سلێمانی.. بازاڕی قوربانی گەرمە و هەزاران سەر ئاژەڵ سەردەبڕدرێن

:: PM:06:09:31/07/2020 ‌

بەپێی زانیارییەكان لە كوشتارگەی سلێمانی، ئەمساڵ بەرارود بە ساڵی رابردوو هاووڵاتییان زیاتر قوربانیان كردووە، پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە كوشتارگەی سلێمانی دەست كراوە بە سەربڕینی ئاژەڵ بۆ قوربانیكردن و هەزاران ئاژەڵ سەربڕدراوە و چەندان رێكخراوی خێرخوازی بە مەبەستی قوربانیكردن ئاژەڵەكانیان دەبەنە ناو كوشتارگە، بۆ ئەوەی بە شێوەی تەندروست و لە چوارچێوەی ڕینموێنییەكان سەرببڕدرێن و بەسەر هاووڵاتییان و دابەش بكرێن.

لە لایەكی تر كوشتارگەكە بەهۆی زۆری قوربانیكردن، بریاری داوە ئەم چەند رۆژە كاری چاككردنەوە لە كوشتارگەكە ڕابگرێت و ئاژەڵ بۆ هاووڵاتییان سەر ببڕێت، بە بەراورد بە ساڵی رابردوویش قوربانیكردن لە ناو كوشتارگە زیاتر بووە و پێشبینی دەكرێ تەنیا لە ناو كوشتارگە سەرووی سێ هەزار سەر ئاژەڵی گەورە و بچووك سەر ببڕدرێت، لە ماڵانیش دەیان هەزار سەر ئاژەڵ سەر بڕدراوە و سێ رۆژی داهاتوویش بەردەوام دەبێت.
بەرارود بە ساڵی رابردوو هاووڵاتییان قوربانی زیاتریان كردووە
سۆران غەفوور، بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی سلێمانی بە "وشە"ی راگەیاند، بڕی هاوردەی ئاژەڵ بۆ سێ مانگ كە دیاری كرابوو  15 هەزار سەر ئاژەڵی گەورە بوو، بەهۆی جەژنەوە، كە هاووڵاتییان قوربانی دەكەن زیاتر هاوردە كرابوو، ئەمە جگە لەوەی لە ناوخۆیش  هەزاران سەر ئاژەڵی گەورە و بچووك بەهۆی جەژنی قوربان و قوربانیكردنەوە سەردەبڕدرێن.

زیاتر گوتی، ئەمساڵ بەپێی رێژەی هاوردە و ئەو بڕە ئاژەڵەی لە ناوخۆ هەیە و ئەو كوشتنەوەی لە سەربڕخانەی سلێمانی كراوە، زۆرترین قوربانی و ئاژەڵ سەربڕدراوە، سەرەڕای ئەو قوربانیكردنەی كە هاووڵاتییان لە ماڵەكانی خۆیان دەیكەن، چونكە تەنیا بەشێكی زۆر كەمی هاووڵاتی لە كوشتارگە قوربانی دەكات.

كامەران عەبدوڵا، بەڕێوەبەری شارەدێی گاپیڵۆن لە شارۆكەی شارباژێڕ، ئەمڕۆ هەینی 31ی تەمووز بە "وشە"ی راگەیاند، لە سنووری شارەدێكەیان قوربانی بە رێژەی جیاواز كراوە، ئەمەیش نەریتێكی ئاینییە و ساڵانە لە جەژنی قورباندا موسڵمانان پێی هەڵدەستن.

روونی كردەوە، لە سەنتەری شارەدێی گاپیڵۆن، گوندەكانی بەرزەدێ، مالومە و چەند گوندێكی تر، قوربانی كراوە و چاوەڕوان دەكرێ لە رۆژانی تری جەژنیشدا بەردەوامی هەبێت.

هاوكات عەلی محەمەد، دانیشتووی گوندی مالومەی سەر بە شارەدێی گاپیڵۆن بە "وشە"ی راگەیاند، رێژەی قوربانی لەمساڵدا لە پارساڵ زیاتر بووە، بەجۆرێك ئەمڕۆ كە یەكەم رۆژی جەژنی قوربان بوو، زۆرترین ئاژەڵ كراوەتە قوربانی.

لە لایەكی ترەوە، بەپێی زانیارییەكانی "وشە"، لە گوندی مایندۆڵی سەیدسادقیش، هاووڵاتییانی گوندەكە 83 سەر ئاژەڵیان كردووە بە قوربانی، بەشێكی گۆشتەكەی بەسەر خەڵكی گوندەكە دابەش كراوە و بەشێكی تریشی بەسەر گوندەكانی دراوسێی ئەو ‌گوندە و هەندێ ماڵی سەیدسادق كە شایستە بوون. 

سلێمانی/ هۆشیار عەلی و هەستیار عەبدوڵا



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل