كاریگەری رووبەڕووبوونەوەی میلیشیاكان لەسەر پێوەندیەكانی دەرەوەی عێراق

:: PM:08:11:30/07/2020 ‌

بڕیار بوو بەر لە ئێران، مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق سەردانی سعوودیە بكات، دوای تارانیش سەردانی واشنتن بكات و بەشداری لە گفتوگۆی ستراتیجی نێوان هەردوو وڵات بكات، لەوكاتەی بڵاوبوونەوەی پەتای كۆرۆنا و تەنگژەی دارایی بەرۆكی تەواوی دنیای گرتووە، جگە لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمەریكا، ئەوانە هەمووی كاریگەریان لەسەر دواخستنی سەردانی كازمی بۆ ریاز و واشنتن هەبوو، بەڵام چاودێران بۆچوونی تریان هەیە.
تاران وەك پاسدارێك مامەڵە لەگەڵ سەرۆك وەزیرەكانی عێراق دەكات
دانا جەزا، ئەندامی لیژنەی پێوەندییەكانی دەرەوە لە پەرلەمانی عێراق لەبارەی سەردانەكانی كازمی بۆ "وشە" دەڵێت، سەبارەت بە سەردانەكەی كازمی بۆ ئێران، ناتوانین بڵین سەركەوتوو بووە یان نا، چونكە ئەو سەردانە سیاسیەتی ئێران ناگۆڕێت، كازمی لە تاران پەیامێكی گەیاند كە لەسەر بنەمای بەرژەوەندییەكانی هەردوو وڵات و دەستوەرنەدان لە كاروباری یەكتر هاوئاهەنگی دەكەن، ئەوە شێكی باشە.

زیاتر گوتی، پێم وایە ئەو بابەتانە لە چوارچێوەیەكی پرۆتۆكۆلیدا دەمێنێتەوە، واتە ئێران سیاسەتی خۆی لەسەر بنەمای وتار ناگۆڕێت، لێرەدا ململانێی دەسەڵات هەیە و هەریەك لە ئێران و سعوودیە و توركیا، سێ زلهێزی ناوچەكەن و ململانێیان لەسەر دەسەڵات لە ناوچەكە هەیە و كێ كاریگەری زیاتری هەبێت، بەتایبەتی لە عێراق، بۆیە لەسەر بنەمای لێدوانێكی عێراق باوەڕ ناكەم سیاسەتەكەیان بگۆڕن، لەو رووەوە سەردانەكە سەركەوتنی تەواوی بەدەست نەهێناوە، چونكە ئێران سیاسیەتی خۆی هەیە.

لای خۆیەوە جەمال كۆچەر، ئەرلەمانتارێكی تری كورد لە بەغدا بۆ "وشە" دەڵێت، كازمی تەنیا سەردانی تارانی كردووە، ناتوانین هەڵسەنگاندن بۆ سەردانەكەی كازمی بۆ تاران بكەین، چونكە دەبێت بەراورد لە نێوان دوو حاڵەت بكەین كۆن و نوێ، كازمی چووەتە ئێران، تاران تا ئێستە سەرۆك وەزیرەكانی عێراق وەك پاسدارێك مامەڵە دەكات، بۆیە دەبێت چاوەڕوان بكەین ئەو قسانەی لە ئێران پێی گوتراوە، جێبەجێیان دەكات یان نا، ئەگەر جێبەجێی كرد، واتە تەنیا دیاردەیەكی راگەیاندن بوو و وەك ئەوانەی پێشخۆیەتی بە شێوەیەكی تر.

زیاتر گوتی، ئەگەر كازمی هەڵوێستی گۆڕا و چووە سعوودیە و چەند رێككەوتنێكی ستراتیجی واژوو كرد و بچێت بۆ ئەمەریكا و چەند رێككەوتنێكی ستراتیجی بكات، ئەوكات دەتوانین بڵێیین شتێكی نوێ هەیە، بۆیە ئێستە كازمی لەژێر تاقیكردنەوەدایە، ئەوەی سعوودیە وا رێككەوت شا سەلمان نەخۆش كەوت، بۆیە ناتوانین بەراورد بكەین، ئەوكات دەتوانین ئەگەر ئەوەی لە ئێران پێی گوتراوە وەك خۆی جێبەجێی كرد، ئەوكات دەڵێین كازمی جلێكی نوێیە بۆ جەستەیەكی كۆن.

عامر فایز، ئەندامی لیژنەی پێوەندییەكانی دەرەوەی پەرلەمانی عێراق سەبارەت بە سەردانی مستەفا كازمی، بۆ هەریەك لە ریاز و واشنتن دووپاتی كردەوە كە سەردانەكەی بۆ ئەو دوو وڵاتە هەرە ماوە و هەڵنەوەشاوەتەوە، یەكەمیان بەهۆی نەخۆشكەوتنی شای سعوودیە بوو و كەی چاكبووەوە سەردانەكە دەبێت و سەردانی كازمی بۆ واشنتن لە مانگی داهاتوو دەبێت، كە ئەو سەردانانە مانای كرانەوەی عێراق بەرەو ناوچەكە و دنیا دەكەیەنن و عێراق دەتوانێت رۆڵی باشی هەبێت لە هێوركردنەوەی ناوچەكە بەهۆی پێوەندی باشی لەگەڵ هەمووان. 

لای خۆیەوە ئینتفاز قەنبەر، سیاسەتوانی عێراقی لە واشنتن دەڵێت، واشنتن گرنگییەكی زۆر بە سەردانی كازمی بۆ ئەمەریكا نادات، واتە كۆشكی سپی گرنگی بە سەردانەكە نادات، ئێستە ئەمەریكا لەناو هەڵبژاردنی سەرۆكایەتییە و لەو ساتانە تەنیا گرنگی بەو بابەتانە دەدرێت پێوەستن بەوە، بابەتی عێراق بۆ هەڵبژاردنەكان لابەلان و ئەوەی گرنگە میلیشیاكانن، ئەوانیش پێوەستن بە بوونی ئێران، رۆژنامەی "نیویۆرك تایمز"، رەخنەی لە ئەمەریكا گرتووە بەوەی ساڵانە 10 ملیار دۆلار دەداتە عێراق و پارەكە لە گەندەندەڵی لە رێگەی میلیشیاكانەوە خەرج دەكرێت، ئەو میلیشیایانەیش بۆ تاران كار دەكەن و ئەمەریكایش دژی ئەوەیە، رۆژنامەكە دەڵێت كازمی رۆڵی كارای نییە لە رووبەڕووبوونەوەی میلیشیاكان و ئەو گەندەڵییەی ئەنجامی دەدەن، بۆیە ئەو بابەتە پێوەستە بە ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریكا و پاراستنی هاوپەیمانەكانیەتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە سعوودیە و ئیسرائیل و هیتریش.

زیاتر گوتی، ئەگەر كازمی رووبەڕووی میلیشیاكان نەبێتەوە بە گرتن و راوەدوونانیان و نەهێشتنی گەندەڵیان، دەسەڵاتەكەی دەرناكەوێت، هەوڵەكانی كازمی بۆ بەڕێوەبردنی تەنگژە و دروستكردنی هاوسەنگی لە نێوان ئەمەریكا و ئێران سوودی نییە لەگەڵ حكوومەتی ترەمپ، ئەو پاڵپشتی ناكات، ئەمەریكا ساڵانە یارمەتییەكی گەورەی دارایی عێراق دەكات، ئێستە ئەگەر هەست بكات ئەو پارە دەدرێت بە میلیشیاكان، كە ئەوە روو دەدات، بۆیە ئەگەر كازمی ئەوە رانەگرێت، ترەمپ رەنگە كۆتایی بەوە بێنێت، كە ئاخۆ بۆچی پارە بەو میلیشیایانە بدەن كە مووشەكبارانیان دەكەن. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل

ئه‌م بابه‌ته 121 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌