یاسای نوێی هەڵبژاردن.. تەنگژەیەكی تری عێراق

:: PM:06:54:29/07/2020 ‌

دوای ئەوەی بە گوشاری خۆپێشاندەران و بە مەبەستی هێوركردنەوەیان، لە كۆتایی ساڵی رابردوو پەرلەمانی عێراق یاسای نوێی هەڵبژاردنی پەسند كرد، بەڵام چەند كێشەیەكی گەورە لەناو یاساكەدا ماونەتەوە، لەوانە بازنەكانی هەڵبژاردن، بۆیە مشتومڕی هێزە سیاسییەكان بەردەوامە و پێشبینی دەكرێت بەو هۆیەوە وادەی هەڵبژاردنی پێشوەختە ئەوەندە جیاوازی لە وادەی ئاسایی هەڵبژاردنی پەرلەمان نەبێت.
یاساكە وەك ئێستە سوودی نییە و كۆتایی بە ساختەكاری ناهێنێت
سەلیم شوشكەیی، ئەندامی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق لەو بارەوە بە "وشە"ی راگەیاند، تا ئێستە تەنیا فراكسیۆنە گەورەكان لەو گفتوگۆیانەی لەوبارەوە دەكرێت، بەشدارن و بۆچوونی ئەوان وەرنەگیراوە، ئەو هەڵبژاردنە بەو شێوەی ئێستە، كۆتاهێنانە بە پرۆسەی دیموكراسی لە عێراق، چونكە بەپێی یاسای نوێی هەڵبژاردن، لایەنە بچووكەكان ناتوانن كورسی بەدەست بێنن، بۆیە جێبەجێكردنی یاساكە بەو شێوەی هەیە سوودی نابێت، و كۆتاییش بە ساختەكاری ناهێنێت.

زیاتر گوتی، تا ئێستە ناكۆكی گەورە هەیە و گفتوگۆكان بەردەوامن، ئەگەرچی هیچ دانیشتنێكی نزیكی پەرلەمان بۆ ئەو بابەتە ناكرێت، چونكە بابەتی چڕی دانیشتوان، بە یاسا دیاری نەكراوە و لە پەرلەمان دەنگی لەسەر نەدراوە، تا مانگی ئەیلوولی داهاتوویش دەنگی لەسەر نادرێت، وەك لیژنەی یاسایی دەبێت كۆبوونەوەی لەبارەوە بكەین و بگەین بە رێككەوتنی كۆتایی، هەندێك لایەن دەڵێن ئەگەر ئەوەیش بكرێت، تانەی لێ دەدەین و دەبێت هەمووار بكرێتەوە، بۆیە رێككەوتن ئەگەرێكی دوورە.

ئەو پەرلەمانتارە كوردە دووپاتی كردەوە، ئەو شێوازەی بۆ كورد گونجاوە لە یاسای هەڵبژاردن، بازنەی هەڵبژاردن لەسەر ئاستی پارێزگا بێت، كورد لە ناوچە جێ ناكۆكەكان هیچ كورسییەك بەدەست ناهێنێت، چونكە هەڵبژاردن پێویستی بە پاراستنی دەنگەكانە، پرسیارەكە ئەوەیە كورد لەو ناوچانە زۆرینەیە و دەتوانێت ئەو دەنگە زۆرە بەدەست بێنێت؟، بۆیە پێم وایە بەو شێوازەی ئێستەی یاساكە كورد نزیكەی هەشت بۆ نۆ كورسی لە پەرلەمانی عێراق لە دەست دەدات.  

لای خۆیەوە رێبوار هادی، سەرۆكی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق رای گەیاند، لە ماوەی دواییدا چەند كۆبوونەوەیەك سەبارەت بە یاسای هەڵبژاردن كراوە، بە تایبەتی پرسی بازنەكانی دەنگدان لە پارێزگاكان، كە تا ئێستە نەچەسپێنراوە، بازنەكانیش وەك لە یاسای هەڵبژاردن بەپێی مادەی 15 لە بڕگەی شەشی یاساكە هاتووە، دەبێت لە لیژنەی یاسایی رێك بخرێت. 

زیاتر گوتی، دوای ئەوەی لیژنەی یاسایی توانی ئەو بازنانەی هەڵبژاردن لە پارێزگاكان رێك بخات، دووبارە دەچێتەوە بۆ پەرلەمانی عێراق و دەنگی لەسەر دەدرێتەوە، ئەوەیش دەبێت بە ڕێككەوتنی فراكسیۆنەكان بێت، بەڵام تا ئێستە رێككەوتنی لەسەر نەكراوە.

هادی دووپاتی كردەوە، ئەو بابەتە لە كۆبوونەوەی دوایی سەرۆكایەتی پەرلەمان و سەرۆكی فراكسیۆنەكان و لیژنەی یاسایی كۆتایی پێ نەهات، واتە نەگەیشتینە هیچ ئەنجامێك، بەڵام پێمان وایە دەبێت كێشەی بنكەكانی هەڵبژاردن لە پارێزگاكان چارەسەر بكرێت.

محەمەد بەلداوی، پەرلەمانتاری هاوپەیمانی "فەتح"، دەڵێت، لە كۆبوونەوەی سەرانی فراكسیۆنەكان بە سەرپەرشتی سەرۆكی پەرلەمان، نەگەیشتنە رێككەوتنی كۆتایی و یەكلاكردنەوەی بابەتی بازنەی دەنگدان، چونكە هەریەك لە "سائیروون" و "یەكێتی هێزە عێراقییەكان"، سوورن لەسەر بوونی شارۆكەیەك وەك بازنەیەك، لە دوایین كۆبوونەوەدا نزیك بوون لە گۆڕینی هەڵوێستیان، بەڵام یەكلا نەكرایەوە. 

بەلداوی دووپاتی كردەوە، سەرۆكی فراكسیۆنەكان لە دوایین كۆبوونەوەیان لە هەمواركردنی بڕگەی بازنەی هەڵبژاردن نزیك بوون، بەوەی هەر سەنتەرێكی پسوولەی خۆراك بازنەیەكی هەڵبژاردن بێت، كە هەر سەنتەرێك زیاتر لە شارۆكەیەك دەگرێتەوە، بەڵام ئەو بابەتە دوا خرا و پێشبینی دەكەین یەكلا ببێتەوە.

عیماد حنا، راوێژكاری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق بۆ كاروباری پێكهاتەكان دەڵێت، كێشەی سەرەكی لە پشت دواكەوتنی پەسندكردنی یاسای هەڵبژاردن، ناكۆكی فراكسیۆنەكانە لەسەر فرە بازنەیی هەڵبژاردن، ئێستە جموجۆڵێك هەیە بۆ كۆكردنەوەی واژوو بۆ هەمواركردنی پاسای هەڵبژاردن، كە تا ئەو ساتەیش لەناو پەرلەمان یەكلا نەبووەتەوە.

سەبارەت بە وادەی پێشبینیكراو بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختە، حنا روونی كردەوە، حكوومەت و كۆمسیۆنی هەڵبژاردن و پەرلەمان پێشنیازیان كردووە هەڵبژاردن لە مانگی نیسان یان حوزەیران یان تیشرینی یەكەمی ساڵی داهاتوو ساز بكرێت، ئاشكرای كرد، دوای جەژن فراكسیۆنەكان كۆ دەبنەوە بۆ تەواوكردنی گفتوگۆكانیان و ئەگەر گۆڕانكاری لە یاساكەدا بكرێت، چەند بڕگە و مادەیەك دەگرێتەوە لەوانە هەڵوەشاندنەوەی فرەبازنەیی هەڵبژاردن.  

یاسای نوێی هەڵبژاردن كە بە گوشاری خۆپێشاندانەكان و شەقام هاتە دانان، پەرلەمان پەسندی كردووە، بەپێی یاساكە هەر پارێزگایەك دەكرێتە چەند بازنەیەكی هەڵبژاردن لەسەر بنەمای شارۆكەكان، بەڵام ئەوە ناڕەزایەتی گەورەی لەسەرە، چونكە كێشەی گەورە لەبارەی سنووری ئیداری شارۆكە و شارەدێكان لە چەندان ناوچەی عێراق هەیە.

سادق سلێتی، لە هاوپەیمانی "سائروون" دەڵێت، ناكۆكییەكی قووڵ هەیە سەبارەت بە یاسای هەڵبژاردن و هێزە سیاسییەكان پێنج پێشنیازیان پێشكەیش كردووە، كورد پێی باشە عێراق بكرێتە یەك بازنەی هەڵبژاردن، سوننە پێیان باشە هەر پارێزگایەك بازنەیەك بێت، بەشێك لە شیعەكان دەیانەوێ هەر پارێزگایەك بكرێتە سێ بازنە یان زیاتر، لەوكاتەی خۆپێشاندەران پێیان باشە بواری زیاتر بۆ گەیشتنی سەربەخۆكان بۆ پەرلەمان بدرێت.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل