بازاڕی زێڕ لە چاوەڕوانی بڕیارێكی بانكی ناوەندیی ئەمەریكادایە

:: AM:11:17:29/07/2020 ‌
بڕیارێكی بانكی ناوەندیی ئەمەریكا كاریگەریی دەبێت لەسەر بەرزكردنەوە یان دابەزینی نرخی زێڕ لە بازاڕەكانی دنیا، وەبەرهێنەران بەتاسەوە چاوەڕوانی بڕیارەكە دەكەن.

ئەمڕۆ چوارشەم فێدراڵ رێزێرڤ یان یەدەگی فیدراڵ و بە واتایەكی گشتگیرتر بانكی ناوەندیی ئەمەریكا دواین بڕیاری خۆی لەسەر سوودی بانكی رادەگەیەنێت، پێشبینی دەكرێ ئەگەر بڕیارەكە بڕیارێكی هاندان بێت بۆ كردنەوەی زیاتری بازاڕەكان و جووڵەی پیشەسازی، ئەوا نرخی زێڕ چیتر بەرز نەبێتەوە.

هەروەها ئەگەر بانكەكە بڕیار بدات رێژەی سوودی بانكی لە ئاستی ئێستەیدا بهێڵێتەوە، ئەوا پێشبینی بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ دەكرێت.

بەگوێرەی goldprice نرخی زێڕ لە بەرزترین ئاستی مێژوویی دەفرۆشرێت و دوێنێ سێشەم ژمارەی پێوانەیی شكاند. نرخی هەر ئۆنسێكی زێڕ گەیشتە هەزار و 981 دۆلار.

ئەمڕۆ چوارشەم ئۆنسی زێڕ بەراورد بە دوێنێ 20 تا 30 دۆلار كەمتر فرۆشراوە و ئەمەش لە ژێر كاریگەریی  بڕیارەكەی بانكی ناوەندیی ئەمەریكادا بووە.

بەهۆی كۆرۆنا گەشەی ئابووری زۆربەی وڵاتان پاشەكشەی كردووە، بۆیەش وەبەرهێنەران زیاتر وەبەرهێنان لە كڕینی زێڕدا دەكەن و هەر كاڵایەكیش داخوازی زۆری لەسەر بوو، ئەوا نرخەكەی بەرز دەبێتەوە.

ناكۆكییەكانی نێوان چین و ئەمەریكا و پاشەكشەی دۆلاریش بە هۆكارێكی تری بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ هەژمار دەكرێت.

سەرەتای ئەمسال نرخی هەر ئۆنسێك زێڕ هەزار و 500 دۆلار بووە و لەو كاتەوە 460  دۆلار هاتووەتە سەر نرخی هەر ئۆنسێكی زێڕ.

ئەگەر بانكی ناوەندیی هیچ پلانێكی هاندان رەچاو نەكات، پێشبینی دەكرێ نرخی زێڕ دوو هەزار دۆلار تێپەڕێنێت.
ئەگەر نرخی سوود لە ئاستی ئێستەیدا بمێنێتەوە و بانكی ناوەندیی هیچ پلانێكی هاندان رەچاو نەكات، پێشبینی دەكرێ نرخی زێڕ دوو هەزار دۆلار تێپەڕێنێت.

فیدیراڵ رێزێرڤ لە ساڵی 1913 دامەزراوە و چاودێریی هەموو جۆرە چالاكییەكی بانكی دەكات و رۆڵی باڵای هەیە لە رێكخستنی بەهای دراو.



وشە - سلێمان تاشان