بەپێچەوانەی ساڵانی رابردوو رێ دەدرێ هاووڵاتییان لە ماڵەوە ئاژەڵ سەرببڕن

:: PM:04:27:29/07/2020 ‌
بەمەبەستی رێگرتن لە بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا، بەڕێوەبەرایەتی گۆشتگەی هاوچەرخی هەولێر بڕیاری دا هیچ ئاژەڵێك سەرنەبڕێت كە لە لایەن هاووڵاتییانەوە بەمەبەستی قوربانیكردن رەوانەی گۆشتگەكەیان دەكرێت. بەڕێوەبەرایەتییەكە تەنیا ئەو ئاژەڵانە سەردەبڕێت كە دەزگاكانی خێرخوازی رەوانەی دەكەن.

تا دەیەی رابردوو بڕینی سەری ئاژەڵ لە كاتی جەژنی قورباندا لە بەردەرگای ماڵان و لە شەقام و كۆڵانەكانی هەولێر و زۆربەی شارەكانی كوردستان بووبووە دیاردە كە دیمەنێكی ناشارستانی بە شار و گەڕەكەكاندا بوو. حكوومەت بۆ نەهێشتنی ئەم دیاردەیە كوشتارگەكانی پێش خست. لە هەولێری پایتەخت بە كردنەوەی بەڕێوەبەرایەتییەك بە ناوی گۆشتگەی هاوچەرخی هەولێر و دانانی  ئامێری پێشكەوتوو بۆ سەربڕینی ئاژەڵ، هەوڵی دا ئەم دیاردەیە بنبڕ بكات.

تا ساڵی رابردوو دیاردەكە بۆ حاڵەت گۆڕابوو
حكوومەت لەم هەنگاوانەیدا سەركەوتوو بووبوو و تا ساڵی رابردوو دیاردەكە بۆ حاڵەت گۆڕابوو و ژمارەیەكی زۆر كەم لە هاووڵاتییان لە ماڵەوە ئاژەڵیان سەردەبڕی كە پێچەووانەی یاسا و رێنوێنییەكان بوو.

بەگوێرەی رێنوێنییەكانی ساڵانی رابردووی حكوومەت هەر كەسێك كە ئاژەڵ دەكاتە قوربانی، پێویست بوو ئاژەڵەكە بباتە بەڕێوەبەرایەتی گۆشتگەی هاوچەرخی هەولێر و لەوێ دوای ئەنجامدانی پشكنین و كۆمەڵێك رێكاری تەندروستی، بە بێ بەرانبەر ئاژەڵەكە دەهاتە سەربڕین و گۆشتەكەی رادەستی هاووڵاتییەكە دەكرایەوە.

ئەمساڵیش تا هەفتەیەك لەمەوبەر بڕیار بوو هاوشێوەی ساڵانی رابردوو ئاژەڵ لەو شوێنانە سەر ببڕێت. پێشتر هێمن سەید موراد بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی بۆ "وشە" ئاماژەی دابوو، لە رۆژانی جەژندا كوشتارگەی هەولێر لە بەیانییەوە تا رۆژئاوا كرێكارەكانیان كار دەكەن و پێشوازی لە هاووڵاتییان دەكەن بۆ سەربڕینی ئاژەڵ.

بەگوتەی ئەو بەرپرسەی هەولێر هەر لەو شوێنە بە بێ بەرانبەر پشكنین بۆ ئاژەڵەكان دەكرێت و گوشتەكەشیان رادەست دەكرێتەوە.

ئەو داوای لە هاووڵاتییان كردبوو لە سەربڕینی ئاژەڵ لە كۆڵانەكان دوور بكەونەوە چونكە رێپێدراو نییە و زیانی بۆ خۆیان و دەوروبەریان دەبێت. جگە لەمە هەموو ئاژەڵێك پێش سەربڕین پێویستی بە پشكنین هەیە بۆ ئەوەی لە خواردنی گۆشتەكەی دڵنیا بین، زۆرجاریش ئاژەڵ بەر لە سەربڕین رادەكات و لەوانەیە لە كۆڵانەكان زیان بە هاووڵاتییان بگەیەنێت.

رێنوێنییەكان گۆڕاون بە پێچەوانەی رابردوو داوا لە هاووڵاتییان دەكرێت بۆ سەربڕینی ئاژەڵ روو لە بەڕێوەبەرایەتی گۆشتگەی هاوچەرخی هەولێر نەكەن و هەر لە ماڵەكانیان ئاژەڵ سەرببڕن.

لە نێوان هەڵبژاردەی خراپ و خراپتر بڕیارمان داوە بژاردە خراپەكە هەڵبژێرین.
ئەمڕۆ چوارشەم 29ی تەمووز، هەڵمەت حەمزە بەڕێوەبەری گۆشتگەی هاوچەرخی هەولێر بۆ "وشە" باسی لەوە كرد، لە جەژنی قوربانی ئەمساڵ لە بەردەم دوو هەڵبژاردەی خراپ و خراپتردان و دواجار بڕیاریان داوە بژاردە خراپەكە هەڵبژێرن.

وەك زیاتر خستیەڕوو ئەمساڵ هیچ ئاژەڵێك بۆ هاووڵاتییان نایەتە سەربڕین و تەنیا ئەو ئاژەڵانە سەردەبڕن كە لە لایەن دەزگا خێرخوازییەكانەوە دەهێنرێنە گۆشتگەی هاوچەرخی هەولێر.

ئەو هۆكاری ئەم بڕیارەی بۆ ئەوە گەڕاندەوە كاتێك هاووڵاتییەك دەیەوێ ئاژەڵێك سەرببڕێت، پێنج تا شەش كەس لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت و قەرەباڵغییەكی زۆر لە شوێنی سەربڕینی ئاژەڵ دێتە كایەوە، دەبێتە هۆی كۆبوونەوەیەكی جەماوەری و لەم رۆژانەشدا كە ڤایرۆسی كۆرۆنا بووەتە هەڕەشە بۆ سەر خەڵكی دنیا و كوردستان، ئەگەر پێش بەو جۆرە گردبوونەوانە نەگیرێت، ئەوا دۆخەكە زۆر خراپتر دەبێت و نەخۆشییەكە خێراتر بڵاو دەبێتەوە.

وەك ئەو بەرپرسەی گۆشتگەی هەولێر خستیەڕوو، بۆ ئەو مەبەستەش بە هاوكاری سەرۆكایەتی شارەوانیی هەولێر رێوشوێنی پێویست دەگیرێتەبەر و سبەی پێنجشەم سەعات 11ی پێش نیوەڕۆ، لە پرێس كۆنفرانسێكدا لە سەرۆكایەتی شارەوانی هەولێر سەرجەم بڕیار و رێنوێنییەكانی پێویست رادەگەیەنن.

دەبێ هاووڵاتیان تیمەكان ئاگادار بكەنەوە بۆ ئەوەی بچن لە ماڵەكانیان پشكنین بۆ ئاژەڵەكە بكەن
بەپێی بەشێك لەو رێنوێنییانە كە بەڕێوەبەرەكە بۆ "وشە" خستوویەتەروو، كۆمەڵێك تیمی پزیشكی ڤیتەرنەری دەستنیشان دەكرێن كە هاووڵاتییان بە ژمارە تەلەفۆنی تایبەت كە هەر سبەی رای دەگەیەنن، تیمەكان ئاگادار دەكەنەوە بۆ ئەوەی بچن لە ماڵەكانیان پشكنین بۆ ئاژەڵەكە بكەن و ئەگەر هیچ كێشەیەكی نەبوو، ئەوا بۆیان هەیە ئاژەڵەكە سەرببڕن. جگە لەمە تیمەكانی شارەوانیش هاتوونەتە راسپاردن پاشماوەكانی ئاژەڵەكان كۆ بكەنەوە و لە گەڕەكەكان دووریان بخەنەوە.

هەر بەپێی رێنوێنییەكان، هاووڵاتییان بۆیان نییە لەسەر شەقام ئاژەڵ سەرببڕن، بەڵكو دەبێ لە حەوشی ماڵەكانیان بێت و خۆیان بەرپرسیارن لە پاك و خاوێنییەكەی.

مەترسی هەیە حكوومەت نەتوانێ هەمووان كۆنترۆڵ بكات و زۆربەی هاووڵاتییان رەچاوی رێنوێنییەكان نەكەن
پێویستە بگوترێ ژمارەی ئەو ئاژەڵانەی لە لایەن خەڵكەوە دەكرێنە قوربانی زۆرە، بۆیە مەترسی هەیە حكوومەت نەتوانێ هەمووان كۆنترۆڵ بكات و زۆربەی هاووڵاتییان رەچاوی رێنوێنییەكان نەكەن و بێ ئاگاداركردنەوەی تیمەكانی ڤیتەرنەری ئاژەڵ سەرببڕن. ئەم جۆرە سەربڕینەی ئاژەڵ جگە لە كێشەی تەندروستی، لە رووی دەروونیشەوە دیمەنەكەی بۆ منداڵان گونجاو نییە و زۆرجاریش ئاژەڵەكان لە ترسدا رادەكەن و لەوانەیە زیان بە كەسانی دەوروبەر بگەیەنن.


وشە - سلێمان تاشان