه نه‌ك به زۆرخواردنی په‌نیر و شیره‌مه‌نییه‌كان.
ئه‌و پزیشكانه گوتیان، ئه‌گه‌ر كه‌سێك حه‌ز بكات به‌رده‌وام چوكلێت بخوات، ڕه‌نگه تووشی وه‌ڕزبوونی بكات، چونكه چوكلێت له بڕێكی زۆری ترشی ئه‌مینیی ئهلتربتۆڤان پێك هاتووه، خواردنی بڕێكی كه‌م لێی وا ده‌كات توانا و وزه‌ت بۆ بگه‌ڕێته‌وه و خه‌وت به‌ربدات، به‌ڵام ئه‌گه‌ر بۆ ماوه‌یه‌كی زۆر و به‌رده‌وام لێی بخۆیت ئه‌و وزه‌یه‌ی هه‌شته لێت ده‌بات و تووشی وه‌ڕزبوون و بێهێزیت ده‌كات.
هه‌روه‌ها ئه‌و پسپۆڕانه باسی په‌تاته‌ی شیرین، سپێناخ، كشمیش، جگه‌ر و شۆفانیان كرد كه به بڕێكی زۆری ئهلتربتۆڤان ده‌وڵه‌مه‌ندن، ئه‌مانیش وه‌ك چوكلێت زۆرخواردنیان تووشی وه‌ڕزبوون و بێهێزیت ده‌كات.
هه‌ندێك كه‌س حه‌زێكی زۆریان بۆ خواردنی خۆراكی تیژ "توون" هه‌یه، به‌ڵام به‌پێی قسه‌ی ئه‌و پزیشكانه تیژی سیستمی ڕێكخستنی كیمیایی جه‌سته تێك ده‌دات، بۆیه له شوێنی خۆراكی تیژ باشتره كه‌له‌رمی خۆشكراو بخۆن.
ئه‌و كه‌سانه‌ی حه‌ز ده‌كه‌ن به‌رده‌وام شتی ساردی وه‌ك ئایسكرێم بخۆن، باشتره له‌پێناو ته‌ندروستیی كۆئه‌ندامی هه‌رسیان كه‌می بكه‌نه‌وه، چونكه پسپۆڕان ده‌ڵێن زۆرخواردنی سارده‌مه‌نییه‌كان تووشی نه‌خۆشیی گه‌ده، زۆربوونی ترشه‌ڵۆكی گه‌ده و هه‌وكردنی گه‌رووتان ده‌كه‌ن، بۆیه باشتر وایه له شوێنی ئه‌وانه‌ش ئاردی شۆڤان و برنج بخۆن.
ئه‌و كه‌سانه‌ش كه حه‌زیان له خۆراكی سوێره، ئه‌گه‌ر به‌رده‌وام بیخۆن تووشی وشكبوونه‌وه ده‌بن، بۆیه بۆ كۆنترۆڵكردنی ئه‌مه باشتر وایه به‌رده‌وام ئاو بخۆنه‌وه.