لەبارەی نوێژی جەژن بڕیاری تر دەرچوو

:: AM:11:30:30/07/2020 ‌
بەرپرسێكی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی ڕای دەگەیەنێت، ئەنجامدانی نوێژی جەژن قەدەغەیە و ئەگەر لە شوێنێكیش كرا، با لە دەرەوەی مزگەوتەكان بێت.

داوا لە مامۆستایان دەكەم لەپێناو سەلامەتیی خۆیان ‌و نوێژخوێنان، ئەگەر هەر نوێژی جەژنیان كرد
ئەمڕۆ پێنجشەم 30ـی تەمووز، فەرەیدوون غەریب بەڕێوەبەری گشتیی ئەوقافی سلێمانی بە میدیاكانی راگەیاند، ئەنجامدانی نوێژی جەژن بە كۆمەڵ لە مزگەوتەكاندا بەبڕیاری وەزارەتی ناوخۆ قەدەغەیە‌، بەڵام ڕەنگە 10%ـی مزگەوتەكان نوێژی جەژنیان تێدا بكرێت.
 
بەڕێوەبەری گشتیی ئەوقافی سلێمانی گوتی، داوا لە مامۆستایان دەكەم لەپێناو سەلامەتیی خۆیان ‌و نوێژخوێنان، ئەگەر هەر نوێژی جەژنیان كرد، با لە دەرەوەی مزگەوتەكان و لە باخچە یان لە گۆڕەپانی مزگەوتەكاندا بێت.
 
بەپێی بڕیارێكی لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە كوردستان، نابێت نوێژی جەژنی قوربان لە مزگەوتەكاندا بە كۆمەڵ ئەنجام بدرێت، بڕیاریشە پاش سەعات 12ـی نیوەڕۆی ئەمڕۆ بەرپرسانی وەزارەتی ئەوقاف لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا چەند زانیارییەك لەسەر نوێژی جەژن ئاشكرا بكەن كە قەدەغەیە یان دەكرێت.



وشە - رامیار جەواد