وادەی هەڵبژاردنی پێشوەختە لە عێراق دیاری كرا

:: PM:08:51:31/07/2020 ‌

لەكاتی سەردانیكردنی مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ پارێزگای بەسڕە، بەڵێنی دا لە ماوەیەكی نزیك وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە دیاری بكات، دوێنێ لەگەڵ كۆمسیۆنی هەڵبژاردن كۆبووەوە و ئەمڕۆ وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختەی لە عێراق دیاری كرد.
پەرلەمانێك بەرهەم بێت بەرجەستەی خواست و ویستی جەماوەر بكات
ئەمڕۆ كازمی لە میانی لێدوانێكی تەلەڤزیۆنیدا 6ی حوزەیرانی 2021ی وەك وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختە لە عێراق دیاری كرد و بەڵێنی دابینكردنی پێداویستییەكانی پرۆسەكە و پاراستنی هەموو هێزە بەشدارەكانی تیادا دا، زیاتر گوتی، بەڵێنی ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی پاك و دادوەرانە دەدەین، كە پەرلەمانێك بەرهەم بێنێت بەرجەستەی خواست و ویستی جەماوەر بكات.

زیاتر گوتی، چەندان ململانێی ناوخۆیی و دەرەكی لە عێراق هەن كە هەڕەشە لە ئاسایش و سەروەری وڵات دەكەن، بەڵام هیچ چارەسەرییەك نییە بێ گەڕاندنەوەی سەروەری دەوڵەت، هەوڵێكی زۆرمان داوە بۆ ئامادەكردنی نووسراوێكی چاكسازی و زیندووكردنەوەی ئابووری عێراق و كاراكردنی هەردوو كەرتی پیشەسازی و كشتوكاڵ.

كازمی دووپاتی كردەوە، رووبەڕووی چەندان هەوڵ بووینەوە بۆ بردنی عێراق بۆ ناو ململانێی ناوچەیی و نێودەوڵەتی، هاوكات سوورین لەسەر تەواوكردنی یەكەم قۆناغی گفتوگۆی ستراتیجی لەگەڵ ئەمەریكا و ئەوەندە پێویستمان بە بوونی سەربازی لە عێراق نییە، ئەوەندەی پێویستمان بە چەك و مەشق و راهێنان و پاڵپشتی ئابووری و كولتووری ئەو وڵاتە هەیە. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل