نرخی نەوت هەڵکشا

:: PM:12:01:31/07/2020 ‌
دوای ئەو دابەزینە بەرچاوەی دوێنێ لە بازاڕەکانی دنیا تۆمار کرا ئەمڕۆ نرخی نەوت رووی لە بەرزبوونەوە کردووەتەوە و بەراورد بە نزمترین نرخی 24 سەعاتی رابردوو دوو دۆلار هەڵکشاوە.

بەگوێرەی dailyfx ئێستە هەر بەرمیلێک لە نەوتی برێنت بە 43 دۆلار و 50 سەنت دەفرۆشرێت و ئەم بەرزبوونەوەیەش لە کاتێکدایە دوێنێ پێنجشەم نرخی نەوت تا 41 دۆلار و 43 سەنت دابەزی.

لەو کاتەوە تا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە سەرووی دوو دۆلار لە نرخی نەوت بەرز بووەتەوە. هۆکاری سەرەکی دابەزینی نرخی نەوت لە 24 سەعاتی رابردوو پێوەندی بەوە هەیە لە سەرەتای مانگی ئابەوە بەرهەمهێنانی نەوت زیاتر بەرز دەکرێتەوە و بەگوێرەی رێککەوتنەکەی ئۆپێک پڵاس قۆناغ بە قۆناغ  قەبارەی بەرهەمهێنان بەرز دەکرێتەوە.

بە لەبەرچاوگرتنی ئاسۆی ئابووری دنیا و کەمیی خواست لەسەر نەوت، ئەم بەرزبوونەوەیە لە بەرهەمهێنان نیگەرانیی لێ کەوتووەتەوە و بۆیەش نرخەکەی دابەزیبوو.

هۆکاری سەرەکی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت پێوەندی بە راپۆرتی هەفتانەی نەوتی کۆگاکراوی ئەمەریکا هەیە
هۆکاری سەرەکی بەرزبوونەوەی نرخی نەوتیش بۆ ئەمڕۆ هەینی پێوەندی بە راپۆرتی هەفتانەی نەوتی کۆگاکراوی ئەمەریکا هەیە کە سەرووی 10 ملیۆن بەرمیل دابەزیوە. هەر جۆرە بەرزبوونەوە یان دابەزینێک لەم نەوتە کۆگاکراوە کاریگەریی لەسەر نرخەکە دەبێت.



وشە - سلێمان تاشان