بە وێنە.. جارێکی تر ئاگر لە بازاڕی میوەفرۆشیی شارەزوور کەوتەوە

:: PM:02:00:01/08/2020 ‌
بۆ جاری دووەم لە ماوەی ساڵێکدا، ئەمڕۆ شەموو ئاگر لە بازاڕی میوەفرۆشانی شارۆکەی شارەزوور کەوتەوە، بەهۆیەوە زیانێکی زۆر بەر دووکانداران کەوت.

ئەمڕۆ شەموو یەکی ئاب، بۆ دووەم جار لە ماوەی ساڵێکدا، ئاگر لە بازاری میوەفرۆشانی شارۆکەی شارەزوور کەوتەوە و بەهۆیەوە دەیان دووکان سوتان، سەرۆکی شارەوانیی شارەزوور دەڵێ، دەست بە لێکۆڵینەوە لە هۆکاری سووتانی بازاڕەکە کراوە.

سالار ئەحمەد، سەرۆکی شارەوانیی شارەزوور بە "وشە"ی راگەیاند، نیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە، بە هۆکارێکی نادیار ئاگر لە بازاڕی سەوزە و میوەفرۆشانی شارەزوور کەوتەوە و دوای چەند سەعاتێک لە هەوڵی بەرگری شارستانیی، توانرا ئەو ئاگرە کۆنترۆڵ بکرێت.

گوتیشی، هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکە دیار نییە و دەست بە لێکۆڵینەوە کراوە بۆ ئەوەی هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکە بزانرێت، هیچ زیانی گیانی نەبووە و تەنها زیانی ماددی هەبووە.

ئەوەش لە کاتێکدایە ساڵی رابردوو جەژنی قوربان واتە ساڵێک پێش ئێستە، ئاگر لەو بازاڕە کەوتەوە و بەهۆیەوە دەیان دوکانی هاوڵاتیانی دەستگێڕ سووتان و زەرەرمەندانی ئەو ئاگرە قەرەبوو نەکرانەوە.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی


وشە - ڕێناس شابان