رێككەوتنی هەولێر و بەغدا نزیكە و دوای جەژن گفتوگۆ دەست پێ دەكەنەوە

:: PM:07:36:31/07/2020 ‌

لە ماوەی رابردوو چەندان ئاماژەی ئەرێنی سەبارەت بە گەیشتنی هەرێم و بەغدا بە چارەسەری بۆ كێشەی پارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم و نەوت و دەروازە سنوورییەكان هەبوو، پەرلەمانتارێكی كورد لە بەغدا دووپاتی كردەوە كە پێشوەچوونی باش هەیە و دوای جەژن شاندی هەرێم سەردانی بەغدا دەكات بۆ رێككەوتنی كۆتایی.
هەولێر و بەغدا ئامادەسازی تەواویان هەیە بۆ واژووكردنی رێككەوتن
مەیادە نەجاڕ، ئەندامی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق بە "وشە"ی راگەیاند، نزیكبوونەوەیەكی زۆر باش هەیە و دوای جەژن شاندی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدا دەكات بۆ واژووكردنی رێككەوتن، روونی كردەوە، هیوادارین ئەوجارە رێككەوتنێكی كۆنكرێتی لەگەڵ بەغدا ساز بكرێت بۆ ئەوەی فەرمانبەر و مووچەخۆرانی هەرێم لە دڵەڕاوكێ دوور بن.

زیاتر گوتی، بێگومان وەك لە ئاماژەكان دیارن، لێكنزیكبوونەوەی زۆرباش لەلایەن هەردوولا هەیە و هەردوولا ئامادەسازی تەواویان هەیە و دەربڕیوە بۆ واژووكردنی رێككەوتنی نێوانیان، بەتایبەتی هەرێمی كوردستان زۆر رژدن لە گەیشتن بەو رێككەوتنە.

سەبارەت بە كاتی جێبەجێبوونی ر‌وێككەوتنەكە لەسەر زەوی و رەوانەكردنی مووچە لەبەغداوە، ئەو پەرلەمانتارە روونی كردەوە، رێككەوتنەكە دوای واژووكردنی، بەزووترین كات جێبەجێ دەبێت، چونكە دۆخی هەرێمی كوردستان لەوە زیاتر بەرگە ناگرێت، كە بەغدا خۆی بدزێتەوە، دووپاتی كردەوە، یەكێك لەو خاڵانەی ئەگەری رێككەوتن بەهێزتر دەكەن، ئێستە عێراق لە دۆخێكی وادا نییە كێشەی زیاتر بۆخۆی درەست بكات، بەتایبەتی هەرێم رۆڵی دیاری هەیە لە پاراستنی دۆسیەی ئاسایشی عێراق.

لەلایەكی تر وەك میدیاكانی عێراق بڵاویان كردووەتەوە، سەرچاوەیەكی نزیك لە حكوومەتی عێراق ئاشكرای كردووە كە بەمنزیكانە شاندێكی هەرێم سەردانی بەغدا دەكات و باسی رادەستكردنی رێژەیەك نەوتی هەرێم و داهاتی دەروازە سنوورەكان بەرانبەر بە رەوانەكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەكەن، ئەوەیش بە ناوەندگیری ئەمەریكی و ئەوروپایی.

زیاتر گوتی، دوای جەژن شاندی هەرێم بۆ واژووكردنی رێككەوتنی كۆتایی سەردانی بەغدا دەكات، ئەوان هەموو كێشەكانیان لەوبارەوە كۆتایی پێ هێناوە و رێككەوتن كراوە بەوەی هەرێم بڕی 250 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە و 50%ی داهاتی دەروازە سنوورییەكان بداتە بەغدا، بەڵام ئەوان تا ئێستە لەسەر ئەو بڕە پارە رێكنەكەوتوون كە بەانبەر بەوانە بەغدا دەیداتەت هەرێم، گفتوگۆ هەیە بەوەی 50 ملیار دیناری زیاتر بۆ مووچەی پێشمەرگە بدرێتە هەرێم، ئاشكرایشی كرد كە ناوەندگیرییەكی ئەمەریكی و ئەوروپی هەبووە بۆ گەیشتن بەو رێككەونە.  





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل