شێوازی ئاوخواردنەوەی ژاپۆنییەکان بۆ دابەزاندنی کێش

:: PM:12:06:30/07/2020 ‌

ماوەیەکە چارەسەری قەڵەوی و دابەزاندنی کێش بە خواردنەوەی ئاو بە شێوازی ژاپۆنییەکان لەناو پسپۆران و خەڵکیدا بووەتە باو، ڕێیەکی ئاسان و تەندروستە و داوات لێ ناکات هیچ ڕاهێنانێکی وەرزشی بکەیت و هیچ خۆراکێکیشت لێ قەدەغە ناکات.


ماڵپەڕی عەرەبییە ڕاپۆرتە پزیشکییەکەی Healthlineـی سەبارەت بەم شێوازی ئاوخواردنەوەیەی ژاپۆنییەکانی بڵاو کردووەتەوە، تێیدا باس لە چۆنیەتی پێڕەوکردنی شێوازەکە و کاریگەریی لەسەر دابەزاندنی کێش بۆ ئەو کەسانەی بەدەست قەڵەوییەوە دەناڵێنن دەکات، شێوازەکەش بریتییە لە زۆر خواردنەوەی ئاو لە تەواوی ڕۆژەکەدا بەڵام بەپێی خشتەکەی ڕێک.

 


لە بەیانیان 45 خوولەک پێش خواردن و خواردنەوەی هەر شتێک ئاو بخۆوە

چەند توێژینەوەیەک لەسەر خواردنەوەی ئاو بە شێوازی ژاپۆنییەکان ئەنجام دراوە، بۆیان دەرکەوتووە خواردنەوەی ئاو بەگشتی کاریگەریی لەسەر دابەزینی کێش هەیە، لە ئەنجامی تاقیکردنەوەی توێژینەوەکانیش کە لەسەر سەتان کەس کراوە دەرکەوتووە، خواردنەوەی ئاو نەک هەر دەبێتە هۆی دابەزینی کێش، بەڵکو سیستمی خۆراکیی گشتی، ئاستی جووڵە و ڕاهێنانە وەرزشییەکانیش ڕێک دەخات.

ئاوخواردنەوە بە شێوازی ژاپۆنییەکان:
ئەم شێوازی ئاوخواردنەوەیە بریتییە لە پێرەوکردنی پرۆگرامێک کە داوا دەکات لە بەیانیان 45 خوولەک پێش خواردن و خواردنەوەی هەر شتێک، چوار بۆ پێنج کوپ "180 مل" ئاوی شلەتێن لەسەر گەرووی بەتاڵ بخۆیتەوە.

پرۆگرامەکە داواش دەکات، لە سەرەتای دەستکردن بەو شێوازی ئاوخواردنەوەیە بە کوپێک بۆ دوو کوپ ئاو دەست پێ بکەیت و وردە وردە زیادی بکەیت، دواتریش لە تەواوی ڕۆژەکەدا بەردەوام ئاو بخۆیتەوە، نەهێڵی نێوانی ئاونەخواردنەوەشت هێندە زۆر بێ کە هەست بە تینوێتی بکەیت.

هەندێک لە پسپۆران پێیان وایە، بۆ سەرکەوتنی ئەم شێوازی ئاوخواردنەوەیە، باشتر وایە لە هەر کاتێکی نانخواردندا تەنیا 15 خوولەکت پێ بچێت و دواتریش تا دوو سەعات پشوو وەرگریت و لەو ماوەیەدا هیچ شتێک نەخۆیت و نەخۆیتەوە.

لەگەڵ ئەوەی ئەم شێوازی ئاوخواردنەوەیە سەرکەوتنێکی باشی بەخۆیەوە بینیوە، بەڵام هەر باشتر وایە شێوازی خواردن و ژەمەکانیشت ڕێک بخەیت، چونکە بێگومان خواردنەوەی ئاو بەتەنیا ناتوانێ کاریگەرییەکی زۆری لەسەر دابەزاندنی کێش هەبێت، ئەگەریش شێوازی ئاوخواردنەوە و ڕێکخستنی خۆراکەکان بەیەکەوە بکەیت، تا دوای سێ هەفتە بۆ مانگێک لە بەردەوامبوون ئینجا هەست بە گۆڕانکاری و کاریگەرییەکانی دەکەیت.

پسپۆران لە یەکێک لە توێژینەوەکان بۆیان دەرکەوتووە، ئەو کەسانەی پێش نانخواردنی بەیانیان 30 خوولەک پێش نانخواردن بۆ ماوەیەک دوو کوپ زیاتر "500 مل" ئاو دەخۆنەوە، بە ڕێژەی %13 کەمتر نانیان کەمتر پێ دەخورێت لەو کەسانەی پێش نانی بەیانی هیچ خواردنەوەیەک ناخۆن.

ئاو لەجیاتیی خواردنەوەی شیرین:
بە چەند توێژینەوەیەکی زانستی، زانایان بۆیان دەرکەوتووە خواردنەوەی ئاو لەجیاتیی خواردنەوە شیرینەکانی بە شەکر شیرین کراون وەک شەربەت، ئەو کالۆرییانە لە جەستەدا کەم دەکاتەوە کە دەبنە هۆی زیادبوونی کێش.

هەروەها ئەوەش دەرکەوتووە، خواردنەوەی ئاو لەشوێنی شەربەت و خواردنەوەی شیرین لە بەیانیان پێش نانخواردن، یارمەتیت دەدات کۆنترۆڵی ماوەی نانخواردنەکەت بکەیت و لە 15 خوولەک زیاترت پێ نەچێت و لەدوای ئەوە بۆ ماوەیەک هیچشتێکت پێ نەخورێت کە زۆرجار دەگاتە دوو سەعات.

بۆچوونی دژ بە توێژینەوەکان:
پێویستە ئەوەش باس بکرێت، هەندێک توێژەر پێیان وایە، ئاو بەتەنیا هیچ کاریگەرییەکی لەسەر دابەزینی کێش نییە، چونکە بەهۆی خواردنەوەی ئاو هیچ ئامرازێک بە مێشک ناگات تا لە خواردن بوەستێت و تەنیا لە 15 خوولەکدا نان بخورێت، دەڵێن ئەگەر واش بێت، ئەگەری هەیە لە ماوەی ئەو 15 خوولەکەدا کەسەکە بڕێکی زۆر نان بخوات کە ببێتە هۆی قەڵەوبوون نەک دابەزینی کێشی جەستەی، هەروەها دەشڵێن، خواردنی خۆراک بە هێواشی، زیاتر دەبێتە هۆی قەڵەوبوون، بۆیە ئەگەر لە ماوەی 15 خوولەکەکە بە هێواشیش نان بخوات، هەر ئەگەری قەڵەوبوونی هەیە.

سوودەکانی ئاوخواردنەوە:
پزیشک و پسپۆران دەڵێن، خواردنەوەی ئاو بەم شێوەیە دەبێتە هۆی چالاککردنی کۆئەندامی هەرس، ڕیخۆڵەکان تەندروست دەکات، قەبزبوون کەم دەکاتەوە، ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییەکانی شەکرە و شێرپەنجە و بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن کەم دەکاتەوە.
 
مەترسییەکانی ئاوخواردنەوە:
ئەگەر بە شێوازێکی ڕێک و تەندروست ئاو بخۆیتەوە، بێگومان سوود بە جەستەت دەگەیەنێت، بەڵام ئەگەر زۆرخۆریی تێدا بکەیت تووشی ژەهراویبوون بە ئاو و کەمیی سۆدیۆمی خوێنت دەکات، زۆرکەس بەهۆیەوە دەڕشێنەوە و تووشی تێکدانی سیستمی هەرس دەبن، زۆرجار دەبێتە هۆی کوشتنی کەسەکە ئەگەر زوو چارەسەری خۆی نەکات.


وشە - ڕێناس شابان