شارەزایەك: هەڕەشەكردن لە كازمی بەهۆی ترسە لە هەنگاوەكانی

:: PM:09:32:31/07/2020 ‌

ئەمڕۆ بەرپرسی تەناهی كەتیبەكانی حزبوڵای عێراقی لە لاپەڕی خۆی لە تویتەر، هەڕەشەی لە مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق كرد بەهۆی تێوەگلانی لە كوشتنی قاسم سلێمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس، شارەزایەكی سیاسی عێراق ئاماژە دەكات ئەو هەڕەشانە مەترسی ئەوان لە هەنگاوەكانی كازمی دەردەخات. 
هەڕەشەكە بەیاننامەی فەرمی نییە و تەنیا لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانە
ئەحمەد خزر، شارەزای سیاسی عێراق لەو بارەوە بە"وشە"ی گوت، تا ئەو ساتەیش بەیاننامەی فەرمی دەرنەچووە لەبارەی ئەو هەڕەشانەوە، ئەوەی هەیە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاو كراوەتەوە، ئەوەیش وا دەكەن كە 100% بە رژدی وەرنەگیرێن و رەنگە راستیش نەبن، لەگەڵ ئەوەیش وای دەبینین كە چەند لایەنێك هەن هەوڵی دروستكردنی پشێوی لە پرۆسەی سیاسی دەدەن و هەوڵی سەپاندنی سیاسیەتی نائارامی لە عێراق دەدەن.

زیاتر گوتی، هۆكاری ئەوەیش ترسی ئەوانە لە لێپرسینەوە لە گەندەڵكاران و دروستبوونی قەوارەی سیاسی نوێنەرایەتی خۆپێشاندەران بكات، كە خەریكە دێنە گۆڕەپان و بەهێز خۆیان دەسەلمێنن، لە بەرانبەردا لاوازییەكی دیار هەیە لەو هێزە سیاسییانەی كۆنترۆڵی پارێزگاكانی ناوەڕاست و باشووریان كردووە لە رووی بنكەی جەماوەرییەوە، بۆیە ئەو هەڕەشانە تەنیا بەوجۆرە حسێبیان بۆ دەكرێ ترسێكە لە هەنگاوەكانی داهاتووی كازمی لە سیاسەتی ناوخۆیی و دەرەكییەوە.

روونی كردەوە، هیچ لێكدانەوەیەكی تر بۆ ئەو هەڕەشانە نییە، تەنیا لەو ئاراستەیە نەبێت، ئەوە ئەگەر هەڕەشەكان راست بن، چونكە چاودێری میدیاكان دەكەین و ئەوەی تا ئێستە هەیە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانە و لە كەسانی نادیار دەرچووە نەوەك بەیاننامەی فەرمی، بۆیە تەنیا مەبەست لێیان هەنگاوەكانی داهاتووی كازمییە لە دژی قەوارەكانیان.   



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل