"گۆڕین و نووسینەوەی دەستووری عێراق خەونە"

:: PM:02:40:31/07/2020 ‌
عەمار حەكیم سەرۆكی رەوتی نیشتمانیی عێراق داوای گۆڕینی دەستووری عێراق دەكات، ئەندامێكی پەرلەمانی عێراقیش رای دەگەیەنێت، نووسینەوەی دەستورێكی نوێ خەونە.

دوای ئەوەی عەمار حەكیم سەرۆكی رەوتی نیشتمانیی عێراق، بەپاڵپشتی بەشێكی پەرلەمانتارانی عێراق، هاوپەیمانی"عێراقیون"ی دروست كرد، داوای گۆڕینی دەستووری عێراق دەكات و رای دەگەیەنێت، دەستوورێكی نوێ پێویستە كە لەگەڵ خواستی گەلانی وڵات بگونجێت.

ئەمڕۆ هەینی 31ی تەمووز، نەهرۆ  مەحموود ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە "وشە"ی راگەیاند، ئەو لایەنانەی بانگەشەی ئەوە دەكەن، دەبێ دەستوورێكی تر بنووسرێتەوە، داواکارییەکەیان خەونە.

دەستووری عێراق یەكێكە لە باشترین دەستوور

ئەو روونی كردوە، دەستووری عێراق لە 2005 كاتێك نووسراوە، هەر ئەو كەس لایەنانە بوون ئەندامی نووسیونەوەی بوون، بۆیە گۆڕین و نووسینەوەی دەستوور بە كودەتا نەبێت نابێ.

نەهرۆ مەحموود دەڵێت،" هۆكاری گۆڕینی دەستوور دەبێت بگوترێ، بۆچی و لە پێناو چی دەیگۆڕن؟ لەبەر ئەوەی دەستووری عێراق یەكێكە لە باشترین دەستوور. دواتر سێ پارێزگا لە عێراق لە راپرسی دەنگی بە گۆڕانكار و نووسینەوەی نەدات، ئەوا پڕۆسەكە فەشەل دەهێنێت".

دەستوری عێراق لە 2005 بە بەشداری هەموو پێكهاتەكانی عێراق، بەسەرپەرشتی ئەمەریكا و هاوپەیمانان نووسرایەوە، لەوكاتەوە گۆڕانكاری تێدا نەكراوە، بەڵام دوای خۆپێشاندانەكانی 2019 ی عێراق، پەرلەمانی عێراق لیژنەیەكی 18 كەسی لە كورد، عەرەب و توركمان بۆ هەمواركردنەوەی دەستووری عێراق پێكهێنا، بەڵام كارەكانی دوای ماوەیەك راگیرا.  



وشە - زریان تەها