بە قەبارەی چوار ملیار دۆلار پاڵاوگەیەك لە بەسڕا دادەمەزرێت

:: PM:01:51:30/07/2020 ‌
وەزارەتی نەوتی عێراق بڵاوی كردەوە بە قەبارەی چوار ملیار دۆلار پاڵاوگەیەكی نەوت لە بەسڕا دادەمەزرێنێت.
رۆژانە توانای هەیە 55 هەزار بەرمیل نەوت بپاڵێوێت.

وەزارەتەكە باسی لەوە كردووە پاڵاوگەكە لە لایەن كۆمپانیای ژاپۆنیی JGC دروست دەكرێت و رۆژانە توانای هەیە 55 هەزار بەرمیل نەوت بپاڵێوێت.

زۆربەی كێڵگە گەورەكانی نەوتی عێراق لە بەسڕان و بۆیەش وا بە گونجاو زانراوە پاڵاوگەكە لە بەسڕا دابمەزرێت.

بەگوێرەی رادیۆ فەردا مانگی رابردوو رۆژانە سێ ملیۆن بەرمیل نەوت لە باشووری عێراقەوە هەناردە كراوە. هێشتا پیشەسازی پێترۆكیمیایی لە عێراق پەرەی پێ نەدراوە و ئەگەر ئەو پیشەسازییە لە عێراق پەرەی پێ بدرێت ئەوا داهاتەكەی لە نەوتەكە زۆر زیاتر دەبێ چونكە لە نەوت لانی كەم 400 مادەی جیاواز بەرهەم دەهێنرێت.

پێشبینی دەكرێ لەو پاڵاوگەیەكی لە باشوور دادەمەزرێت جگە لە بەنزین، نەوتی سپی ، گازوایل و چەند مادەیەكی تر بەرهەم بهێنرێت.

پێویستە بگوترێت دامەزراندنی ئەو پاڵاوگەیە لە باشووری عێراق وێڕای رەخساندنی دەرفەتی كار دەبێتە هۆی ئەوەی عێراق بۆ پڕكردنەوەی پێداویستییەكانی پشت بە ناوخۆ ببەستێت.


وشە - سلێمان تاشان