"سەرۆك وەزیرانی عێراق بە رێیەكدا دەڕوات مینڕێژ كراوە"

:: PM:03:58:31/07/2020 ‌
لەگەڵ رژدبوونی هەنگاوەکانی کازمی بۆ دەست بەسەرداگرتنی سەرچاوەی دارایی میلیشیاکان، رۆژانە لەلایەن ئەو هێز و گرووپانە مووشەك ئاراستەی ناوچە جیاوازەكانی بەغدا دەكرێت. سەرۆكی ئەنستیتیوتی توێژینەوەی  ئەمەریكی-كوردی رای دەگەیەنێت، سەرۆك وەزیران بەرێیەك دەڕوات كە هەمووی مینڕێژ كراوە.

ئەمڕۆ هەینی 31ی تەمووز، شانەی راگەیاندنی ئەمنی عێراق لە راگەیەنراوێكدا بڵاوی کردەوە هێزە تەناهییەكانی عێراق لە ناوچەی جبوور شەعارە نزیك فەوجی یەكی  لیوای 24ی ماشاە لە تیمی شەش لە بەغدا، توانیویانە مووشەكێكی جۆری کاتیۆشا هەڵگرنەوە پێش ئەوی بتەقێتەوە.

سەرۆك وەزیران ناتوانێت بەشەو و ڕۆژێك هەموو ئەو كارانە ئەنجام بدات

كارۆخ خۆشناو سەرۆكی ئەنستیتیوتی توێژینەوەی ئەمەریكی-كوردی بە "وشە"ی راگەیاند،  ئەركی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ كۆتاییهێنان بە چالاکی میلیشیاکانی سەر بە ئێران لە عێراق، وەك ئەوە وایە بەناو رێیەك بڕۆی، لەهەمان كات بزانیت ئەو ناوچەیە مینڕێژ كراوە و هەموو ساتێک مەترسی هەیە یەکێک لەمانە بتەقێتەوە.

ئەو روونی كردوە، سەرۆك وەزیران بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو مەترسییانە سیاسەتی نەرم پێڕەو دەكات، لەبەر ئەوە عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای عێراق پێی گوتووە، "پاڵپشتیت دەكەم بەمەرجێك خوێن نەڕژێت". 

هاوكات ئەمەریكا بەئاشكرا پشتی گرتووە بۆ زاڵبوون بەسەر میلیشیاكان و رزگاركردنی عێراق لە ژێر هەژموونی ئێران، بەڵام  بەگوتەی خۆشناو سەرۆك وەزیران ناتوانێت بەشەو و ڕۆژێك هەموو ئەو كارانە ئەنجام بدات.

مستەفا كازمی لەدوای دەست بەكار بوونی وەك سەرۆك وەزیرانی عێراق، یەكێك لە هەنگاوەكانی بۆ زاڵبوون بەسەر میلیشیاكانی عێراق دەستی داگرتووە بەسەر سەرچاوەی دارایی ئەو هێزانە، لەرێی كۆنتڕۆڵكردنەوەی خاڵە سنوورییەكانی عێراق. لایەنە شیعەکان بەو مەرجە مستەفا كازمیان كردە سەرۆك وەزیران كە دەستی حەشدی شەعبی و میلیشاكانی لەو سنوورانە کورت بکاتەوە.


وشە - زریان تەها